ئەڵمانیا یەك ملیار یۆرۆی یارمەتی مرۆیی پێشكەشی سووریا دەكات

:: AM:10:13:29/03/2021 ‌
لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی یارمەتیدانی سووریا كە لە لایەن یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسل بەڕێوە دەچێت، حكوومەتی ئەڵمانیا پێداگرە لە پێشكەشكردنی یارمەتی زیاتر بە خەڵكی سووریا. ئەو وڵاتە بڕیاری داوە یەك ملیار یۆرۆی تر یارمەتی پێشكەش بكات.

ئەڵمانیا ساڵی رابردوو ملیارێك و 600 ملیۆن یۆرۆ یارمەتی پێشكەش كردبوو، ئەمساڵیش زیاتر لە ملیارێكی پێشكەش كردووە و لەوەتەی جەنگی ناوخۆیی لە سووریا دەستی پێ كردووە، یارمەتییەكانی ئەڵمانیا بە خەڵكی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە پێنج ملیار یۆرۆ.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، كۆنفرانسی یارمەتیدانی سووریا هەر لەم هەفتەیەدا بەڕێوە دەچێت و لە كۆنفرانسەكە ئەو تیمە مرۆییەی بە كڵاوسپییەكان ناسراون، راپۆرتی خۆیان پێشكەش دەكەن.


بەگشتی 24 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێویستییان بە یارمەتی هەیە.


10  ساڵ بەسەر جەنگی سووریادا تێدەپەڕێت و بەهۆیەوە ملیۆنان كەس لە خەڵكی سووریا ئاوارە بوون، بەگشتی 24 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێویستییان بە یارمەتی هەیە.

پێنج ملیۆن و 500 هەزار كەس وڵاتەكەیان جێهیشتووە و خەڵكی وڵاتەكە بەر لە هەر پێداویستییەكی تر، چاویان لەوەیە ئاو و خۆراك و دەرمانیان بۆ دابین بكرێت.



وشە - سلێمان تاشان