دیداری پاپا فڕانسیس و عەلی سیستانی دەست پێ‌ دەكات

:: AM:08:46:06/03/2021 ‌
بڕیارە پاش كەمێكی تر كۆبوونەوەی پاپا فڕانسیس و ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان دەست پێ‌ بكات.

ئەمڕۆ شەموو شەشی ئادار، ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی بڵاوی كردووەتەوە ئێستە پاپا فڕانسیس بۆ دیداری ئایەتەوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان بەڕێكەوتووە.

بڕیارە ئەو كۆبوونەوەیە لە شاری نەجەف بەڕێوە بچێت و بەیەكێك لە كۆبوونەوە گرنگەكانی پاپا دادەنرێت لە گەشتەكەی بۆ عێراق ئەنجامی داوە.

پاپا فرانسیس 266 هەمین پاپای ڤاتیكانە، كە بە پاپا فرانسیسی یەكەمیش دەناسرێت، لە ڕۆژی سێی ئاداری ساڵی 2013 دوای ئەوەی پاپا بێنێدیكتی 16 هەم بەهۆی بەساڵاچوونی و لاوازیی جەستەیی، دەستی لە كار كێشایەوە، بە زۆرینەی دەنگی كاردیناڵەكانی كەنیسەی كاسۆلیك، لە كەنیسەی سیستیەنی ڤاتیكان بە ڕێبەری پایتەختی كاسۆلیكەكانی دنیا هەڵبژێردرا.

سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان سێ ڕۆژ دەخایەنێت، ئەمەیش یەكەم گەشتی پاپا دەبێ بە درێژایی زیاتر لە 20 مانگ، چونكە پاپا بە درێژایی ئەو ماوەیە گەشتی نێودەوڵەتی نەكردووە.

پاپا فرانسیس كاردینال (خۆرخێ ماریۆ بێرگۆ ) كە بەناوی (پاپا فرانسیس)ەوە ناو دەبرێت، خۆرخێ لە دایكبووی 17ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1936ـە لە بوێنس ئایریسی پایتەختی ئەرجەنتین هاتووەتە دنیاوە. فڕانسیس كەسایەتی كریستیانی ئەمەریكای لاتینییە و یەكەمین كەسی ئەمەریكای لاتینییە لە مێژووی ڤاتیكاندا، كەسێك لە ئەمەریكای لاتین بە ڕابەری كاسۆلیكەكانی دنیا دێتە هەڵبژاردن، فڕانسیس لە ڕۆژی 13ی ئاداری ساڵی 2013 بە پاپای ڤاتیكان هەاتە هەڵبژاردن و جێی پاپا بندیكتۆسی‌ شانزەیەمی گرتەوە كە ناوبراو لە 16ی شوباتی ساڵی 2013 دەستی لەكار كێشابووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سێ جار لەسەر نشوستی هێنا بۆ بوون بە پاپای ڤاتیكان، فڕانسیس خاوەن پلەی ماستەرە لە بواری فەلسەفە و خواناسیدا لە زانكۆی بۆینس ئایریسی ئەرجەنتین هاوكاتیش خاوەن پلەی ماستەرە لە زانستی كیمیا لە هەمان زانكۆدا.



وشە - رامیار جەواد