جه‌نگه‌كان هه‌میشه پیاوان هه‌ڵگیرسێنه‌ری بوون و زۆرترین پیاویش به درێژایی مێژوو له نێو گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگ گیانیان له ده‌ستداوه، به پێچه‌وانه‌وه ژنان له سه‌رده‌می جه‌نگه‌كان هه‌میشه هیوایه‌ك بوون بۆ مانه‌وه له ژیان، به كاركردن له به‌ره‌كانی پشته‌وه‌ی جه‌نگ و تیماركردنی سه‌ربازان و ڕزگاركردنی ژیانیان، به‌ڵام ئه‌مانه چیرۆكی دووباره‌ن و هه‌موو كات بوونیان هه‌بوو، ڕووداوێكی سه‌یر و جیاواز كه له وڵاتێكی ئه‌فریقا ڕوویدا و ژنان نه‌ك هه‌ر تیماركه‌ری بریندارانی جه‌نگبوون، به‌ڵكو به‌هۆی بایكۆتكردنی سێكس له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانیان توانیان كۆتایی به خوێناوی‌ترین جه‌نگ بهێنن و به زۆر ئاشتی له وڵاته‌كه‌یان بچه‌سپێنن.
ئه‌و ڕووداوه ناوازه‌یه‌ی مێژوو له كۆماری
لیبریا ڕوویدا، كه یه‌كێكه له وڵاتانی ڕۆژئاوای ئه‌فریقا و كه‌وتووه‌ته سه‌ر زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی، وڵاتی سیرالیۆن له ڕۆژئاوایهتی و گینیا له باكور و كۆت دیڤوار له ڕۆژهه‌ڵاتیه‌تی. له ساڵی 1989 جه‌نگی یه‌كه‌می ناوخۆیی لیبیریا روویدا، به‌ڵام له 1997 كاتێك چارلز تایلۆر سه‌رۆكایه‌تی وڵاتی گرته ده‌ست، گه‌ڕی دووه‌م یان جه‌نگی دووه‌می ناوخۆیی لیبریا له 1999 ده‌ستی پێكرد و تا 2003 به‌رده‌وامی هه‌بوو، به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه‌وه زیاتر له 250 هه‌زار كه‌س كوژران و به خوێناوی‌ترین جه‌نگی ناوخۆیی له كیشوه‌ری ئه‌فریقا ناوده‌برێت.
لیما گبۆی یه‌كێكه له‌و ژنانه‌ی كه پاڵه‌وانی وه‌ستاندنی ئه‌و جه‌نگه وێرانكه‌ره‌یه و به خاتوونی ئاشتی ناوی ده‌برێ و له 2011یش خه‌ڵاتی نۆبلی ئاشتی پێ به‌خشرا، لیما هه‌رچه‌نده تا ناوه‌ندی خوێند و به‌هۆی جه‌نگی یه‌كه‌می ناوخۆیی وڵاته‌كه‌ی له خوێندن دابڕا، به‌ڵام له‌لایه‌ن یونسێفه‌وه له چه‌ندان كۆرس به‌شداری پێكرا، له‌گه‌ڵ چه‌ندان هاووڵاتی تری لیبیری تا كۆمه‌كی ئه‌وانه بكه‌ن، كه به‌هۆی جه‌نگه‌وه تووشی كێشه‌ی ده‌روونی بوون و ژیانیان له مه‌ترسیدایه.
دواجار ئه‌و ژنه ده‌ستی به دروستكردنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی ژنان له وڵاته‌كه‌ی كرد و ژنانی مسوڵمان و كریستیانی كۆكرده‌وه و هه‌مووان له مۆنرۆڤیای پایته‌خت ده‌ستیان به خۆپێشاندان و ناڕه‌زایی كرد و جلی سپیان پۆشی و نوێژی ئاشتیان ده‌كرد.
ژنان گه‌وره‌ترین خۆپێشاندانیان كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی خۆ ڕووتكردنهوهیان كرد و هه‌ڵمه‌تی بایكۆتی سێكسیان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانیان ڕاگه‌یاند
ڕۆژ دوای ڕۆژ به‌شداری ژنان له خۆپێشاندانه‌كان زیاتر و زۆرتر ده‌بوو و دواجار چارلز تایلۆری سه‌رۆكی وڵات ناچاربوو له‌گه‌ڵیان دابنیشێت و گوێ له داواكانیان بگرێت. به‌ڵام هه‌موو شتێك بێ ئه‌نجام مایه‌وه، له 2002 به ڕابه‌رایه‌تی لیما كه وه‌ك گوته‌بێژی ژنانی لیبیریا بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی گوتاری ده‌دا له ده‌وری كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی وڵات گردبوونه‌وه و ڕێگریان له ده‌رچوون و هاتنی هه‌ر كه‌سێك كرد و دووپاتیان له‌وه ده‌كرده‌وه، كه تا ئاشتی و ئاگربه‌ستی بێ مه‌رج ڕانه‌گه‌یه‌نرێت، ڕێ به ده‌رچوونی سه‌رۆكی وڵات ناده‌ن.
هه‌رچه‌نده پۆلیس و هێزه‌كانی ته‌ناهی ویستیان بڵاوه‌یان پێ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌یان كرد، كه سه‌رجه‌میان خۆیان ڕووت ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌مه‌یش شه‌رم و شوورهییهكی گه‌وره بوو بۆ پیاوان كه زۆر له ژنان بكه‌ن و ژنانیش له ڕقی زۆرداری و فشاره‌كانیان خۆیان ڕووت بكه‌نه‌وه، بۆیه پۆلیس و هێزه‌كان نه‌یانتوانی هیچیان به‌رانبه‌ر بكه‌ن.
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بزووتنه‌وه‌كه‌ی ژنان بڕیارێكی سه‌یر و جیاوازی ده‌كرد، كه هه‌موو جیهانیان تووشی شۆك كرد و سه‌لماندیان كه هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك ده‌گرنه‌به‌ر تا ئاشتی بۆ وڵاته‌كه‌یان بگێڕنه‌وه، بڕیاره‌كه بریتی بوو له بایكۆتكردنی جووتبوون له‌لایه‌ن ژنانه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانیان، تا هیچ پیاوێك نه‌چێته جه‌نگه‌وه و به‌مشێوه‌یه شه‌ڕ كۆتایی پێ بێت.
ئه‌م هه‌نگاوانه به گوێره‌ی كولتووری وڵاته‌كه هه‌نگاوی شه‌رمهێنه‌ر و ئابڕووبهربوون و داهاتووی پیاوانیان شووم ده‌كرد، جیا له‌وه‌یش ژنانی ناو بزووتنه‌وه كه ژماره‌یان گه‌یشته ده‌یان هه‌زار، سه‌رجه‌میان پابه‌ندی ئه‌و بڕیارانه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌یان بوون و توانیان گه‌وره‌ترین فشار له‌سه‌ر به‌ره‌ی حكوومه‌ت و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان دروست بكه‌ن. كه به هاندانی وڵاتانی دراوسێ ئه‌م شه‌ڕه‌یان درێژه پێ ده‌دا.
هه‌رچه‌نده هه‌وڵی زۆر درا كه
لیما و ژنانی لیبیریا شكستیان پێ بهێنرێ و جه‌نگ به‌رده‌وامی هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌وان سوورتر ده‌بوون و هه‌ڕه‌شه‌كانیان به كرده‌یی ده‌كرد. ئه‌مه وایكردبوو كه جه‌نگاوه‌رانی حكوومه‌ت و به‌ره‌ی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان بكه‌ونه دۆخێكی نامۆوه و دووجار بیر بكه‌نه‌وه و وره‌ی شه‌ڕكردن و یه‌كتر كوشتن‌یان لا كاڵ ببێته‌وه.
دواجار سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا و سه‌رۆكی وڵاتیان ناچار به‌ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه كرد و ئاشتی هه‌میشه‌یییان له وڵاته‌كه جێگیر كرد
پرۆسه‌كه درێژه‌ی هه‌بوو و تا ساڵی 2003ی خایاند، دواجاریش لیما و ژنانی تری یاوه‌ری توانیان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره به‌ده‌ست بهێنن و چارلز تایلۆری سه‌رۆكی وڵات ناچار به ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه كرا، به‌هۆی كوشتنی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی و سه‌ركرده‌ی هه‌ڵگه‌ڕاوه و یاخیبووه‌كان له حكوومه‌ت له هه‌موو پۆست و ده‌سه‌ڵاتێك دوورخرانه‌وه و حكوومه‌تێكی كاتی و مه‌ده‌نی له لیبیریا ڕاگه‌یه‌نرا و جه‌نگ به ته‌واوی كۆتاییهات و ئاشتی جێگیركرا.
لیما به‌و كارانه‌ی ناوی چووه ناو مێژوو و زۆرێك له سه‌ركرده‌ی وڵاتانی دنیا په‌سنیان ده‌كرد و به بوێرترین ژنی سه‌رده‌م ناویان ده‌برد، جیا له‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبلی ئاشتی به‌ده‌ستهێنا، هاوكات خه‌ڵاتی تایبه‌ت به بوێری له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له 2009 پێ به‌خشرا، له زانكۆی هارڤاردی ئه‌مه‌ریكیش خه‌ڵاتی بلیو ریبۆنی پێ درا.