سویسرا لەسەر پۆشینی رووبەند ریفراندۆم بەڕێوە دەبات

:: PM:03:52:07/03/2021 ‌
ریفراندۆم لەسەر پرسی پۆشینی رووبەند بۆ ژنانی ئیسلامی لە سویسرا دەستی پێ كردووە و ئەگەر لەو ریفراندۆمە خەڵكی دژی رووبەند دەنگ بدەن، ئەوا چیتر ژنانی مسوڵمان بۆیان نییە رووی خۆیان بپۆشن.

ریفراندۆمەكە لەسەر داخوازی پارتی گەلی سویس بەڕێوە دەچێت، پارتێك كە 10 ساڵ لەمەوبەریش رێگر بوو لە دروستكردنی منارە بۆ مزگەوتەكان لەو وڵاتە.

حكوومەتی سویسرا دژی ئەو هەنگاوە بووە و پێی وابووە ئەوە بەرپرسیارێتی حكوومەت نییە بە ژنان بڵێ چ جۆرە جلكێك بپۆشن.

ئەو ژنانەی لە سویسرا ئێستە رووبەند بەكار دەهێنن زۆر نییە و لەوانەیە لە تەواوی وڵاتەكە بگاتە 30 كەس.

بەگوێرەی بی بی سی، ژمارەی ئەو ژنانەی لە سویسرا ئێستە رووبەند بەكار دەهێنن زۆر نییە و لەوانەیە لە تەواوی وڵاتەكە بگاتە 30 كەس. 

حكوومەتی سویسرا بۆیە دژی ئەو ریفراندۆمە بووە، چونكە پێی وابووە زیانی بۆ كەرتی گەشتوگوزاری وڵاتەكە هەیە و زۆرجار لە وڵاتانی كەنداو خەڵك بۆ گەشت سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن و ئەگەر رووبەند قەدەغە بكرێت، ژمارەی گەشتیاران كەم دەبێتەوە.

 لە بەرانبەردا لایەنگرانی قەدەغەكردنی رووبەندیش پێیان وایە سویسرا وڵاتێكی دیموكرات و پێشكەوتنخوازە، پۆشینی تەواوی رووی ژنان هێمای ستەمێكە كە لە ژنان دەكرێت و پێچەوانەی ئەو بەهایانەیە لەو وڵاتە كاری پێ دەكرێت.

ژمارەی مسوڵمانانی سویسرا دەگاتە 380 هەزار كەس، بە گشتی 5%ی كۆی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێك دەهێنن و زۆربەشیان لە ناوچەی بەلقانەوە بۆ سویسرا كۆچیان كردووە.


وشە - سلێمان تاشان