سەردانی پاپا بۆ هەولێر بە گرنگترین بەشی گەشتە سێ رۆژییەكە لێك دەدرێتەوە

:: PM:12:06:07/03/2021 ‌
لە سێیەم رۆژی گەشتی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، رێبەری كاسۆلیكەكانی دنیا هاتە هەولێری پایتەخت و وێستگەی ئەو سەردانەشی بە گرنگترین بەشی گەشتە سێ رۆژییەكەی لێك دەدرێتەوە. ڤاتیكانیش سەردانەكەی پاپا بۆ هەولێر بەرز دەنرخێنێت و بە شانوباڵی هەولێر وەك كۆنترین شاری دنیا و شوێنی پێكەوە ژیانی كولتوور و نەتەوە جیاوازەكان هەژماری دەكات.

مردن و ئاوارەیی و لێقەومان چارەنووسی سەدان هەزار كەس بووە بە تایبەتی پێكهاتە جیاوازەكانی پارێزگای نەینەوا كە دوای هێرشی داعش، ماڵوێران بوون و زیانێكی زۆری گیانی و مادییان بەركەوت.

راستە لە دوای سەرهەڵدانی داعش، ئێزیدییەكانی زۆرترین زیانیان بەركەوت و جینۆساید كران و بەراورد بە ئەمانە، كریستیانەكان زیانی كەمتریان بەركەوت، بەڵام كێشە لەوەدایە كریستیانەكان لە ساڵی 2003وە لە سەرانسەری عێراق تووشی نەهامەتی بوون، زۆر لەو كریستیانانە بەهۆی توندوتیژییەكان ناوچەكانی خۆیان جێهێشتووە و یان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، یان وڵاتیان بەجێهێشتووە.

ژمارەی كریستیانەكان لە عێراق لە ملیۆنێك و 500 هەزار كەس بۆ خوارووی 400 هەزار کەس کەمی کردووە


بەگوێرەی دۆیچەوێلە، بەر لە ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003، ژمارەی كریستیانەكان لە عێراق ملیۆنێك و 500 هەزار كەس دەبوون، بەڵام دواین ئاماری كریستیانەكانی نیشتەجێی عێراق و هەرێمی كوردستان لە نێوان 250 تا 400 هەزار كەس دەبن كە زۆرینەیان لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.

بڕیارە ئیوارەی ئەمڕۆ یەكشەم كە لای كریستیانەكان رۆژێكی زۆر پیرۆزە، لە یاریگای شەهید فڕەنسۆ هەریری پاپا وتارێك پێشكەش بكات. ئەو دوو جاران سەردانی هەولێر دەكات، یەكێكیان ئەمڕۆ سەرلەبەیانی بوو كە لە فڕۆكەخانەی هەولێر لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران پێشوازی لێ كرا، پاشان لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوە و سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد كە كریستیانەكانی پاراست، سەردانی دووەمیشی دوانیوەڕۆ دەبێت.

لەبەر پرسی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، وا بە گونجاو زانرا رێ نەدرێ لەو ژمارەیە زیاتر پێشوازی لە پاپا بكرێت.


لە یاریگای فرەنسۆ هەریری 10 هەزار و 500 كەس پێشوازی لە پاپای ڤاتیكان دەكەن، لەبەر پرسی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، وا بە گونجاو زانرا رێ نەدرێ لەو ژمارەیە زیاتر پێشوازی لە پاپا بكرێت.

پاپای ڤاتیكان یەكەم جاریەتی سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیەش ئەو سەردانە بە سەردانێكی مێژوویی هەژمار دەكرێت. لە ساڵی 2000 پاپا ژان پۆلی دووەم پاپای پێشتری ڤاتیكان، بڕیار بوو سەردانی عێراق لەوانەش ئوور بكات كە شوێنەوارێكی مێژووییە، بەڵام ئەوكات بە هۆی دژایەتی سەدام حوسێن گەشتەكە هەڵوەشایەوە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا كۆمەڵێك رووداو لە عێراق، چ لە هەولێر و چ لە بەغدا روویان دا و یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە كە یەكێكیان بۆ سەر هەولێر بوو، بریتی بوو لەوەی رێگری لە سەردانەكەی پاپا فرانسیس بكرێت و لەو گەشتە پاشگەز ببێتەوە. 

پاپا فرانسیس كە زۆر سوور بوو لەسەر ئەو گەشتە، دوای رووداوەكان، میدیای فەرمی ڤاتیكان بڵاوی كردەوە گەشتی پاپا بۆ عێراق  و هەرێمی كوردستان هەر دەبێ ئەنجام بدرێت و تەنانەت وردەكارییەكانی گەشتەكەش بۆ میدیاكان ئاشكرا كران.

سەعات چواری ئێوارە پاپا دەگەڕێتەوە هەولێر


ئەمڕۆ یەكشەم ماڵپەڕی Vatican news وێڕای ئاماژەكردن بە سەردانەكەی پاپا بۆ هەولێری پایتەخت و پاشان چوونی بۆ مووسڵ، ئاماژەی بەوە كردووە سەعات چواری ئێوارە پاپا دەگەڕێتەوە هەولێر و دوای بەڕێوەبردنی رێوڕەسمێك لە یاریگای فرەنسۆ هەریری، دەگەڕێتەوە بەغدا.

ڤاتیكان بەبایەخەوە باسی هەولێری كردووە و نووسیویەتی، هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە كە 88 كیلۆمەتر لە مووسڵ و 300 كیلۆمەتر لە سنووری سووریاوە دوورە. هاوكات باسی لەوە كردووە هەولێر یەكێك لە كۆنترین شارەكانی دنیایە، مێژووی ئەو شارە بۆ دوو هەزار و 300 ساڵ بەر لە زاین دەگەڕێتەوە و بەسەدان ساڵ خەڵكێكی زۆر و دەسەڵاتی جیاواز ئەم شارەیان بەڕێوە بردووە و ژیاون، لە سۆمەری و ئاشوورییەكانەوە بگرە تا دەگاتە بابلی ماد و رۆمانی و عوسمانییەكان.

ئەو شارە تەنیا پێشوازی لە کریستانەکان نەکردووە بەڵکوو باوەشی بۆ 540 هەزار ئاوارەی عێراقی و سووریش کردەوە.

ڤاتیکان باسی لەوە کردووە لە چەند ساڵی رابردوودا هەولێر  شوێنی حەوانەوەی هەزاران ئاوارەی قەرەقوش و موسڵ بووە کە بەهۆی هەڕەشە و هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش هەڵاتن. ئەو شارە تەنیا پێشوازی لە کریستانەکان نەکردووە بەڵکوو باوەشی بۆ 540 هەزار ئاوارەی عێراقی و سووریش کردەوە.

سەرچاوەكە باسی لە قەڵای مێژوویی هەولێر كردووە كە لە ساڵی 2014 خرایە لیستی شوێنەوارە مێژووییەكانی یۆنسكۆ. قەڵاكە 110 هەزار مەتری چوارگۆشە رووبەر و نزیكەی 30 مەتر بەرزە و لە ناو ئەو قەڵایە مزگەوت و مۆزەخانەی رستن و چنینی كوردی، مۆزەخانەی شارستانی هەولێر، مۆزەخانەی سریانی و كۆمەڵێك خانوو و شوێنەواری كۆنی تری لەخۆ گرتووە.

 پاپا فرانسیس 266یەمین پاپای ڤاتیكانە، كە بە پاپا فرانسیسی یەكەمیش دەناسرێت، لە ڕۆژی سێی ئاداری ساڵی 2013 دوای ئەوەی پاپا بێنێدیكتی 16 بەهۆی بەساڵاچوونی و لاوازیی جەستەیی، دەستی لە كار كێشایەوە، بە زۆرینەی دەنگی كاردیناڵەكانی كەنیسەی كاسۆلیك، لە كەنیسەی سیستیەنی ڤاتیكان بە ڕێبەری كاسۆلیكەكانی دنیا هاتە هەڵبژاردن.

پاپا فرانسیس كاردینال (خۆرخێ ماریۆ بێرگۆ ) كە بەناوی (پاپا فرانسیس)ەوە ناو دەبرێت، خۆرخێ لە دایكبووی 17ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1936ـە لە بوێنس ئایریسی پایتەختی ئەرجەنتین هاتووەتە دنیاوە. فڕانسیس كەسایەتی كریستیانی ئەمەریكای لاتینە و یەكەمین كەسی ئەمەریكای لاتینە كە بە ڕابەری كاسۆلیكەكانی دنیا هاتووەتە هەڵبژاردن.


وشە - سلێمان تاشان