''ئەو کەسەی فێی گرتووە بەهیچ شێوەیەک نابێ لەسەر پشت پاڵ بخرێت''

:: PM:04:16:25/03/2021 ‌

لە دیمانەیەکی ''وشە'' لەگەڵ د.ئازاد حەسەن خدر پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، لەبارەی نەخۆشی فێ دەدوێت و چەندان زانیاریی گرینگ ئاشکرا دەکات سەبارەی بەو نەخۆشییە، لەوەی کە هۆکاری نەخۆشی فێ چییە و کێ تووشی دەبێت و بۆ تووشی دەبێت، ئەم پزیشکە پسپۆڕە لە وڵامی پرسیارەکانی ''وشە'' دەڵت:

نەخۆشی فێ چییە؟
نەخۆشی فێ جۆرە نەخۆشییەکە پێوەندی بە کۆئەندامی دەمارەوە هەیە، لە ئەنجامی زیادبوونی کارەبایی مێشک کە وا دەکات توێکڵی مێشک زیاتر چالاک بێت دروست دەبن، هەروەها توێکڵی مێشک لە ئاستی خۆی زیاتر کار بکات و تەزووی زیاتر بەرهەم بهێنێت ئەمە حاڵەتێک دروست دەکات پێی دەگوترێ ''فێ یان گەشکە''. دەکرێ گەشکە لە کەسی ئاساییدا ڕووبدات کە پێشووتر نەیگرتبێت، چونکە کەسێک کە گەشکەی هەبێ زیاتر لە دووجار گرتوویەتی بۆیە پێی دەڵێن ئەو کەسە فێی هەیە.

هۆکارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە چین؟
هۆکارەکانی تووشبوون بە فێ جیاوازە و بەگوێرەی تەمەنەکانیش دەگۆڕێت، هەشمانە هۆکارەکەی نەزاندراوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ بەگوێرەی تەمەن جیایان کەینەوە، بەنموونە لە منداڵاندا بۆ ناتەندروستی منداڵەکە دەگەڕێتەوە وەک ''شەلەل دەماغ و ناتەندروست لەدایک بوونی منداڵەکە و هەوکردنی مێشک'' ئەمانە زیاتر دووچاری گەشکە دەبنەوە، جگە لەوە لە تەمەنی گەنجیدا پێوەندی بە بوونی ''گرێی سەرەوە هەیە لەگەڵیدا هەوکردنی مێشکیش''، بەڵام لە تەمەنی گەورەدا جەڵتەی دەماغ سەرەکیترین هۆکارە بۆ فێ واتە دوای جەڵتەکە. 

کێ دووچاری نەخۆشی فێ دەبێت و تووشی دەبێت؟
بەشێوەیەکی گشتی هەموو کەس لەبەردەم مەترسی تووشبوون بە فێ یان گەشکەدایە، هەروەها هیچ تەمەن و ڕەگەزێک پارێزراو نییە لەوەی تووشی فێ نابێت، بۆیە فێ لە هەموو ''تەمەنێک'' دووچاری فێ دەبێتەوە، بەڵام وەک گوتمان پێوەندی بەو هۆکارەوە هەیە کە وای لێ دەکات بگاتە حاڵەتی فێیەکە.

ئەو کەسەی تووشی فێبووە و فێیەکە دەیگرێت چی بەسەر دێ؟
ئەم فێیەی گرتوویەتی بەگوێرەی حاڵەتی کەسەکە دەگۆڕێت، بەشێوەیەک ئایا کەسەکەی فێی گرتووە هۆشی لەخۆیەتی یان بێ هۆش بووە، یانیش یەک لای لەشە یان هەردوو لای لەشە، بۆیە بەو پێیە دەگۆڕێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، چونکە کەس هەیە کاتێک فێ دەگرێت ''هەڵسوکەوتی'' دەگۆڕێ، هەمانە ''یەک لای لەشی'' کار دەکات، جگە لەوەیش کەس هەبووە فێی گرتووە وا هەست کراوە بەهۆشە بەڵام لە ڕاستیدا بێ هۆشە و ئاگای لە چواردەوری نییە. لەم حاڵەتەدا کەسەکە کەف لا دەمی دێت و ڕەنگی دەگۆڕێت و زمانی دەگەزێت و لەشی ڕەق دەکات و جووڵەی نا ئاسایی دەکات.

ئەی فێ چارەسەری هەیە؟
وەک هەر حاڵێتێکی تری نەخۆشی بەگوێرەی هۆکارەکانی چارەسەری بۆ دەکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەشێوەیەک حەب و دەرمانی بۆ بەکاردەهێندرێت و پزیشکی پسپۆڕ ڕێنوێنی دەکات، بەڵام حاڵەتی دەگمەنیش هەن کە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام وەک گوتمان حاڵەتی زۆر دەگمەنن.

لەکاتی هەبوونی فێ لە کەسێکدا پێویستە چواردەورەکەی چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن؟
پێویستە بەشێوەیەکی ئارام لەگەڵیان بجووڵێنەوە، لەلایەکی تریش ئەگەر لە شوێنێکی مەترسیداربوون وەک ''لە بەرزایی بوون یان نزیک ئاوبوون یان ئاگرێک کرابووەوە'' پێویست دەکات لەو مەترسیانە دوور بخرێنەوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵ لەدەست نەدات یەکێک لەو حاڵەتانەی بکات، جگە لەوەیش پێویست دەکات ئاگاداری هەناسەدان و فشاری خوێن و باری تەندروستی کەسەکە بن کاتێک فێ گرتوویەتی و بە وردی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، بەشێوەیەک لەسەر لایەکی جەستەی پاڵی دەخەیت بۆ ئەوەی ئەو هەوایەی لە دەمیدا هەیە بێتە دەرەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئاو بەدەموچاوی دامەکە و لەسەر پشت پاڵی مەخە، چونکە ئەگەری هەیە بخنکێت. بۆیە بە ئیسفنجێک یان بە شتێکی نەرم ناو دەمی پاک بکەوە و چاوەڕوانبە تا جووڵەکەی تەواو دەبێت و ئارام دەبێتەوە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان