ریال مەدرید گەیشتە ژمارەیەكی پێوانەیی 73 ساڵ پێش ئێستا

:: AM:10:40:27/02/2017 ‌

دوای بردنەوەی لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی ڤیاڕیال، یانەی ریال مەدرید توانی ئەو ژمارە پێوانەییە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری یەكسان بكاتەوە كە ماوەی 73 ساڵە تۆمار كراوە.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ لە یانەی ڤیاڕیالی بردەوە.

بەمەش یانەی ریال مەدرید توانی بگاتە 44 یاری لەسەر یەك كە توانیبێتی گۆڵی تێدا تۆمار بكات، ئەو ژمارە پێوانەییە پێشتر لە ساڵانی 1942 و 1944 لەلایەن یانەی بەرشەلۆنەوە لە خولی ئیسپانیا تۆمار كرابوو واتە 73 ساڵ پێش ئێستا.

لە كۆی ئەو 44 یارییەدا، یانەی ریال مەدرید 32 سەركەوتنی بەدەستهێناوە لەگەڵ 9 یەكسانبوون و 3 دۆڕان.

كریستیانۆ رۆناڵدۆی باشترین یاریزانی جیهان لە كۆی ئەو 44 یارییەدا زۆرترین گۆڵی بۆ یانەی ریال مەدرید تۆمار كردووە كە 27 گۆڵ بووە كە گۆڵێكیان لە یارییەكەی شەوی رابردوو بوو، دوای ئەویش كەریم بەنزیمای هێرشبەری فڕەنسی دێت بە تۆماركردنی 14 گۆڵ، ئەلڤارۆ مۆراتاش 12 گۆڵی تۆمار كردووە و سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكاریش 9 گۆڵ.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید هەر لەم وەرزەدا توانیبووی ژمارەیەی پێوانەیی تۆمار بكات و لە 40 یارییدا لەسەریەك سەركەوتن بەدەست بێنێ، پێشتر ژمارە پێوانەییەكە بەدەست یانەی بەرشەلۆنە بوو بە سەركەوتنی لە 39 یاریی لەسەر یەكدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م