سەرچاوەی سەرەكیی تیرۆر و مەترسیدارترین جۆری كامەیە؟

:: PM:05:12:08/03/2021 ‌

بەر لە 2003 كێشەكانی عێراق یەك ناونیشانی سەرەكیی هەبوو، ئەوەیش بوونی رژێمێكی دیكتاتۆری و سەركوتكار كە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەكانی وڵاتەكە بوو، دوای ئەو ساڵە دیكتاتۆریەتەكە نەما، بەڵام كێشەكانیتری لەپشت ئەو ناونیشانە خۆیان حەشار دابوو، هەرهەموویان دەركەوتن و دۆخی عێراق بەوەی ئەمڕۆی پڕ لە تەنگژە گەیشت، گرنگترینیان بووەتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی حیسابات، ئەوەیش وای كرد تیرۆر ببێتە ناونیشانی چەند سەردەمێكی مێژووی نوێی ئەو وڵاتە.

ئیبراهیم زوبێدی، نووسەری عێراقی لەبارەی تیرۆرەوە لە وتارێكی لە رۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی ئاماژە دەكات، بۆچی هیچ بەرپرسێكی عێراقی بوێری ئەوە ناكات بڵێت رژێمی ئێرانی ترسناكتر لە داعش، ئەو خاوەنی شانە تیرۆریستییەكانە كە بەرپرسن لە تاوانەكانی بۆردمانكردن و بۆمبڕێژكردن و تەقاندنەوە و دواتر تاوانی ئەنجامدانی دەخەنە پاڵ داعش، بۆیە تیرۆری ئێران لە هەموو تیرۆرێكی تر بەهێزتر و فرەوانتر و خوێناویترە. 

ئەو نووسەرە دەڵێت، چیتر پێویستیمان بە بەڵگە نییە بۆ سەلماندنی بەرپرسیارەتی ئێران لە مووشەكبارانەكەی هەولێر، ئەوەیش دوای گرتنی بەرپرسی شانەی ئەنجامدەری هێرشەكە، كە كەسێكی عێراقییە و ددانی بەوەدا نا سەر بە میلیشیای (سەید شوهەدا)یە كە لە 2013 ئێران دیامەزراندووە، لەوكاتەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە تا ئێستە عێراق پێویستی بە یارمەتی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش نەوەك ئێران.
تیرۆری سوننە بەلاوازی ژیا و لەدوایین هەناسەدانیەتی
لێرە پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی هیچ بەرپرسێكی عێراقی بوێری ئەوە ناكات بڵێت رژێمی ئێران لە داعش مەترسیدارترە و ئەو خاوەنی شانەی تیرۆریستی بەرپرسە لە ئەنجامدانی تاوانەكانی بۆردمان و تەقینەوەكان و تۆمەتەكە دەخرێتە ئەستۆی داعش، كە رەنگە بوونی هەبێت یان نەبێت، وەك روونە كە رێكخراوی داعش پەرتەوازە بوو بێ ئەوەی دەستەیەكی یەكگرتووی هەبێت سەرپەرشتی راگەیاندنەكان بكات وەك پێشوو، بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتانە رەت بكاتەوە، رەنگە بۆ ئەوە خۆی بێدەنگ بكات تا وەك بانگەشەیەكی بێبەرانبەر بۆ خۆی بزانێت كە پێویستی پێیەتی، بۆیە ئەوكاتەی لە سروشتی تیرۆری ئیسلامی نوێ و جۆرەكانی و شوێنی دروستبوونی و چارەنووسی ورد دەبینەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی تیرۆر سێ جۆرە: 

یەكەم/ تیرۆری سەرەتایی و تاك، كە تەنیا توانیویەتی چەند كردەیەكی كوشتن و تەقینەوە و سووتاندن ئەنجام بدات، بیرۆكەی دروستكردنی حەسەن بەنای رابەری ئیخوان موسلمین بوو، كە هزری ئەو تێكەڵی بیرۆكەكانی سەید قوتب بوو، كە بانگەشەی بەكارهێنانی هێز و خوێنڕشتنی دەكرد بۆ گۆڕینی رژێمەكان. ئەو بزاوە لەسەردەمی جەمال عەبدولناسڕ و ئەنوەر سادات لە میسر تووشی نسكۆ هاتەوە، بەڵام رەگوڕیشەی لە میسر و دەرەوەی زیندووە، ئەگەرچی لەدوای 2012 سەرانی بزاوەكە لە میسر بوونە ئاوارە لە وڵاتانی قەتەر و توركیا.   

دووەم/ تیرۆری گرووپی سوننەی سەلەفی بەكافركار، لەسەر دەستی ئوسامە بن لادن دامەزرا و لەگەڵ گرووپی ئیخوان لە هزر و رێكخستنەوە یەك دەگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی رێكخراوی قاعیدە بە پاڵپشتی ئەمەریكا و سعوودیە لە ئەفغانستان دامەزرا، چەندان كردەی تیرۆریستی گەورەی ئەنجام دا وەك تەقاندنەوەی هەردوو تاوەری نیویۆرك لە 2001، بەڵام نەبووە هێزێكی كاریگەر لەسەر زەوی، تا جیابوونەوەی ئەبو موسعەب زەرقاوی لە نەوەتەكانی سەتەی رابردوو و دامەزراندنی رێكخراوی "تەوحید و جیهاد".

دوای كوژرانیشی لە 2006، ئەبو بەكر بەغدادی یەكەم خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند بەناوی داعش، كەچی رۆژگار سەلماندی داعش بە مردوویی لەدایك بووە، راستە توانی ناوچەیەكی فرەوانی سووریا و عێراق داگیر بكات، بەڵام دروستكەرانی وایان بینی پێویستیان پێی نەماوە و پێویستە بكرێتە قوربانی، ئەو كردانەیشی لێرە و لەوێ ئەنجامی دەدات بەڵگەی شكستهێنانیەتی، بۆیە دەكرێ بڵێین تیرۆری سوننە بەلاوازی ژیا و لەدوایین هەناسەدانیەتی، دوای ئەوەی بووەتە چەند باندێكی پەرتەوازە و بێسەرپەرشتیار.

هەرچی جۆری سێیەمە، تیرۆری دەوڵەتی ئێرانی دەوڵەمەند و خاوەن بیروباوەڕی نەتەوەیی تایفەیی توندڕۆ و پاڵپشتیكراو لەلایەن چەند گەورە وڵاتێكی وەك رووسیا و چین و كۆریای باكورە، راستییەكەی ئەو بەهێزترین جۆری تیرۆر و فرەوانترین و زیاترین توندڕۆ و خوێناویترینە لەهەموو جۆرەكانیتری تیرۆر كە ناوچەكە و دنیا لە سەردەمی نوێ بەخۆیەوەی بینیبێت. 

دامەزراوەی خومەینی تەنیا بە چەكی رێكخراوە تیرۆریستییە سوننەكان نەوەستا، بە رووبەڕووبوونەوەی رۆژئاوا و ئیسرائیل و هاوپەیمانانیان لە ناوچەكە، چەكی تریان بەكارهێنا و بیرۆكەكەیان بە تایفیەتێكی برینداركراو داپۆشی بەرانبەر بە هەموو نەیارانی تایفەی شیعە، لەوانەیش موسڵمانانی پێش سەتان سەتەی پێش ئێستە، بۆیە جەنگەكەیان هێنایە ناو هەموو ماڵەكان لە یەك وڵاتدا، بەڵام لە یاساكانی سەردەمی نوێ تێنەگەیشتوون، بەوەی ئەوەی دەیكەن سوودەكەی بۆ وڵاتانی ترە، كە داگیركاریی سەربازیان بە شێوازێكی تری گۆڕیوەتەوە، ئێستە ئەو وڵاتانە كێبەركێ فرۆشتنی خۆراك و كاڵا و چەك و مووشەك و ڤاكسین بەو شوێنانەی پێشتر داگیریان كردبوو دەكەن، كەچی ئەمڕۆ لە عێراق لە گەورەترین سەری ناو پرۆسەی سیاسی تا بچووكترینیان لەوانەی دەبینن و دەبیستن، ناتوانن بوێرانە بیڵێن و ئەوان قسە ناكەن.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل