پاپا: زۆر دەمێك بوو دەمویست سەردانی هەرێمی كوردستان بكەم

:: PM:12:09:07/03/2021 ‌
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پاپا فرانسیس گوتی، زۆر دەمێك بوو دەمویست سەردانی هەرێمی كوردستان بكەم و خۆشحاڵم لێرە دەتانبینمەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی ئادار، لە ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە قەداسەتی پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیكان كرد. لە كاتی دابەزینیدا قەداسەتیان پەنجەی بۆ خاك درێژ كرد و بە نێچیرڤان بارزانی گوت، خۆشحاڵم كە لێرە یەكتر دەبینینەوە.

دواتر لە كۆبوونەوەكەدا، نێچیرڤان بارزانی بەخێرهاتنی قەداسەتی پاپای كرد و گوتی: بە ناوی هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستانەوە، زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی قەداسەتتان دەكەم. سەردانتان ڕووداوێكی مێژوویی مەزنە، جێی ئەوپەڕی شەرەفمەندی و خۆشحاڵیی ئێمە و شانازیی هەموو گەلی كوردستانە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بڕوای تەواومان بە ئازادیی ئاینی و فرەئاینی هەیە. لێبوردەیی و پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردنی نێوان پێكهاتەكان، ناسنامە و كولتوورێكی دێرینی كوردستانە، بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لەو كولتوورە دەكەین. ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگین، تیرۆر و توندڕەوی ڕەت دەكەینەوە، هەرگیز ڕێ نادەین هیچ پێكهاتەیەكی ئاینی یان نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان، ببێتە قوربانیی تیرۆر و توندڕەوی.

نێچیرڤان بارزانی بە پاپای ڕاگەیاندووە، پێكهاتەكانی كوردستان ساڵانێكی زۆر پێكەوە بەرەنگاری دكتاتۆری و تیرۆر بوونەوە. پێكەوە قوربانیی زۆر گەورەیان داوە. هەموومان پێكەوە ڕابردوویەكی هاوبەشمان هەیە. هەموومان بۆ ئایندەیەكی هاوبەشی باشتر كار دەكەین. فرەیی و پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان بۆ هەرێمی كوردستان هێز و دەوڵەمەندییە. نامانەوێ مەسیحی و ئێزیدی و هیچ پێكهاتەیەك كۆچ بكەن و وڵات جێ بهێڵن.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە مەسیحییەكان پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكیی كوردستانن، كۆمەڵگەیەكی ئاشتەوان، ڕۆڵێكی گەورەیان لە بنیاتنان و پێشخستن و پاراستنی وڵاتدا گێڕاوە و دەگێڕن. چی لە دەستمان هاتووە، بۆ پاراستنیان درێغیمان نەكردووە.

لای خۆیەوە قەداسەتی پاپا لە بەشێكی قسەكانیدا گوتی: زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێتان كردین. زۆر دەمێك بوو دەمویست سەردانی هەرێمی كوردستان بكەم، خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بە دەنگ بانگهێشتەكانتانەوە هاتم. زۆر پێزانینم هەیە كە وێڕای ئەوەی لە شەڕدان بوون، بەڵام پێشوازیتان لە ئاوارە مەسیحییەكان لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا و قەرەقووش و لە پێكهاتەكانی تر كرد. ئێوە باوەشتان بۆ مەسیحییەكان كردووەتەوە.

پاپا لەو كۆبوونەوەیە ڕای گەیاند، هاتووم تا پێكەوە لەگەڵ ئێوە دوعا بۆ ئێوە و بۆ مەسیحییەكان و بۆ هەموو مرۆڤایەتی بكەین. دوژمن هات بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە تێكبدات، بەڵام ئێوە بە ڕەسەنیی خۆتان خزمەتتان كرد و پێشوازیتان لە ئاوارەكان و پێكهاتەكانی تر كرد. شەڕ ڕووخاندن و وێرانكردنە، بەڵام ئێوە دوژمنتان بەزاند و وڵاتەكەتان ئاوەدان دەكەنەوە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا قەداسەتی پاپا گوتی: هاتووم موبارەكەی ئەم خاكە بكەم. ئێوە پاكن، دەستی بەزەییتان بۆ هەمووان درێژ كردووە، بۆ منیش دوعا بكەن. سوپاس بۆ هەموو ئەوەی لەگەڵ هەموو ئاینەكان و هەموو پێكهاتەكان دەیكەن. لە كوردستان ئازادی بەرقەرارە. دووبارە سوپاس بۆ پێشوازیی گەرم و میوانداریتان.

پاپا فرانسیس 266یەمین پاپای ڤاتیكانە، كە بە پاپا فرانسیسی یەكەمیش دەناسرێت، لە ڕۆژی سێی ئاداری ساڵی 2013 دوای ئەوەی پاپا بێنێدیكتی 16 هەم بەهۆی بەساڵاچوونی و لاوازیی جەستەیی، دەستی لە كار كێشایەوە، بە زۆرینەی دەنگی كاردیناڵەكانی كەنیسەی كاسۆلیك، لە كەنیسەی سیستیەنی ڤاتیكان بە ڕێبەری پایتەختی كاسۆلیكەكانی دنیا هاتە هەڵبژاردن.

سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان سێ ڕۆژ دەخایەنێت، ئەمەیش یەكەم گەشتی پاپا دەبێ بە درێژایی زیاتر لە 20 مانگ، چونكە پاپا بە درێژایی ئەو ماوەیە گەشتی نێودەوڵەتی نەكردووە.

پاپا فرانسیس كاردینال (خۆرخێ ماریۆ بێرگۆ ) كە بەناوی (پاپا فرانسیس)ەوە ناو دەبرێت، خۆرخێ لە دایكبووی 17ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1936ـە لە بوێنس ئایریسی پایتەختی ئەرجەنتین هاتووەتە دنیاوە. فڕانسیس كەسایەتی كریستیانی ئەمەریكای لاتینە و یەكەمین كەسی ئەمەریكای لاتینە لە مێژووی ڤاتیكاندا، كەسێك لە ئەمەریكای لاتین بە ڕابەری كاسۆلیكەكانی دنیا دێتە هەڵبژاردن، فڕانسیس لە ڕۆژی 13ی ئاداری ساڵی 2013 بە پاپای ڤاتیكان هاتە هەڵبژاردن و جێی پاپا بندیكتۆسی شانزەیەمی گرتەوە كە ناوبراو لە 16ی شوباتی ساڵی 2013 دەستی لەكار كێشابووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سێ جار لەسەر نشوستی هێنا بۆ بوون بە پاپای ڤاتیكان، فڕانسیس خاوەن پلەی ماستەرە لە بواری فەلسەفە و خواناسیدا لە زانكۆی بۆینس ئایریسی ئەرجەنتین هاوكاتیش خاوەن پلەی ماستەرە لە زانستی كیمیا لە هەمان زانكۆدا.




وشە - رامیار جەواد