کۆشکی سپی لەبارەی کەوتنەکەی بایدن روونکردنەوە دەدات

:: AM:11:42:20/03/2021 ‌
دوای ئەوەی رۆژی هەینی گرتەیەکی سەرۆکی ئەمەریکا بڵاو بوویەوە کە لەکاتی سەرکەوتنی بۆ ناو فڕۆکە تایبەتەکەی سێ جار لەدوای یەک لەسەر پەیژەکان دەکەوێت، کۆشکی سپی روونکردنەوە دەدات و دەڵێ تەندروستی بایدن 100٪ باشە و هۆکاری کەوتنەکەش روون دەکاتەوە.
لەکاتی گەشتەکەی بایدن رەشەبایەکی توند هەڵیکردبوو

کارین جۆن، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کەوتنەکەی بایدن روونی دەکاتەوە، سەرۆک بایدن تەندروستی جێگیرە و لەبارەی کەوتنەکەشی دەڵی، هۆکاری کەوتنەکە هەڵکردنی ئەو ڕەشەبایەیە کە چەند رۆژێکە لە ئەمەریکا هەڵی کردووە و بایدنیش لەکاتی سەرکەوتن بۆ ناو فرۆکەکەی بەهۆی ئەو رەشەبایەوە کۆنتڕۆڵی لەدەست دەدات و دەکەوێت.

"جۆ بایدن پێشتر لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی ئەمەریکا کەوت و قاچی شکا، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەر بە تەواوەتی چاک بووەتەوە و ئێستە پشکنینەکانی بە تەواوەتی بۆ کراوە و تیمە پزیشکییەکەی دەڵین تەندروستی 100٪ جێگیرە، بەڵام رەنگە ئەو شکانەش هۆکار بووبێت بۆ ئەوەی وا بکات سەرۆک لەو رەشەبایەدا نەتوانێ بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی خۆی بکات" جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی وای گوت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، سەرۆک لە گەشتی ئەتلەنتا بووە و هەموان دەزانن کەشوهەوای ئەو ناوچەیە لە ماوەی هەفتەی رابردوو چەندە تووش و ناجێگیر بووە، ئەو گوتەبێژە دەڵێ، خۆیشم لەکاتی سەرکەوتنم بۆ ناو فڕۆکەکە دوو جار تووشی ئەو حاڵەتەی سەرۆک بایدن بووم و کەوتم. 

دوای کەوتنە لەدوای یەکەکانی بایدن لەسەر پەیژەی فڕۆکە تایبەتییەکەی، زۆربەی میدیاکانی دنیا گرتە ڤیدیۆکەیان بڵاو کردەوە و بەشێک لە میدیاکاران ئاماژەیان بەوە کردبوو کە بایدن نەخۆشییەکی کوشندەی هەیە و ناتوانێ کۆنتڕۆڵی رێکردنی خۆی بکات، بەڵام کۆشکی سپی بە تەواوەتی ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە و دەڵی، سەرۆک تەندروستییەکی تەواو جێگیری گەیە و تەنیا کەشوهەوا هۆکار بۆ بۆ ئەو رووداوە.


وشە - هیدایه‌ت جان