دوایین زانیاری لەبارەی پڕۆژە یاسای دادگای فیدراڵ و هەڵوێستی كورد

:: PM:08:18:16/03/2021 ‌

هەوڵەكان لەناو پەرلەمانی عێراق بۆ تێپەڕكردنی یاسای دادگای فیدراڵ بەردەوامە، لەناو بوونی ناكۆكی لەسەر چەند مادەیەكی ناو پڕۆژە یاساكە، پەرلەمانتارێكی كورد ئاماژە دەكات كە رێككەوتن لەسەر چەند مادەیەكی ناكۆك كراوە و ئەگەری هەیە ئەمشەو یاساكە تێپەڕ بكرێت.

حەسەن ئالی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، یاسای دادگای فیدراڵ تۆزێك بەزەحمەت لەناو پەرلەمان دەڕۆیشت، ئەمڕۆیش پەرلەمان هەر لەسەر ئەو یاسایە كۆ دەبێتەوە، لە دانیشتنی یەكەم دەنگمان لەسەر یاساكە دا، لەسەر مادەكانی یەك و دوو و چوار ناڕەزایەتیمان هەبوو.
هەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی نزیكەی هاوڕان لەسەر یاساكە
زیاتر گوتی، لەبارەی ئەندامانی دادگای فیدراڵ، پێكهاتەكان و كەمەنەتەوایەتییەكان جیا لە شیعە و سوننە و كورد، ئەوان بەفەرمی ئەندامیان لە دادگاكە دەبێت، واتە ئەندامێك لەوان دابنرێ و نوێنەرایەتی ئەوان بكات، وەك كلدۆئاشووری و ئێزیدی و توركمان و هیتریش، وەك كورد پێداگریمان لەسەر ئەو بابەتە كرد.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، لەبەر ئەوەی عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە، ناكرێ یاساكە هەمووی بە شەریعەتی ئیسلامەوە پێوەست بكرێت، بۆیە كەمەنەتەوایەتییەكان داوای ئەوەیان كرد خواستی ئەوانیش لە یاساكە رەنگ بداتەوە، بۆیە ئەمڕۆ دوایین دانیشتنی پەرلەمان دەبێ بۆ تەواوكردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی.

لەبارەی ئەگەڕی مسۆگەری تێپەڕكردنی یاساكە لە دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەماندا، حەسەن ئالی گوتی، ئەگەری هەیە، چونكە پێشوەخت لایەنە سیاسییەكان رێككەوتوون و چەند رۆژێكە لە كۆبوونەوەدان بۆ تێپەڕكردنی یاساكە بە تەوافوق و هیچ لایەن و پێكهاتەیەك لەیاساكە پشتگوێ نەخرێت و خواستی هەمووانی تیادا رەنگ بداتەوە.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە هەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی نزیكەی هاوڕان لەسەر ئەوەی یاساكە بۆ هەموو پێكهاتەكانی عێراق بێ و نابێت تەنیا پێوەست بێت بە پێكهاتە گەورەكانەوە، بۆیە پێم وا نییە هیچ ناكۆكییەك لەوبارەوە لەنێوان هەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتیدا هەبێت.

لەبارەی بوونی پێوەندی لەنێوان یاسای فیدراڵ و یاسای بودجەوە، ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی گوتی، بێگومان پێوەندی هەیە، چونكە یاسای بودجە تا ئێستە نەهاتووەتە پەرلەمانەوە، بۆیە پڕۆژە یاسای دادگای فیدراڵ پێش خرا، چونكە یاسای دادگای فیدراڵ گرنگە و بێ تێپەڕ نەكردنی، پێم وایە یاسای بودجەیش كەموكورتی تیادا دەبێت، بەڵام ئەگەر لەو یاسایە رێككەوتن بۆ تێپەڕكردنی بكرێت، رێخۆشكەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجەیش.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل