سەرۆکی حزبێکی ئێران بەگژ براوەی ئۆسکاردا دەچێتەوە
دەبوایە ئاوڕت لەوهەمۆ هونەرمەندانەی ناو زیندانەکان دابایەوە

:: PM:05:05:27/02/2017 ‌

حیشمەتوڵا تەبەرزەدی، سەرۆکی بەرەی دیموکراتیکی ئیران لەتاران بە توندی بەگژ هەڵوێستی ئەسغەر فەرهادی، براوەی خەڵاتی ئۆسکاردا دەچێتەوە و رای دەگەیەنێت، لەبری ئەوەی پێ بخەیتە ناو سیاسەتەوە و هەڵوێستی ترامپ شەرمەزار بکەی، ئاوڕێکت لە سینەماکار و هاوپیشەکانت داباوە کە ساڵیانێکە لەناو زیندانەکانی ئێراندان.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی شوبات/فێبرایەر، سەرۆکی بەرەی دیموکراتی ئێران لە تارانەوە هەڵوگێستی ئەسغەر فەرهادی، دەرهێنەر و وەرگری خەڵاتی ئۆسکاری 2017ی لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەی بە خۆڵ کردنە ناو چاوی خەڵکەوە هەژمار کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بۆچی ئەو دەرهێنەرە کەڵکی لەو تریبونە نێودەوڵەتییە وەرنەگرت بۆ گەیاندنی ئەوهەمۆ زەبر و زەنگەی بەرامبەر هاوپیشەکانی خۆی و سەرجەم هونەرمەند و رۆژنامەنووس و نووسەرانی ئێراندا دەکرێت.

تەبەرزەدی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، من وەک خەباتکاریکی سیاسی و رۆژنامەنووس و سیاسەتوانی زیندانی، نەک مافی ئەوەم هەیە پرسیار لە هونەرمەندێکی بەناوبانگ بکەم کە بەهەر هۆیەک بێت پێی خستووەتە ناو دنیای سیاسەتەوە و پێی بڵێم خۆزگایە لەبری ئەوەی هۆکاری بەناوبانگبونەکەت بۆ بەرگریکردن لە ئازادی رادەربڕین و بیر و باوەڕ و هونەرمەندانی وڵاتەکەت بەکار دەهێنا.

زیاتر دەڵێ، بەڕێز فەرهادی بەباشی ئاگاداری دۆخی هونەرمەندانی ناو زیندانەکانی ئێرانە و خۆی دەزانێت بەرهەمهێنان و خوڵقاندنی بەرهەمێکی هونەری، فەلسەفی، ئەدەبی یان سیاسیی لە ئیراندا هەرگیز ناکرێت.

تەبەرزەدی محەمەد رەزا شەجەریان، هونەرمەندی فارس وەک نمونە دەهێنێتەوە کە بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی ریگە لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی دەگیرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە و دەڵێ، ئەوە دەنگی شەجەریانە لەو نیشتیمانەدا قەدەغە کراوە، ئەی دەبێ حزب و رۆژنامەکەی من کە دژی حکومەتە چ چارەنووسێکی هەبێت؟ لەراستی پارادۆکسەکان ئەوەندە ئاشکران کە هەر خۆیان هەموو شتێک دەدرکێنن.

حیشمەتوڵا تەبەرزەدی سەرۆكی "بەرەی دیموكراتیكی ئێران"ە لە تاران و یەكەم كەس بوو پێشگری ئیمامی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران دانا و دواتر بوو بە رەخنەگری هەرە سەرسەختی خامنەیی و لەناو گرتووخانەی كۆماری ئیسلامییەوە لە دادگەی نێودەوڵەتی سكاڵای لەسەر تۆمار كرد.

ساڵی رابردوو تەبەرزەدی لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ "وشە" تیرۆرکردنی دوو سکرتێری حزبی دیموکرات "د. عەبدولڕەحمان قاسملوو" و "د. سەعید شەڕەفکەندی" بە ریسواییەکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران وەسف کرد.



وشە - هیدایه‌ت جان