له شاری هه‌ولێر بڕیاره بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئاشتی، پێشانگایه‌كی كتێب بكاته‌وه، به به‌شداری چه‌ندان ناوه‌ند و ده‌زگای ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 28ی ئادار، ئاشتی شێركۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئاشتی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "له ڕۆژی شه‌موو سێی نیسانی داهاتوو، له ژێر چاودێری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئاشتی پێشانگای كتێب بۆ ناوه‌ندی و ده‌زگاكانی كتێب بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته ده‌كاته‌وه".
زیاتر گوتی، "شوێنی پێشانگاكه له‌ناو بازاڕی داون تاونی هه‌ولێر ده‌بێت، 100 مێز ئاماده كراوه بۆ ده‌زگا و ناوه‌نده‌كانی كتێب و هه‌وره‌ها شوێنی چێشتخانه و پشوودان و قاوه‌خانه و چه‌ندان شتی تریش بۆ سه‌ردانكه‌ران ئاماده كراوه".
ڕوونی كرده‌وه، له سه‌رجه‌م ڕۆژه‌كانی كردنه‌وه‌ی پێشانگاكه، ڕێنوێنییه‌كانی ته‌ندروستی به توندی جێبه‌جێ ده‌كرێن، بۆیه داوا له هاووڵاتییان ده‌كه‌ین پابه‌ندی ڕێنوێنییه‌كانی ته‌ندروستی بن.
كتێبخانه‌ی ئاشتی له شاری هه‌ولێر ماوه‌ی زیاتر له 20 ساڵه كار و چالاكی كولتووری و وه‌شاندنی كتێب ده‌كات، ماوه‌یه‌كه ده‌ستی به كار و چالاكی ئه‌ده‌بی و كولتووری و هونه‌ری كردووه و زۆرترین كۆڕ و كۆبوونه‌وه و ناساندنی كتێب له كتێبخانه‌ی ئاشتی له هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت. ئێسته بووه‌ته ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئاشتی.