زیاتر لە 180 هەزار ژەمە ڤاكسین دەگاتە هەرێمی كوردستان

:: PM:01:50:08/03/2021 ‌
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو چین لە رێی عێراقەوە پێنج هەزار ژەمە ڤاكسینی بۆ هەرێمی كوردستان نارد، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو زیاتر لە 180 هەزار ژەمە ڤاكسین رەوانەی هەرێم دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم هەشتی ئادار، دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو لە عێراقەوە زیاتر لە 180 هەزار ژەمە ڤاكسین دەگاتە هەرێمی كوردستان و دەدرێت بە هاووڵاتییان بۆ ئەوەی دووربن لە نەخۆشیی كۆرۆنا.

تا كاتی گەیشتنی ڤاكسینەكان، لەسەر ئەو پرسە قسە ناكەن


لەبارەی ئەوەی ئەو ڤاكسینانە هی چ كۆمپانیایەكن، وەزیری تەندروستی روونی كردەوە تا كاتی گەیشتنی ڤاكسینەكان، لەسەر ئەو پرسە قسە ناكەن، هەركاتێكیش ڤاكسینەكان گەیشتنە هەرێمی كوردستان، بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن ئەو ڤاكسینانە بۆ كێ بەكار بێت و لە كێ بدرێت.

دكتۆر سامان لەبارەی دوایین رێكار و رێنوێنییەكان ئاماژەی دا، بڕیار لەلای لیژنەی باڵای كۆرۆنایە و ئێستە هیچ شتێكی نوێ نییە.

هەفتەی رابردوو دوای گەیشتنی ڤاكسینە چینییەكە، یەكەم كارمەندی تەندروستی لە هەولێر ڤاكسینەكەی بۆ بەكار هێنرا، لە شاری سلێمانیش سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاكە، یەكەم كەس بوو ڤاكسینەكەی بەكار هێنا.

هەرێمی كوردستان لە بەشە ڤاكسیندا، پشكی لە عێراقەوە بۆ رەوانە دەكرێت و هەر بڕێك بێتە عێراق لە ژەمە ڤاكسین، بەشێكی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان