ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 25ی ئادار گه‌شتی مه‌شخه‌ڵی ئۆڵمپیادی 2020 ده‌ستی پێ كرد، ئه‌مه‌ش چوار مانگ پێش ده‌ستپێكردنی ركابه‌رییه‌كانی ئۆڵمپیادی تۆكیۆیه.
ئۆڵمپیادی هاوینه‌ی تۆكیۆ 2020 ده‌بوو ساڵی رابردوو ئه‌نجام بدرایه، به‌ڵام به‌هۆی بڵابوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ هاوینی ئه‌مساڵ دواخرا.
نزیكه‌ی 10 هه‌زار كه‌س له راكه‌ر و هاووڵاتیان به‌شداریی هه‌ڵگرتنی مه‌شخه‌ڵه‌كه ده‌كه‌ن و به 47 هه‌رێمی ژاپۆندا ده‌سووڕێته‌وه، ده‌ستپێكی رێڕۆیشتنی مه‌شخه‌ڵه‌كه‌ش له شوێنێك ده‌ستی پێ كرد، كه پێشتر له 2011 بوومه‌له‌رزه و تسۆنامی لێی دابوو، به هۆیه‌وه نزیكه‌ی 20 هه‌زار گیانیان له ده‌ست دا و هه‌زارانی تریش به هۆی دزه‌كردنی تیشكه‌كانی وێستگه‌ی ئه‌تۆمیی فۆكۆشیما ئاواره بوون.
له به‌شی یه‌كه‌می گه‌شتی مه‌شخه‌ڵی ئۆڵمپیدا جه‌ماوه‌ر ئاماده‌نه‌بوون، ئه‌مه‌ش به هۆی خۆپارێزی له كۆرۆنا، ته‌نیا چه‌ند یاریزانێكی كچانی هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن به‌شدار بوون، رێنوێنیی خه‌ڵكیش كراوه كه خۆپارێزی بكه‌ن و له ناوچه‌كانی تردا پێویسته ده‌مامك ببه‌ستن و له یه‌كتر دووربن.
جێی سه‌رنجه كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تیی دیار له به‌شداریكردن له هه‌ڵگرتنی مه‌شخه‌ڵه‌كه پاشه‌كشێیان كرد، كه مه‌شخه‌ڵه‌كه تا رۆژی 23ی ته‌مووزی داهاتوو له گه‌شت ده‌بێت، تا ئه‌و رۆژه‌ی ئۆڵمپیادی تۆكیۆ ده‌ست پێ ده‌كات.