نیهاد جامی کۆرسێکى شانۆیی ئۆنلاین ده‌كاتەوە

:: PM:12:21:18/03/2021 ‌
بڕیاره‌ بۆ ماوەی دوو مانگ کۆرسى شانۆیی به‌شێوه‌ى ئۆنلاین له‌لایه‌ن نیهاد جامی نووسەر و شانۆكارى ناسراوى كورد بگوترێته‌وه‌.

ئەمڕۆ پێنجشه‌م 18ى ئادار، نیهاد جامی نووسەر و شانۆكارى ناسراوى كورد، به‌"وشە"ى ڕاگه‌یاند، "لەژێر دروشمی (خەون بینین، بڕواکردن، خوڵقاندن) ئەکادیمیای ئەلیدی ئارت لە درێژەی کۆرسەکانیدا، ڕۆژی یه‌كى نیسانى داهاتوو بۆ ماوەی دوو مانگ کۆرسێکی شانۆیی دەکاتەوە".

جامی لەبارەی ناوەڕۆکی بابەتەکان دەڵێ، "کۆرسە شانۆییەکە دوو تەوەر لەخۆ دەگرێت، ئەوانیش پێرفۆڕمانس و شانۆ. ئەوەیشی خستەڕوو کە وانەکانی هەردوو بابەتەکە خۆی دەڵێتەوە."

"هەفتانە بۆ ماوەی دوو سه‌عات وانەکان دەگوترێنەوە، کۆرسەکەیش بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت" جامی وای گوت. ئەوەش وەک ڕەچاوکردنی دۆخی تازەی ژیان بەهۆی کۆرۆناوە کە قەرەباڵخی ڕەت دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەیش کرد کە ئەکادیمیای ئەلیدی ئارت جیا لەو کۆرسە، بەردەوام کۆرسی تایبەتی هەیە لە بواری هونەری سینەمادا.

نیهاد جامی نووسەر و شانۆكارێکی ناسراوى كورده‌، دەیان کتێبی جاپ کردووە و کاری پراکتیکی شانۆییشی زۆرە، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا سێ ڕۆمانیشی وەک ئەزموونێکی نوێی ئەدەبی نووسی بە ناوەكانی "لە ئۆكتۆبەردا كوژرام، من لە ماڵی سەرۆك بووم و كچەی خوێنەر"، كە دەزگەی "وشە" چاپ و بڵاوکرانەوە.


وشە - محەمەد میران