حكوومه‌تی چین له ڕێی كونسوڵی وڵاته‌كه‌ی، پێداویستی ته‌ندروستیی پێشكه‌ش به پارێزگای هه‌ڵه‌بجه كرد، بۆ نه‌خۆشخانه‌ی 40 قه‌ره‌وێڵه‌ی شاره‌دێی بیاره تایبه‌ت به به‌شی منداڵبوون. كۆنسوڵی چین ده‌ڵێ، "به‌رده‌وام ده‌بین له به‌خشینه‌كانمان به‌م پارێزگایه".
نی رۆچی كۆنسوڵی كۆماری چین له هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسی له نه‌خۆشخانه‌ی بیاره به ئاماده‌بوونی پارێزگار و به‌رپرسانی ته‌ندروستی شاره‌كه، ڕای گه‌یاند، سێیه‌م جارمه بێمه ئه‌م پارێزگایه، خۆشحاڵم هاتووم و هاوكاری ته‌ندروستی به كوالیتێكی به‌رزی وڵاتی چین، پێشكه‌ش به هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ین.
ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی گرنگه له دنیا
ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی گرنگه له دنیا كه ڕۆژی جیهانی ژنانه، ئێمه‌یش ئه‌م ڕۆژه‌مان هه‌ڵبژارد تا هاوكارییه ته‌ندروستییه‌كانمان به كه‌رتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه بگه‌یه‌نین، ئه‌ویش تایبه‌ته به به‌شی منداڵبوون بۆ ژنان ده‌بێت.
زیاتر گوتی، كۆماری چین هاوكاری و به‌خشینه‌كانی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌و چوارچێوه‌ش له هاوكارییه‌كانمان بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به‌رده‌وام ده‌بین، ئه‌مڕۆیش له كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه باسمان له‌وه كرد هاوكارییه‌كانمان بۆ ئه‌م پارێزگایه به‌رده‌وام ده‌بێت.
لای خۆیه‌وه ئازاد مسته‌فا به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه ڕای گه‌یاند، دابینكردنی پێداویستییه ته‌ندروستییه‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌دێ بیاره له هه‌ورامان، به‌رده‌وام ده‌بێت تا بتوانین به‌ڕووی هاونیشتمانیاندا بیكه‌ینه‌وه، گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه بۆ هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه.
چین یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه به‌رده‌وام هاوكاری ته‌ندروستی پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان كردووه، هاوكات یه‌كه‌م وڵات بوو كه ڤاكسینی كۆرۆنای پێشكه‌ش كوردستان كرد.
هه‌ڵه‌بجه / عه‌زیز هه‌ورامی