پزیشكانى سه‌نته‌ره‌كانى نه‌شته‌رگه‌رى جوانكارى له كوردستاندا راى ده‌گه‌یه‌نن، زۆرینه‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانیان پێوه‌ندى به لووت هه‌یه و هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌ش نه‌شته‌رگه‌رى بۆ لووتیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام كچان به ژماره‌یه‌كى زیاتر.
شارا مه‌ولوود ته‌مه‌ن 21 ساڵ، قوتابیى زانكۆ و دانیشتووى هه‌ولێره، له هۆڵى یه‌كێك له كلینیكه‌كانی جوانكاری دانیشتووه و چاوه‌ڕوانى بینینى پزیشك ده‌كات. ئه‌و به"وشه"ى گوت، "هه‌ست ده‌كه‌م ناڕێكى له لووتمدا هه‌یه، ده‌مه‌وێ وه‌ك كچانى تر كه لووتى خۆیان به گه‌وره ده‌بینن، نه‌شته‌رگه‌رى بكه‌م".
شارا وه‌ك چه‌ندان كچى تر‌ى هاوته‌مه‌نى یان گه‌وره‌تر له خۆى، ده‌یه‌وێت رووخسارێكى "جوانتر"ى هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه په‌ناى بۆ نه‌شته‌رگه‌رى جوانكارى بردووه. ئه‌و ده‌ڵێ، "چه‌ند هاوڕێیه‌كمان نه‌شته‌رگه‌رى لووتیان ئه‌نجام دا و هه‌موو ئه‌وانى تر پێیان وابوو كه زۆر جوان بوون، منیش بڕیارم دا نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه بكه‌م".
د. فه‌رهاد عه‌زیز پسپۆڕی جوانكاری و قورگ و لووت و گوێ، بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی داوای جوانكاری ده‌كه‌ن، زیاتر داوای جوانكردنی لووتیان ده‌كه‌ن، "له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ی لووت ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی ده‌موچاو و زۆریش به‌رچاوه، هه‌روه‌ها ئێسته به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان سه‌ركه‌وتوون، ئه‌مه‌ش فاكته‌رێكی تره بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بڕوا به نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان بكه‌ن و سه‌ردانی پزیشك بكه‌ن".
زیاتر ده‌ڵێ، "به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له‌كاتی گفتوگۆكردندا سه‌رنج له‌سه‌ر چاوه‌كان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هاتوو لووت ناڕێكی تێدابوو، ئه‌وا ئه‌و سه‌رنجه‌كه نامێنێت و نه‌گونجان ڕوو ده‌دات، بۆیه به ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری چاو جوانتر ده‌رده‌كه‌وێت".
ئه‌وانه‌ى بۆ نه‌شته‌رگه‌رى جوانكارى سه‌ردانى ئه‌و پزیشكه پسپۆڕه ده‌كه‌ن، باس له هۆى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه ده‌كه‌ن، به‌شێكیان ناڕێكى یان شێوه‌یه‌ك له خوارى له لووتیاندا هه‌یه و به‌شێكیان وه‌ك ئه‌و باسى ده‌كات، ده‌یانه‌وێت شێوه‌ى لووتیان له كه‌سایه‌تییه‌ك یان هونه‌رمه‌ندێك بچێت، به‌ڵام "ئێمه ئامۆژگارییان ده‌كه‌ین كه مادام له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌یه‌ك له لووتیاندا نییه، پێویست ناكات ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه بكه‌ن".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك پزیشكه‌كه ده‌ڵێ، "به‌شێكی زۆری نه‌خۆشه‌كان كێشه‌یان له درێژی یان گه‌وره‌یى یان پانی و ته‌پینی لووت هه‌یه، به‌رێژه‌ى 80%ى كێشه‌كه پێوه‌ندى به ناوه‌وه‌ى لووتیانه‌وه هه‌یه، به تایبه‌ت خواربوونی كۆڵه‌كه‌ی لووت، كێشه‌یه‌كی باوی لووته كه به‌و هۆیه‌وه ناتوانێت هه‌واش به باشی وه‌ربگرێت. بۆیه له‌گه‌ڵ جوانكارییهكهدا چاره‌سه‌ری لووتی بۆ ده‌كه‌ین و كه‌سه‌كه به‌هۆی جوانكاری و باشكردنی لووتییه‌وه له ڕووی ده‌روونییه‌وه ئاسووده ده‌بێت".
به‌گوته‌ى د. دیمه‌ن پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری، رۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ى ئه‌وانه‌ی په‌نا بۆ نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری ده‌به‌ن، له زیادبووندایه و به‌شێكی به‌رچاویش له‌وانه قوتابییانی زانكۆكانن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ته‌نگژه‌ى دارایی نه‌بووه‌ته رێگر له ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه. به بڕوای ئه‌و پزیشكه، "ئێسته له هه‌ر 20 ئافره‌تێك یه‌كێكیان جوانكارییان ئه‌نجام داوه و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌وانه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ته‌مه‌نیان له نێوان 20 بۆ 45 ساڵدایه".
د. دیمه‌ن روونى ده‌كاته‌وه، "به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان 30-40 ساڵدایه، زیاتر داوای نه‌شته‌رگه‌ری گه‌وره‌كردنی لێو و روومه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌شی ته‌مه‌نیان له سه‌رووى 40 ساڵه‌وه‌یه به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی چرچی له پێستی ڕووخساریان، په‌نا بۆ فیله‌ر و بۆتۆكس ده‌به‌ن و ئه‌وه‌ش ده‌بێت ساڵانه بۆیان دووباره بكرێته‌وه. هه‌ندێكیش كه ژماره‌یان كه‌مه، داوای جوانكاری بۆ جه‌سته‌یان ده‌كه‌ن و ئافره‌تی وا هه‌یه سنگی بچووكه و داوای گه‌وره‌كردنی ده‌كات، هه‌یه به پێچه‌وانه‌وه پێی خۆشه سنگی بۆ بچووك بكه‌ینه‌وه".
ئه‌نجامدانی جوانكاری به‌لای توێژه‌رانی ده‌روونی، بۆ چاولێكه‌ری و پڕوپاگه‌نده‌ى به‌ربڵاوى سه‌نته‌ره‌كانى جوانكارى ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان رووخساریان جوان نییه و به‌و هۆیه‌وه هه‌ستێكى خراپى ده‌روونییان بۆ دروست ده‌بێت، ئه‌وه‌ش هه‌مان بۆچوونى نه‌وزاد خالید توێژه‌رى ده‌روونییه.
ئه‌و به "وشه" ده‌ڵێ، "به‌هۆی بایه‌خدان به وێنه‌ی سێلفی كه بووه‌ته باو له‌ناو گه‌نجاندا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن زیاتر بایه‌خ به ڕووخساریان بده‌ن، كه پێچه‌وانه‌ی چه‌ندان ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه كه به‌هۆی كه‌می مۆبایل و وێنه‌گرتن، زۆر به‌كه‌می و ته‌نیا له بۆنه و ئاهه‌نگه‌كان كوڕان و كچان خۆیان ده‌ڕازانده‌وه، به‌ڵام ئێسته وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌موو ڕۆژ بۆ شایی بانگ كرابن، ئه‌وه‌نده بایه‌خ به‌ڕووخسار و پۆشتهییان ده‌ده‌ن".
هه‌ولێر/ ماكوان عیزه‌ت