كارنامەی سەردانەكەی پاپا بۆ عێراق

:: PM:09:34:03/03/2021 ‌

بڕیارە هەینی داهاتوو پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان بە سەردانێكی مێژوویی بگاتە عێراق و سەردانی بەغدا و هەرێمی كوردستان و سێ پارێزگای تری عێراق بكات.

سەرەتا پاپا رۆژی هەینی داهاتوو دەگاتە بەغدا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بەفەرمی پێشوازی لێ دەكرێت، هەر لەناو فڕۆكەخانە لە هۆڵی (ڤی ئای پی)، چاوی بە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەوێت، دوای ئەوە رێورەسمی پێشوازیكردنی لە كۆشكی كۆماری لە بەغدا بۆ ساز دەكرێت و چاوی بە سەرۆك كۆمار دەكەوێت.

پاپا چەند دیدارێك لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دیپلۆماتكاران لە هۆڵی كۆشكی كۆماری ساز دەكات، هەروەها چاوی بە قەشە و پیاوانی ئاینی و هاووڵاتییان و وتارخوێن و مامۆستایان لە كلێسای "سەیدە نەجات" لە بەغدا دەكەوێت.

دواتر رۆژی شەموو پاپا سەردانی نەجەف دەكات و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە كۆ دەبێتەوە، ئینجا سەردانی شاری دێرینی ئوور لە پارێزگای زیقاڕ دەكات، بەر لە گەڕانەوەیشی بۆ بەغدا وتەیەك لەوێ پێشكەیش دەكات.
دووشەم لە بەغداوە دەگەڕێتەوە رۆما
رۆژی یەكشەم لە بەغداوە دەگاتە هەولێر و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر چاوی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی ئاینی و حكوومەتی هەرێم دەكەوێت، دوای ئەوە سەردانی شاری مووسڵ دەكات، ئینجا دەگاتە قەرەقووش و لەوێ لە كلێسای "حەبل بلا دەنس"، وتارێك پێشكەیش دەكات، پاپا رۆژی دووشەم كۆتایی بە سەردانەكەی دێنێت و لە فڕۆكەخانەی بەغدا بەرەو رۆما لە ئیتاڵیا بەڕێ دەكەوێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل