بەغدا بڕیارێكی جیاوازی بۆ پارەی جوتیارانی هەرێم دەركرد

:: PM:08:24:27/02/2017 ‌
بڕیار بوو چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بەغداد بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، له‌ 80%ی پارەی جوتیارانی عێراق و هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت، بەڵام جارێكی تر عەبادی بڕیاری داوە پارەی جوتیاران تەنها لە 17% خەرج بكات جیاواز لە هەموو ناوچەكانی دیكەی عێراق.
 
ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێشتر بڕیاربوو بەغداد بڕی لە 80%ی پارەی گەنمی جوتیارانی ساڵی 2016 بۆ تەواوی ناوچەكانی عێراق و هەر سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات.
 
ئەوەشی گوت، دوای ئەوەی وردبینی لە سەرجەم ناوچەكان كراو و هەرێمی كوردستانیش ئەو وردبینیەی تەواو كرد بۆ پارەی جوتیاران، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیارێكی جیاوازی بۆ پارەی جوتیارانی هەرێم دەركردووە كە تەنها لە 17%ی پارەی جوتیارانی هەرێم ڕەوانە دەكات.
 
جاف زیاتر گوتی "ئەوه‌ بڕیارێكی باش نییە و دەبێت هەر پێنج فراكسیۆنە كوردییەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوێستیان هەبێت لەبەرامبەر ئەو بڕیارە، لەگەڵ ئەوەشدا نامەی تایبەتیم بۆ عەمار حەكیم ناردووە وەك سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی كە هاتە هەولێر و داوای فرەسه‌تێكی تری كرد لە هەرێم كە بیداتە بەغداد، تا لەسەر ئەو بابەتە قسەی هەبێت كە بۆچی جیاوازی لە پارەی جوتیاران دەكرێت، لە كاتێكدا جوتیاران گەنمیان ڕادەستی بەغداد كردووە".
 
جاف ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، عەبادی ئەو بابەتەی به‌ستۆته‌وه‌ به‌ لە 17%ی بوودجەی هەرێم، لە كاتێكدا ئەو بابەتە بودجەی حاكیمەیە و پەیوەندی بە بودجەی گشتی نییە، كە ئەوە پرسێكی جیاوازە و دەبێت جوتیارانی هەرێم وەك جوتیارانی عێراق لە پارەی گەنم و مافی خۆیان سوودمەندبن.
 
لای خۆیەوە ئەمین محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی دانەوێڵەی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لیژنەی وردبینی لە سلێمانی بەردەوامن بۆ ئەو جوتیارانەی كە پارەیان وەرنەگرتووە.
 
ئەوەشی گوت، جوتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی 150 ملیار دیناریان بۆ ساڵی 2016 لای بەغدادە، بۆ ساڵی 2015 بڕی 68 ملیار و 2014 بڕی 24 ملیار دینار ماوە.
 
سلێمانی: هۆشیار عەلی


وشە - عه‌لی سدیق