ترس له‌ پارتی‌ میلیشیاكانی‌ تاساندووه‌

:: PM:06:02:15/03/2021 ‌
یه‌كه‌مجار نییه‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركووك هانا بۆ سه‌رۆك بارزانی‌ ده‌هێنن و ده‌یانه‌وێ‌ له‌و دۆخه‌ی‌ تێیدان ڕزگاریان ببێت، هه‌ر خه‌ڵكی‌ كه‌ركووكیش پێشتر ڕایان گه‌یاندبوو كه‌ په‌شیمانن و داوای‌ لێبووردن ده‌كه‌ن له‌وه‌ی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر ڕووی‌ دا.

له‌ دوای‌ ڕووداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ ساڵی‌ 2017، كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربازی‌ به‌غدا و میلیشیاكان حوكمی‌ ئه‌و شاره‌ ده‌كه‌ن، له‌كاته‌وه‌ تا ئێسته‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ دۆخی‌ كورد له‌و ناوچانه‌ ڕوو له‌ خراپوون ده‌كات، پێشێلكاری‌ و ته‌عریب و ئازاردان و جیاوازی‌ له‌ نێوان پڕۆژه‌كان بۆ خه‌ڵك به‌رده‌وامه‌.

میلیشیاكان خه‌ریكی‌ ئاژاوه‌ن و ڕێ‌ له‌ چۆڵكردنی‌ باره‌گای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌گرن
سه‌رباری‌ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌و سنووره‌ هه‌ن، به‌ڵام میلیشیاكان خه‌ریكی‌ ئاژاوه‌ن و ڕێ‌ له‌ چۆڵكردنی‌ باره‌گای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و حزبه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌. ترس له‌ پارتی‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ خێراتر كردووه‌ كه‌ هه‌رچی‌ له‌ ده‌ستیان دێ‌ به‌رانبه‌ر پارتی‌ بیكه‌ن و نه‌هێڵن ئه‌و حزبه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

د. محه‌مه‌د خورشید، به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك ده‌ڵێت، له‌ دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ باره‌گای‌ پارتی‌ له‌ كه‌ركووك داگیر كراوه‌ و بڕیار درابوو باره‌گان بدرێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هه‌وڵی‌ هه‌ندێك لایه‌ن ڕێگری‌ له‌و كاره‌ كراوه‌.

ئه‌و بۆ "وشه‌" ده‌ڵێ‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبین دژی ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتی گردبوونه‌وه‌  و مه‌به‌ست له‌ خۆپێشاندانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌وشی كه‌ركووك ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن هه‌ندێ لایه‌ن دژی ئاساییكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی شنگال بوون.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ پارتی‌ پێی‌ وایه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ پارتی‌ بۆ كه‌ركووك كورد به‌ هێزتر ده‌بێت ئه‌وه‌یش ترسی‌ خستووه‌ته‌ دڵی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ و به‌ هه‌موو جۆرێك ڕێگری‌ لێ‌ ده‌كه‌ن.

داوای‌ لێبووردن ده‌كه‌ین له‌و خیانه‌ته‌ی‌ كه‌ له‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر ڕووی‌ دا
سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ كه‌ركووك پێكهێنرا، به‌ڵام لیژنه‌كه‌ هیچ هه‌نگاوێكی‌ ئه‌رێنی‌ نه‌ناوه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش پێیان وایه‌ كه‌ به‌غدا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ شاره‌كه‌ نایه‌ته‌ پێشه‌وه‌.

ئێسته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌غدا له‌سه‌روبه‌ندی‌ رێككه‌وتنی‌ بودجه‌ی‌ عێراقن و لێكتر نزیكبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، جووڵاندنی‌ میلیشیاكان به‌وشێوه‌یه‌ دژی‌ كورد و پارتی‌ په‌یامێكی‌ تر ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌شێكی‌ سه‌ره‌كی‌ عه‌ره‌ب نایانه‌وێ‌ به‌ هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ كورد ڕێكبكه‌ونه‌وه‌. 

له‌ناو ئه‌و هه‌موو جووڵه‌ سیاسیی و خراپی‌ ڕه‌وشی‌ كه‌ركووك، خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ په‌نا بۆ سه‌رۆك بارزانی‌ ده‌هێنن و ده‌ڵێن، "سه‌رۆك فریامان بكه‌وه‌".

دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وكاته‌ی‌ به‌ زۆر ناوچه‌یه‌كی‌ پیشه‌سازی‌ له‌ كه‌ركووك تێكده‌درا كورده‌كان له‌به‌رده‌می‌ مایكی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن هاواریان ده‌كرد، سه‌رۆك فریامان بكه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركووك بكه‌، " داوای‌ لێبووردن ده‌كه‌ین له‌و خیانه‌ته‌ی‌ كه‌ له‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر ڕووی‌ دا".

ئه‌مڕۆیش هه‌مان داوا كرایه‌وه‌، خه‌ڵكی‌ كه‌ركووك دوای‌ خۆپێشاندانی‌ میلیشیاكان داوایان كرد كه‌ سه‌رۆك بارزانی‌ فریای‌ كه‌ركووك بكه‌وێ‌.

شكۆ تاهیر هاووڵاتییه‌كی‌ شاری‌ كه‌ركووكه‌ بۆ "وشه‌" گوتی‌، له‌ دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ژیان بۆ كورد له‌ كه‌ركووك نه‌ماوه‌، پێویسته‌ فریادڕه‌سێك بۆ كه‌ركووك هه‌بێت كه‌ ئه‌وه‌یش ته‌نیا "به‌ سه‌رۆك بارزانی‌ ده‌كرێ‌".

ئه‌و هاووڵاتییه‌ ده‌ڵێ‌، خه‌ڵكی‌ كه‌ركووك بێزاربوون له‌ ده‌ستی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌پێنراوه‌ی‌ كه‌ له‌ شاره‌كه‌دا هه‌یه‌، ڕۆژ به‌ڕۆژ ئاستی‌ خزمه‌تگوزاری‌ و ره‌وشی‌ ژیان خراپتر ده‌بێت.

پێشی‌ وایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ به‌خاوه‌نی‌ كورد ده‌زانێ‌ ته‌نیا سه‌رۆك بارزانییه‌، بۆیه‌ "داوای‌ لێده‌كه‌ین خاوه‌ندارییه‌تی‌ له‌خه‌ڵكی‌ كه‌ركووك بكات".

به‌گوته‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركووك ئه‌و دیمه‌نانه‌یان هه‌رگیز له‌یاد ناچێته‌وه‌ كه‌ له‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ 2017 سوپای‌ عێراق هێنرایه‌ شاره‌كه‌ و ئه‌و به‌رپرسانه‌ی‌ سه‌ر به‌ حزبێكی‌ دیاری‌ كراویش بوون پێشڕه‌ویان بۆ ده‌كردن دواتر بۆیان نه‌بوو به‌ چه‌كه‌وه‌ بێنه‌ شاره‌كه‌ و داریان درابوویه‌.

داوای‌ كه‌ركووكییه‌كان بۆ سه‌رۆك بارزانی‌ له‌ سۆنگه‌ی‌ په‌رۆشیانه‌ بۆ خاوه‌ندارییه‌تی‌ به‌تایبه‌ت كه‌ یه‌كلا بوونه‌ته‌وه‌ تاكه‌ كه‌سێك پێڕه‌وی‌ كورد بكات سه‌رۆك بارزاییه‌.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم