ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێی جیهان و به‌ڕازیل "پێلێ" رای گه‌یاند، به كریستیانۆ رۆناڵدۆ سه‌رسامه و له سۆشیال میدیادا په‌یامێكی بۆ نارد.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ شه‌وی رابردوو له یاریی یوڤێنتوس به‌رامبه‌ر كالیاری له خولی ئیتالیا، خێراترین هاتریكی خۆی له مێژوودا تۆمار كرد، كاتێك له 33 خوله‌كی گێمی یه‌كه‌مدا سێ گۆڵی تۆمار كرد و تیپه‌كه‌ی به 3-1 گۆڵ براوه بوو.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ و ئاماره‌كان، به‌م سێ گۆڵه، رۆناڵدۆ گه‌یشته 770 گۆڵ و ئێسته خاوه‌نی زۆرترین گۆڵه له مێژوودا.
پێشتر كه رۆناڵدۆ گه‌یشته 760 گۆڵ، سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه دا، ژماره‌ی پێوانه‌یی جۆزیف بێكانی یاریزانی پێشووی نه‌مسا و چیكۆسلۆڤاكیای شكاند، كه له ساڵانی 1931-1955 یاریی كردووه.
فیدراسیۆنی چیك له مانگی كانوونی دووه‌می رابردوودا رای گه‌یاند، ژماره‌ی گۆڵه‌كانی بیكان 821 گۆڵه، دوای ئه‌وه‌ی به ئاماره‌كانی خۆیاندا چوونه‌ته‌وه.
به‌ڵام رۆناڵدۆ گوێی به لێدوانی فیدراسیۆنی چیك نه‌دا و كاتێك گۆڵه‌كانی گه‌یانده 768 گۆڵ و ژماره‌ی پێوانه‌یی پێلێی به‌ڕازیلیی شكاند، ئاهه‌نگی گێڕا.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی تۆپی پێ "فیفا"، تۆماری فه‌رمیی بۆ ئه‌و یاریزانانه نییه، كه زۆرترین گۆڵیان له مێژوودا تۆمار كردووه، ئه‌مه‌ش مشتومڕی زۆری دروست كردووه.
رۆناڵدۆ دوێنێ شه‌و له ئینستاگرام، دوای تۆماركردنی هاتریكه‌كه‌ی نووسیویه‌تی: "له‌گه‌ڵ گه‌یشتنم به 770 گۆڵ له كاروانی پیشه‌گه‌ریی خۆمدا، وشه‌كانم بۆ به‌ڕێز "پێلێ"ـیه، هیچ یاریزانێك نییه له دنیادا پێگه‌یشتبێت و یاریی بكات، گوێی له چیرۆك و باسی گۆڵه‌كان و ده‌ستكه‌وته‌كانی پێلێ نه‌بووبێت، منیش له‌وه به‌ده‌ر نیم".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی "به‌م هۆكاره‌وه زۆر دڵخۆشم، كه به‌و ئامانجه گه‌یشتم، كه وای كرد ببمه سه‌رتۆپی ئه‌و یاریزانانه‌ی زۆرترین گۆڵیان تۆمار كردووه و ژماره‌كه‌ی پێلێم شكاند، ئه‌مه‌ش شتێكه، كه هیچ كات خه‌ونم پێوه نه‌بینیوه پێی بگه‌م، له‌و كاته‌وه‌ی وه‌ك منداڵێكی مادێرا پێگه‌یشتووم".
پێلێی به‌رازیلی سه‌ركردایه‌تی تیپی وڵاته‌كه‌ی كردووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مۆندیاله‌كانی 1958، 1962 و 1970، له‌و زانیارییانه‌ی له ئینستاگرامه‌كه‌شیدا هه‌یه، له سه‌رووی هه‌موو گۆڵكارانی دنیایه و 1283 گۆڵی هه‌یه.
پێلێ، كه ئێسته ته‌مه‌نی 80 ساڵه، له‌گه‌ڵ رۆماریۆی ئه‌ستێره‌ی پێشووی به‌ڕازیل، هه‌ریه‌كه‌یان زیاتر له هه‌زار گۆڵیان كردووه، به‌ڵام ئه‌و ژمارانه له پاڵه‌وانیه‌تییه جیاوازه‌كانی فه‌رمی و نافه‌رمی و یارییه دۆستانه‌كانیشدا تۆمار كراوه.
له به‌رامبه‌ر پۆسته‌كه‌ی رۆناڵدۆدا، پێلێ شه‌وی رابردوو پیرۆزبایی له رۆناڵدۆ كرد و له ئینستاگرام و توویته‌ر په‌یامێكی بۆ نووسی "ژیان گه‌شتێكی تاكه‌كه‌سییه، هه‌ر كه‌سێك گه‌شتیكی خۆی هه‌یه، گه‌شته‌كه‌ی تۆش زۆر جوانه، من زۆر به تۆ سه‌رسامم، كاتێك یاریی ده‌كه‌یت حه‌ز ده‌كه‌م سه‌یرت بكه‌م، ئه‌مه‌ش له كه‌س نهێنیی نییه".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی "بۆ شكاندنی ژماره پێوانه‌ییه‌كه‌ی من له یارییه فه‌رمییه‌كاندا، پیرۆزباییت لێده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌ست به خه‌مباری ده‌كه‌م، كه ئه‌مڕۆ ناتوانم بێم و له باوه‌شت بگرم".