پاپا فرانسیس گه‌شته‌كانى بۆ كوردستان و عێراق ده‌ست پێ كرد

:: AM:10:19:05/03/2021 ‌
سه‌عات نۆ و 40 خوولەکى به‌یانى بە کاتی هەولێر، پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی فیومیچینۆ لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیاوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و  دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى پێنجى ئادار، پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان، بە فڕۆکەیەک لە ڕۆماوە بەرەو عێراق بەڕێکەوت بەپێی خشتەی ئەو گەشتەیش، سه‌عات دووى دوا نیوەڕۆ دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێ دەکرێت.

پاپا فرانسیس 266 هەمین پاپای ڤاتیکانه‌، کە بە پاپا فرانسیسی یەکەمیش دەناسرێت، لە ڕۆژی سێی ئاداری ساڵى 2013 دواى ئەوەی پاپا بێنێدیکتی 16 هەم بەهۆی بەساڵاچوونی و لاوازیی جەستەیی، دەستی لە کار کێشایەوە، بە زۆرینەی دەنگی کاردیناڵەکانی کەنیسەی کاسۆلیك، لە کەنیسەی سیستیەنی ڤاتیکان بە ڕێبەری پایتەختی کاسۆلیکەکانی دنیا هەڵبژێردرا.

بەگوێرەی بەرنامەی ڕاگەیەنراوی پاپا فڕانسیس و تیمی پرۆتۆكۆڵی ڤاتیكان، بڕیارە ئه‌مڕۆ هه‌ینى بگاتە بەغدا. بڕیاریشە دواتر پاپای ڤاتیكان سەردانی نەجەف بكات و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجی باڵای شیعەكان كۆببێتەوە، لەوێوە سەردانی شاری شوێنەواری ئووری 16 كیلۆمەتر لە خوار شاری ناسڕییەوە لە باشووری عێراق بكات. پاپای ڤاتیكان ڕۆژی یەكشەم حەوتی ئاداری ئەمساڵیش سەردانی هەولێر دەكات و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و پیاوانی ئاینی پێشوازی لێ دەكرێت.

سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان سێ ڕۆژ دەخایەنێت، ئەمەیش یەكەم گەشتی پاپا دەبێ بە درێژایی زیاتر لە 20 مانگ، چونكە پاپا بە درێژایی ئەو ماوەیە گەشتی نێودەوڵەتی نەكردووە.

پاپا فرانسیس كاردینال (خۆرخێ ماریۆ بێرگۆ ) كە بەناوی (پاپا فرانسیس)ەوە ناو دەبرێت، خۆرخێ لە دایكبووی 17ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1936ـە لە بوێنس ئایریسی پایتەختی ئەرجەنتین هاتووەتە دنیاوە. فڕانسیس كەسایەتی كریستیانی ئەمەریكای لاتینییە و یەكەمین كەسی ئەمەریكای لاتینییە لە مێژووی ڤاتیكاندا، كەسێك لە ئەمەریكای لاتین بە ڕابەری كاسۆلیكەكانی دنیا دێتە هەڵبژاردن، فڕانسیس لە ڕۆژی 13ی ئاداری ساڵی 2013 بە پاپای ڤاتیكان هەاتە هەڵبژاردن و جێی پاپا بندیكتۆسی‌ شانزەیەمی گرتەوە كە ناوبراو لە 16ی شوباتی ساڵی 2013 دەستی لەكار كێشابووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سێ جار لەسەر نشوستی هێنا بۆ بوون بە پاپای ڤاتیكان، فڕانسیس خاوەن پلەی ماستەرە لە بواری فەلسەفە و خواناسیدا لە زانكۆی بۆینس ئایریسی ئەرجەنتین هاوكاتیش خاوەن پلەی ماستەرە لە زانستی كیمیا لە هەمان زانكۆدا.


وشە - محەمەد میران