ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، له كۆبوونەوی ئاسایی خۆی بڕیاری فرۆشتنی 32 كارگەی بە وەزارەتی پیشەسازی و ئابووری دا، بەشێكی تری كۆبوونەوەكەش بریتی بوو لە كەرتەكانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان دا، پەرەپێدانی بوارەكانی پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵ و گەشت وگوزار.
ئەمڕۆ دووشەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی كوردستان ئەنجام درا و ماڵپەری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە، كۆبوونەوەكە كە تایبەت بوو بە گەشەپێدانی كەرتەكانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان دا، پەرەپێدانی بوارەكانی پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵ و گەشت وگوزار، هەروەها تیشك خرایە سەر بواری پیشەسازی و چۆنیەتیی پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و پاراستن و ساخكردنەوەیان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان دا و زیادكردنی كارگەكانی كەرتی تایبەت.
ماڵپەری سەرۆكایەتی حكوومەت ئاشكرای كردوە، لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە دا باس لە ئاسانكاری بۆ تۆماركردنی كۆمپانیاكان كرا كە ژمارەیان لە هەرێمی كوردستاندا گەیشتۆتە 24 هەزار و800 كۆمپانیا، 21 هەزار و 700 كۆمپانیا ناوخۆیی و سێ هەزار و 100 كۆمپانیاش بیانین.
لەو كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ڕاسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و دەزگا پەیوەندیدارەكان، ئاسانكاریی زیاتر لەمبارەیەوە بكەن كە خۆی لە كەمكردنەوەی ڕۆتین و ڕەسمی تۆماركردن و بەئەلكترۆنیكردنی تۆماركردنی كۆمپانیاكان دەبینێتەوە، هەروەها لەو بارەیەوە لە مانگی 5ی 2017ەوە كۆمپانیاكان دەتوانن بە شێوەیەكی ئەلكترۆنی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە خۆیان تۆمار بكەن.
لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ڕاسپێردرا بۆ ئەنجامدانی چەند ڕووپێوێكی ئابووری لە بوارەكانی پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵی و گەشتوگوزار لە ساڵی 2017دا و بڕیار درا بودجەی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو ڕووپێوانە تەرخان بكرێت، ئامانج لەم ڕووپێوانەش بەدەستهێنانی داتا و زانیاریی دروستە بۆ ئەوەی لایەنە بڕیاربەدەست و پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بتوانن بە پشتبەستن بەو زانیاریانە بڕیاری ڕاست و دروست لە گەشەپێدانی بوارەكانی پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵی و گەشتوگوزار بدەن.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بابەتی پاراستنی بەرهەمی كارگە خۆماڵییەكان كرا كە ئێستا ژمارەیەكی زۆریان لە كاركرندان بە زیادكردنی ڕەسمی گومرگی لەسەر كاڵای هاوەردەكراو و كەمكردنەوەی ڕەسمی گومرگی لەسەر كەرەستەی خاوی پیشەسازی، لەمبارەیەوە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوكاڵەت ڕاسپێردرا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری، كۆمەڵێك ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر لە دانانی پلانێكی ڕوون و ئاشكرا بۆ پشتگیریكردنی بەرهەمی خۆماڵی و پاراستنی بەرامبەر بە بەرهەمە هاوردەكراوەكان.
بابەتێكی دیكەی كۆبوونەوە، باسكردن لە بارودۆخی ئەو كارگانە بوو كە سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و ژمارەیان 32 كارگەیە لە سەرتاسەری كوردستان و بەشێكی زۆریان لەكار كەوتوون، بەشێكیشیان لە كاركردن بەردەوامن، لەمبارەیەوە بڕیار درا دەسەڵات بدرێتە وەزارەتی پیشەسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ فرۆشتنی ئەم كارگانە، یان پەیداكردنی هاوبەش لە كەرتی تایبەت بۆ بەگەڕخستنەوەیان.