بارزانی گەیشتەوە هەرێمی كوردستان

:: PM:07:33:27/02/2017 ‌
مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای گەشتێك بۆ ئەڵمانیا و فەڕەنسا و توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرانی چەندین وڵات، گەیشتەوە هەرێمی كوردستان.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم لەڕێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتەوە هەرێمی كوردستان ئەوەش دوابەدوای بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە وڵاتی ئەڵمانیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرانی چەند وڵاتێكی تر.

لەو چوارچێوەیەدا بارزانی سەردانی فەرەنسای كرد و لە كۆشكی ئێلیزیە لەگەڵ فرانسۆ هۆلاند، سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبۆوە و دوێنی یەكشەمەش گەیشتە وڵاتی توركیا و لەگەڵ هەریەكە لە رەجەیب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و بیناڵی یڵدرم سەرۆك وەزیران ئەو وڵاتە كۆبوویەوە و پرسی هەستیاری ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەیەوە كرا.

هەر لەوسەردانەیدا بارزانی لەگەڵ ئەحمەد تورك هاوسەرۆكی شارەوانیی ماردین و نەوەكانی شێخ سەعیدی پیران كۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێك كرد.

بەبڕوای چاودێرانی سیاسی سەردانەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گرنگی تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەت كاتێك بۆ یەكەمجار وڵاتی توركیا ئاڵای كوردستانی لەكاتی گەیشتنی بارزانی بۆ ئەستەنبۆڵ هەڵكرد.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم