ساسان عەونی نوێترین توێژینەوەی فۆکۆیامای کردە کوردی

:: PM:01:23:30/03/2021 ‌
ساسان عه‌ونی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ، كتێبێكی نوێی به‌ ناونیشانی "چۆن دیموكراسی له‌ ته‌كنۆلۆژیا ڕزگار ده‌كرێت؟" بڵاو كرده‌وه‌، ئێسته‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی كتێبفرۆشی به‌رده‌سته‌.

دوایین توێژینەوەی فرانسیس فۆکۆیاما، گەورە نووسەری ئەمەریکی ناودار لەژێر ناونیشانی "چۆن دیموکراسی لە تەکنۆلۆژیا ڕزگار دەکرێت؟" لەلایەن ساسان عەونی، نووسەر و وەرگێڕ لە شێوەی نامیلکەیەکی قەبارە مامناوەند بۆ سەر زمانی کوردی هاتووەتە وەرگێڕان. 

لە کتێبەکەدا کە چەند دانەیەکی لەلایەن وەرگێڕەوە پێشکەشی کتێبخانەی "دەزگەی میدیایی وشە" کراوە، جیا لە توێژینەوەکەی فۆکۆیاما، پێناسەی ئەو چەمک و دەستەواژانە کراوە کە نووسەر بەکاری هێناون، هەروەها لە پێشەکییەکەیدا گرینگیی توێژینەوەکانی نووسەری خستووەتە ڕوو كە بۆچی بەپێویستی زانیوە بیكاتە كوردی.

پێویستە بگوترێت، فرانسیس فۆكۆیاما، زانا و فەیلەسووف و ئابووریناسی گەورەی ئەمەریكی كە مامۆستای زانكۆی هارڤاردە، بەهۆی كتێبی "كۆتایی مێژوو و دوا ئینسان" ناوبانگەكەی بە دونیادا بڵاو بووەوە و ئیدی لەو كاتەوە هەر توێژینەوە و كتێبێكی هەبێت، بە خێرایی تیشك بڵاو دەبیتەوە و بۆ سەر هەموو زمانە زیندووەكان وەردەگێڕدرێت. ئەم توێژینەوە نوێیەی، هێشتا بۆ زۆربەی زمانەكان وەرنەگێڕدراوە و تەنانەت نەكراوە بە عەرەبی، فارسی و توركی.

ساسان عەونی لە بەرگی كتێبەكەدا، وەك دەروازەیەك بۆ چوونە ناو توێژینەوەكەی فۆكۆیاما نووسیویەتی: پرسی هێز و دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنۆلۆژیا لەسەر تەواوی كایەكان، هەروەها قۆرغكردنی داتا و زانیارییەكان و بوارنەدان بە كێبڕكێ، ماوەی چەند ساڵێكە لەلایەن بیرمەند و پسپۆڕ و زانای بوارە جیاوازەكان، بە تایبەتیش ئابووری و یاسا و سیاسەت، كەوتووەتە بەر باس و شرۆڤەكردن و شیكردنەوەی هەمەلایەنە و بیركردنەوە لەسەر سنووردانان بۆ ئەو مەترسییانە و نەخشەدانان بۆ دروستكردنی جێگرەوە و سیناریۆی ئەوتۆ كە لە ئاستی بەرزی چڕبوونەوەی ئەو هێزانە، (هێزی دارایی و داتا و ئاراستەی سیاسی) لەدەست كۆمپانیاكان، كەم بكاتەوە.

لەم توێژینەوەیەدا، جیا لە فرانسیس فۆكۆیاما، هەریەك لە باراك ڕایشمان و ئەشیش گۆیل كە دوو توێژەر و مامۆستای زانكۆن، بەشدارییان كردووە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جیا لە دەیان وتار، ئەمە نۆیەم كتێبێتی لە نێوان نووسین و وەرگێڕاندا بڵاویان دەكاتەوە.


وشە - ڕێناس شابان