نرخی نەوت گەیشتە 71 دۆلار

:: AM:09:17:08/03/2021 ‌
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و گەیشتە بەرزترین نرخ کە لەسەرەتای ساڵی 2020ەوە تۆمار کرابێت.

بەگوێرەی dailyfx نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت بە 71 دۆلار دەفرۆشرێت و بەهای نەوتی تێکساسی ئەمەریکاش گەیشتە 67 دۆلار و 53 سەنت.
پێشبینییەکەش زووتر لە کاتی خۆی بەدی هات.

پێشتر چاودێرانی بازاڕی نەوت پێشبینی ئەوەیان کردبوو نرخی نەوت بگاتە سەرووی 70 دۆلار و پێشبینییەکەش زووتر لە کاتی خۆی بەدی هات. ئەوان دایاننابوو تا نیوەی یەکەمی ساڵەکە ئەم ئاستە لە نرخی نەوت بەدی بێت.

گرنگترین هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پێوەندی بە دەرهاویشتەکانی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەمی ئۆپێک پڵاس هەیە کە لەسەر درێژەدان بە سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوت رێککەوتن.

جێی باسە ساڵی رابردوو كاتێك لە ژێر كاریگەریی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، نرخی نەوت دابەزی، لە مانگی نیسانی هەمان ساڵ ئۆپێك بڕیاری كەمكردنەوەی زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی دا كە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە جێبەجێ كرا و بازاڕی نەوتی تا ئاستێك بووژاندەوە. 

لەو ساڵەدا نرخی نەوتی تێكساس گەیشتە خوارووی سفر دۆلار و نەوتی برێنتیش تا 16 دۆلار دابەزی، بەڵام ئێستە بۆ ئاستێكی گونجاو بەرز بووەتەوە و ئەمەش نیشانەی سەركەوتوویی سیاسەتی ئۆپێك پڵاسە.

خاڵێكی تر كە گرنگە ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە، لەگەڵ پاشەكشە پێكردن بە كۆرۆنا و بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی، داخوازی لەسەر نەوتیش رووی لە بەرزبوونەوەیە و ئەمانە رێگرن لەوەی نەوت چیتر روو لە دابەزین بكاتەوە.

پێشبینی کرد نرخی نەوت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بگاتە سەرووی 75 دۆلار


لە چەند رۆژی رابردوودا دامەزراوەی گۆلدن ساکسیش پێشبینی کرد نرخی نەوت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بگاتە سەرووی 75 دۆلار چونکە بڕی داخوازی بەرز دەبێتەوە.





وشە - سلێمان تاشان