گۆیژه رێبوار كچه كوردێكى دانیشتووى سویده، ئه‌و خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ته، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه‌ى نه‌بووه‌ته رێگر له به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنه‌كانیدا. گۆیژه له بوارى نمایشكارى جلوبه‌رگ و رێكلامى جیهانى و یاریی راكه‌ر و یاریى باسكه كار ده‌كات و بووه‌ته نمایشكار و یاریزانێكى جیهانى و سویدى به‌ناوبانگ. ئه‌و له دیدارێكى "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر ژیان و كاره‌كانى.
گۆیژه رێبوار كێیه و له كه‌یه‌وه ده‌ستت به كاركردن وه‌ك نمایشكار و یاریزان كردووه؟
ساڵى 1989 له كۆیه له دایك بووم. له ته‌مه‌نى 10 ساڵییه‌وه له سوید له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م ده‌ژیم. له ساڵى 2003ه‌وه به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه له‌سه‌ر كورسى ده‌ژیم. دوو ساڵ دواى نه‌خۆشكه‌وتنم واته له ساڵى 2005ه‌وه ده‌ستم به‌كارى نمایشكارى جلوبه‌رگ كرد، مه‌به‌ستم له‌وه ئه‌وه‌بوو كه مرۆڤ به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌توانێ جوان بێت و گرنگى به‌خۆى بدات چ بتوانێت بڕوات یا له‌سه‌ر كورسى بێت، مه‌به‌ستیشم زیاتر بۆ كچانى سه‌ر كورسى بوو كه زۆربه‌یان به‌داخه‌وه كه ده‌كه‌ونه سه‌ر كورسى، پێیان وایه ژیان كۆتای هاتووه و وه‌ك جاران خۆیان به‌جوانى نابینن، ئه‌وه مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى منه له‌و كاره‌دا، له ساڵى 2007 و 2008 ده‌ستم به‌وه‌رزش كردووه و خه‌ڵاتى خێراترین ڕاكردنى سه‌ر كورسیم به‌ده‌ست هێناوه، جگه له‌وه‌ش یاریزانى باسكه‌م.
له‌كه‌یه‌وه ده‌ستت به یاریى باسكه كردووه و له كام تیپ یارى ده‌كه‌یت؟
له ساڵى 2011 و له تیپى Stockholm nacka ده‌ستم به‌یاریى باسكه كردووه، ئه‌و تیپه ساڵانه له‌ناو هه‌موو سوید یارى له‌گه‌ڵ تیپه‌كانى تر ئه‌نجام ده‌دات، له چه‌ند وڵاتێكى تریش تیپى جیهانى دێن و یارى ده‌كه‌ین به‌یه‌كه‌وه، ئه‌وه‌ى زیاتر مایه‌ى خۆشحاڵییه ئه‌وه‌یه كه ئێسته تیپى كچانى یارى له وڵاتى سوید دامه‌زراوه بۆ یه‌كه‌م جار و له‌وێش وه‌ك یاریزان به‌شدارم، ئه‌و تیپه یارى له‌گه‌ڵ تیپى وڵاته‌كانى ده‌ره‌وه‌ى سوید ده‌كات ، یه‌كه‌م جار كه هاتمه ناو بوارى وه‌رزش بۆ ساڵى 2007 ده‌گه‌ڕێته‌وه، دوو ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك به‌شدارى یارى خێراترین راكه‌رى كورسیم كرد و هه‌ردوو ساڵ بوومه باشترین راكه‌رى كورسى و نازناوى یه‌كه‌مم به‌ده‌ست هێنا، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه بوو كه له ته‌مه‌نى خۆم بوون، تا ئێسته دووجار چوومه‌ته ده‌ره‌وه‌ى سوید و له ساڵى 2015 له ئیسپانیا و ساڵى 2016 له ئه‌مه‌ریكا وه‌رزشم كردووه.
تا ئێسته به‌شدارى هیچ نمایشى كوردى و جیهانیت كردووه؟
له هیچ نمایشێكى كوردى به‌شداریم نه‌كردووه، زۆرجار داوام لێ كراوه، به‌ڵام به‌رده‌وام كه كارێكم كردووه مه‌به‌ستم له كاره‌كه ته‌نیا بۆ ئه‌وه نه‌بووه مۆدێل بێت، به‌ڵكو مه‌به‌ستم زیاتر ئه‌وه‌بووه كاره‌كه مه‌به‌ستى خۆى هه‌بێت نه‌ك هه‌ر ده‌ركه‌وتن، به‌ڵام به‌شدارى زۆر شتى تر‌ى كوردیم كردووه، وه‌ك له خۆپیشاندانه‌كان و له بۆنه كوردییه‌كان، دژى تاقمى تیرۆریستى داعش و بۆ پشتگیریكردن له كۆبانێ له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندى كوردى له ستۆكهۆڵم به‌شدارى رێپێوان و چالاكیم كردووه، سه‌ره‌تاى كاره‌كانم هه‌مووى بۆ سوید بووه، رێكلامه‌كان له سوید پیشان دراوه، به‌ڵام ساڵانى كۆتا دوو كارم كردووه بۆ ده‌ره‌وه بووه، ئه‌وه‌ش یه‌كێك له كاره‌كانم كه نوێترین كورسى panthera بوو كه پێوه‌ندیم پێوه كرا ئه‌و كاره بكه‌م، ئه‌ویش به‌وێنه و ڤیدیۆ كارى بۆ كراوه له سوید و ئه‌وروپا و ئه‌سینا و ئه‌فریقیا و به‌رازیل و زۆر وڵاتى تریش، له‌م دوو ساڵه‌ى كۆتا له‌لایه‌ن سێ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى جیهانى ده‌ره‌وه‌ى سوید پێوه‌ندیم پێوه كرا له ئه‌مه‌ریكا و ئیسپانیا و به‌رازیل، كاركردن له‌و سێ تۆڕه ته‌نیا بۆ كچان بوو و ئێسته بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زى كچ و كوڕه، مه‌به‌ست له‌و تۆڕانه ئه‌وه‌یه كه چه‌ند كه‌سێكى به‌توانا له‌سه‌ر كورسى هه‌ریه‌كه و له بوارێكه‌وه هه‌موو كات وێنه‌كانیان بڵاو ده‌كرێته‌وه، به‌خۆشحاڵییه‌وه منیش یه‌كێكم له‌و كه‌سانه، هه‌م وه‌ك یاریزانى باسكه هه‌موو وه‌ك مۆدێل، هه‌موو كه‌سانى دنیا كه له‌سه‌ر كورسین، له‌و تۆڕانه كۆ كراونه‌ته‌وه و بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ده‌كه‌ونه سه‌ر كورسى و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ژیانى كورسى قبووڵ ناكه‌ن، تا ببینن چه‌ند كه‌سێك هه‌ریه‌كه و له وڵاتێك توانیویه‌تى سه‌ربكه‌وێت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كورسیش بێت.
تا چه‌ند هه‌وڵى ناساندنى كورد و كولتوورى كوردى ده‌ده‌یت به دنیا؟
بۆ هه‌ر شوێنێك ده‌چم و له‌هه‌ر شتێك به‌شدارى ده‌كه‌م یه‌كسه‌ر ده‌ڵێم كوردم و باسى كوردستان ده‌كه‌م، كه‌مێك له وێنه‌ى جوانى كوردستان كه خۆم گرتوومه ئه‌و كاتانه‌ى كات هه‌یه پیشانیان ده‌ده‌م، زۆرجار پرسیارى پێشمه‌رگه‌م لێ ده‌كه‌ن، منیش وێنه‌یه‌كى باوكمیان پێشان ده‌ده‌م له‌كاتى پێشمه‌رگایه‌تى كه پێشمه‌رگه بووه، زۆرجار پرسیارى ناوه‌كه‌م لێ ده‌كه‌ن كه ماناى چییه؟ پێیان ده‌ڵێم ناوه‌كه‌م مانایه‌كى تایبه‌تى هه‌یه كه شاخێكى كوردستانه، هۆكارى ئه‌و ناوه‌ش ئه‌وه‌یه كه باوكم زۆربه‌ى ته‌مه‌نى ژیانى پێشمه‌رگایه‌تى له‌و شاخه به‌سه‌ر بردووه بۆیه ئه‌و ناوه‌ى لێ ناوم، ئه‌وانیش پێم ده‌ڵێن: تۆ وه‌ك شاخ به‌هێز و ئازاى، زۆر جاریش پێم ده‌ڵێن كچى شاخ .
هۆكار چییه پزیشكان له سوید ده‌سته‌وه‌ستانن به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشییه‌كه‌ت؟ ئه‌گه‌ر چاك ببیته‌وه یه‌كه‌م كار چى ده‌كه‌یت؟
هۆكارى ئه‌وه‌ی پزیشكه‌كان هیچیان پێ نه‌كراوه بۆم، ئه‌وه‌یه كه هه‌رگیز شتێكى له‌و شێوه‌یه‌یان نه‌دیوه كه به‌سه‌ر من هاتووه، له‌لایان سه‌یره، بۆیه هیچیان پێ نه‌كرا، بیر له چاكبوونه‌وه ناكه‌مه‌وه، به‌ڵام سێ كه‌س هه‌ن هه‌موو كات یه‌ك ئاواتیان هه‌یه ئه‌ویش دایك و باوكم و دایه گه‌وره‌مه له كوردستان، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك دایه گه‌وره‌م له كوردستانه‌وه پێوه‌ندیم پێوه ده‌كات و ده‌ڵێت: گۆیژه چاك بوویته‌وه؟ ئه‌م جاره كه هاتیه‌وه به‌پێیه‌كانى خۆت وه‌ره‌وه، منیش ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه حه‌زم كردووه ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك جاریش بێت له‌سه‌ر پێیه‌كانى خۆم بڕۆم بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ئاواته‌ى ئه‌و به‌دى بێت.
له‌گه‌ڵ خوێندن پێوه‌ندیت چۆنه؟
خۆشبه‌ختانه خوێندنى زانكۆم ته‌واو كردووه، هه‌روه‌ك چۆن توانیم له زۆر بوار سه‌ركه‌وم، خوێندنه‌كه‌شم یه‌كێك بوو له‌خه‌ونه‌كانم كه ته‌واوى بكه‌م، به‌شى ئابووریم له كۆلێژى ئابوورى له زانكۆى ستۆكهۆڵم stockhetolm universit ته‌واو كردووه و له‌و بواره‌شدا كار ده‌كه‌م.
خه‌ون و هیوا و ئاواتت زۆره، ئه‌مه بۆچى ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
ئه‌گه‌ر خه‌ون و هیواى زیندوو هه‌بێت ئاواتى هه‌میشه زیندووش ده‌بێت، به‌ڵام گرنگه كارى بۆ بكرێ نه‌ك ته‌نیا خه‌ون بێت، كه‌سانێكى زۆر له پشتمدان له دواى دایك و باوكم، هه‌ر شتێكم كردبێت یا بیكه‌م، یه‌ك دنیا ده‌ستخۆشیم بۆ دێت و یه‌ك دنیا چه‌پڵه‌م بۆ لێ ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر به‌رده‌وام بم، ئه‌و كه‌سانه‌ش چه‌ند كه‌سانێكى سویدى و كوردن كه زۆر شانازیم پێوه ده‌كه‌ن و هه‌موو كات ده‌بیستن سه‌رقاڵى كارێكم، ده‌سخۆشیم لێ ده‌كه‌ن و به‌رده‌وام به‌كچه ئازاكه با‌نگم ده‌كه‌ن، خه‌ونى من ئه‌وكات بوو كه دواى دوو ساڵ كاتێ كورسییه‌كه‌م قبووڵ كرد، ئه‌وكات خه‌ونه‌كانم له‌لا دروست بوو، زۆربه‌ى ئه‌و كارانه‌ى خه‌ون و هیواى گه‌وره‌ى من بوون، كارم بۆ كرد و تێیدا سه‌ركه‌وتوو بووم، ئه‌گه‌رچى زۆرجار رێگه‌كانم زۆر دوور و درێژ بوون یاخود پڕ بوون له ئازار، به‌ڵام حه‌ز و خه‌ونه‌كانم زۆر له‌وه گه‌وره‌تر بوون كه وازیان لێ بهێنم.
رێكلام و نمایشكارى و خوێندنت ته‌واو كردووه و یاریزانی وه‌رزشیت، ئه‌مانه زۆرجار به كه‌سانى ئاسایی ناكرێت، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌نجامتان دا خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌تن؟
بیر له‌وه ناكه‌مه‌وه كه تواناى رۆیشتم له ده‌ست داوه، چونكه هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌كه‌م كه هه‌ر كه‌سێكى تر‌ى ئاسایی ده‌یكات زۆر زیاتریش ده‌كه‌م، مرۆڤ ئه‌گه‌ر ئاوات و خه‌ونى هه‌بێت ئه‌وه هیچ شتێك ڕێگر نییه له به‌رده‌مى، به‌ڵكو ئه‌وه مرۆڤه خۆى رێگره له به‌رده‌م خۆى و رێگه‌كانى، ئه‌و كچه‌ى ئه‌وكات و ئه‌و گۆیژه‌یه‌ى ئێسته هه‌روه‌ك جارانن، به‌ڵام چه‌ند شتێك گۆڕاوه، ئه‌ویش به‌هێزتر و ئازاتر و هه‌وڵدان بۆ شتى نوێیه كه پێشتر هه‌ر له بیرم نه‌بووه، كورسییه‌كه‌م وه‌ك هاوڕێیه‌ك و وه‌ك پارچه‌یه‌ك له خۆم سه‌یر ده‌كه‌م، كاتێك شته‌كان به جوانى سه‌یر بكه‌ى و قبووڵى بكه‌یت، شته‌كانیش خۆیان جوان ده‌بن و قبووڵت ده‌كه‌ن.
حه‌ز ده‌كه‌یت بگه‌ڕێیته‌وه كوردستان و هاوكارى ئه‌و كچانه بكه‌یت كه تووشى هه‌مان نه‌خۆشى بوون؟
ئه‌وه خه‌ونى منه ڕۆژێك له ڕۆژان بگه‌ڕێمه‌وه و له كوردستان كار بكه‌م به‌شێوه‌ى خێرخوازى، هه‌روه‌ها ڕۆژانه نامه‌ى زۆرم بۆ دێت له كه‌سانى سه‌ر كورسى له كوردستانه‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ندێكیان پێوه‌ندیم هه‌یه و توانیومه هه‌ندێ شت هه‌یه كه داوایان كردووه بۆیان بنێرم، هه‌ندێك شت هه‌یه ناتوانم بینێرم بۆیان، به‌ڵام رێگه‌م پیشان داون كه له وڵاتى تر بیكڕن، حه‌ز ده‌كه‌م رۆژێك بگه‌ڕێمه‌وه و له نزیكه‌وه هاوكارییان بكه‌م و ئه‌و شتانه‌ى لێره ده‌كرێت له كوردستانیش پیشانیان بده‌م كه ده‌كرێت، زۆرجار ئه‌وه‌نده‌م نامه بۆ دێت دڵم ئازار ده‌كات كه ناتوانم له دووره‌وه هیچ بكه‌م، بۆیه بۆ ماوه‌یه‌ك فه‌یسبووكه‌كه‌م داده‌خه‌م.
هەولێر/ شاخه‌وان شێخانى