سه‌رۆك بارزانی: ڕاپەڕین هەنگاوێكی مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بوو

:: AM:10:39:05/03/2021 ‌
سه‌رۆك بارزانی، به‌ بۆنه‌ی یادی ده‌ستپێكی ڕاپه‌ڕینی پێنجی ئادار، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ هه‌ینى پێنجى ئادار، لە یادی 30 ساڵەی ڕاپەڕینی ئاداری ساڵى 1991ی گەلی کوردستان، سەرۆك مه‌سعوود بارزانی له‌ په‌یامێكدا ڕاى گه‌یاند، "بە بۆنەی 30مین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم چین و توێژ و هاووڵاتییانی كوردستان دەكەم."

زیاتر هاتووه‌، "ڕاپەڕین، ڕەتكردنەوەی ستەم و داگیركاری بوو و لە هەمانكاتیشدا هەنگاوێكی مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بوو بۆ دەستپێكی قۆناغێكی گرنگ لە خەباتی گەلەكەمان. ئامانجی ڕاپەڕین گەڕاندنەوەی خاك و ماف بوو بۆ گەلی كوردستان كە ماوەیەكی زۆر بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن و زۆرداری لە خەڵكی كوردستان زەوت كرابوو. ڕاپەڕین بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان بتوانێ لەسەر خاكی خۆی و لە چوارچێوەی پڕۆسەیەكی دیموكراتی و دامەزراندنی دامودەزگەی شەرعی، ئازادانە مافەكانی خۆی پیادە بكات."

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "لەو یادە پیرۆزەدا دووپات لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بۆ تاهەتایە بەرز و بەرقەرار بمێننەوە و بە هیچ شێوەیەك نابێ ئامانج و دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین بە لاڕێدا ببرێن و لە بابەتی لاوەكی و سنوورداری تردا بچووك بكرێنەوە. گەلی كوردستان خەباتی كرد و خوێنی دا و ڕاپەڕی بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بژیێت و هەر كەس و لایەنێكیش بیەوێت لە بەها و ئامانجەكانی ڕاپەڕین كەم بكاتەوە لە ڕاستیدا ناپاكی لە خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكات. لە بەرانبەریشدا بە سەدانهەزار ڕۆڵەی کوردستان ئامادەن بەرگری لە ئامانج و بەها بەرزەکانی راپەڕین بکەن."

راپەڕینی گەلی كورد لە باشووری كوردستان، لە پێنجی ئاداری ساڵى 1991 لە سەعات 9:00ـی سەرلەبەیانی بە فەرمی لە ڕانیە دەستی پێ كرد. لە هەموو لاوە خەڵك ڕژانە سەر كووچە و كۆڵان و شەقامەكان، لە ڕادیۆكان و بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە خەڵك بۆ ڕاپەڕین هان دەدرا. پاشان جەماوەر هەڵیانكوتایە سەر داودەزگاكانی حكوومەت. سەعات 3:00ـی سەر لە ئێوارەیش سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاك كرایەوە. هەمان ڕۆژ چوارقوڕنە و حاجیاوا و دەشتی بیتوێن و سەربازگەی سەركەپكان ئازاد كران، جگە لە تیپی 44ـی چوارقوڕنە، 50 كەس لە ڕژێم كوژران و 10 كەسیش لە هاووڵاتییان شەهید بوون، ژمارەیەكی زۆریش لە پیاوانی ڕژێم گیران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە مێژووی كورددا بە ڕۆژی ڕاپەڕین و ڕانیەیش بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسرا.


وشە - محەمەد میران