دەرەنجامی توێژینەوەیەك...بەرنامەی تەلەڤزیۆنێكی كوردی خەڵك فێری جنێو و ناوزڕاندن دەكات

:: PM:03:45:30/03/2021 ‌
لە هەرێمی كوردستان ژمارەی تەلەڤزیۆنەكان رۆژ بە رۆژ زیاد دەكەن، میدیاكانیش بۆ زیاتر راكێشانی سەرنجی بینەرانیان لە هیچ شتێك سڵ ناكەنەوە. بەشێك لەو كەناڵانە بە بەرنامەكانیان قسە و جنێو و گوتەی ناشیرینی كۆمەڵگایان كردووەتە بنێشتە خۆشكەی كارەكانیان، نەوەی كۆن و نوێ بە جنێودان و ناوزڕاندن رادەهێنن. 

ئاستی خراپ بەكارهێنانی زمانی راگەیاندن لە بەرنامە كۆمیدییەكانی تەلەڤزیۆنە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان و كاریگەرییەكانیان لەسەر بینەران، دەبێتە ئامانجی سەرەكیی توێژینەوەیەكی نوێ. توێژینەوەكە بەشێوەیەكی هاوبەش لە لایەن دكتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دكتۆر مەھاباد كامل عەبدوڵا لە زانكۆی ھەڵەبجە كراوە، تێیدا بۆچوونی 145 بینەر و 12 ئەڵقەی "بەرنامەی بەزمی بەزم" لە كەناڵی كوردماكس-یان وەك نموونەی توێژینەوەكەیان بەكار ھێناوە، شیكردنەوەی وردیان بۆ بابەتەكانی ئەو بەرنامەیە و وەڵامی خەڵك كردووە. 

بەرنامەی بەزمی بەزم لە كەناڵی كوردماكس، بووەتە سەكۆیەكی میلیی بۆ ئاساییكردنەوەی جنێودان


بەپێی دەرەنجامەكان، خراپ بەكارهێنانی ئاستەكانی زمانی راگەیاندن لە بەرنامەی "بەزمی بەزم"ی كەناڵی كوردماكس، كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر بینەرانی بەرنامەكە هەبووە. بەجۆرێك زۆرینەیان ئەو بۆچوونانە پشتڕاست دەكەنەوە كە ئەگەرچی كوردماكس، وەك كەناڵێكی تەرفیهی كوردیی لەلایەن زۆرترین بینەرەوە سەیری بەرنامە سەرەكییەكانی دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا هاوڕان كە بەرنامەی بەزمی بەزم لە كەناڵی كوردماكس، بووەتە سەكۆیەكی میلیی بۆ ئاساییكردنەوەی جنێودان، بەخشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندنی كەس و گرووپەكانی كۆمەڵگە و هۆكارێك بۆ شێواندنی زمانی كوردی و شێوەزارەكانی، بەرهەمهێنانی توندوتیژی زارەكی و دەروونی و تۆخكردنەوەی جیاوازییە رەگەزییەكانی نێوان نێر و مێ.

 ئەوە جگەلەوەی كە بەرنامەكە بووەتە هۆی تێكدانی زەوق و سەلیقەی بینەرانی و رێزنەگرتنی خواستەكانیان؛ زیاتر بەدگۆیی و لاساریی منداڵان و هەرزەكاران، هۆكاری بێبەهاكردنی ئەتەكێتی كاركردنی هونەری و بنەما پەروەردەییەكان، سووكایەتیكردن بەخێزان و كولتووری كوردی و تایبەتمەندییەكانی. 

65%ی بەشداران گوتوویانە بەرنامەكە بووەتە هۆی بێبەهاكردنی بنەما پەروەردەییەكان


بەپێی ئامارەكانی توێژینەوەكە، 65%ی بەشداران گوتوویانە بەرنامەكە بووەتە هۆی بێبەهاكردنی بنەما پەروەردەییەكان و سووكایەتیكردن بە خێزانی كوردی. هاوكات 72% پێیان وایە بەرنامەی "بەزمی بەزم" بووەتە هۆی بێبەهاكردنی ئەتەكێتی كاركردنی هونەری و پێشێلكردنی پێوەرەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن.

 جگە لەمە 62%ی بینەران گوتوویانە بەرنامەكە زەوق و سەلیقەی بینەرانی تێكداوە. نزیكەی 47%یش پێیان وایە جیاوازییە رەگەزییەكان لە بەرنامەكەدا تۆختر كراونەتەوە. سەرووی 62% هاوڕان لەسەر ئەوەی بەرنامەكە بووەتە هاندانی توندوتیژی، نزیكەی 59%یش دەڵێن بەرنامەكە بووەتە سەكۆیەكی میلی بۆ ئاساییكردنەوەی زمانی بازاڕیی جنێودان و بەخشینەوەی تۆمەت.

لە ناوەڕۆكی بابەتەكانی ئەڵقە پەخشكراوەكانیشیەوە، ئەوە دووپات بووەتەوە كە بەئامانجگرتنی پێكەنین، برەودان بە زمانی بازاڕیی، برەودان بە كولتووری باوی پیاوسالاری و جیاكاری جێندەری، برەودان بە تابۆ كۆمەڵایەتی و سێكسییەكان، شێواندنی یاسای زمان و تێكەڵاوكردنی شێوەزارەكان، برەودان بە ناو و ناتۆرەی كەسەكان، بەهەندوەرنەگرتنی رێنوێنییە تەندروستییەكان و پێشێلكردنی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن و پێوەرەكانی؛ ناسنامەی سەرەكیی بابەتەكانی بەرنامەی بەزمی بەزم لە كەناڵی كوردماكس پێكدێنن.
دوای راگرتنی بەرنامەی بەزمی بەزم و بەرنامە ھاوشێوەكانی تر بۆ ماوەیەك کراوە

ھەر لەو توێژینەوە ھاوبەشەدا چەندان راسپاردە ئاراستەی بەرھەمھێنەرانی بەرنامەكە و لایەنە پێوەندییدارەكان كراوە، لەوانە، راگرتنی بەرنامەی بەزمی بەزم و بەرنامە ھاوشێوەكانی تر بۆ ماوەیەك، بەئامانجی ھەرچی وردتر پێداچوونەوەی ناوەڕۆكی بابەتەكانی بەرنامەكان لەرووی زمانەوانی، میدیایی، یاسایی و ھونەرییەوە.

 ھاوكات راسپاردنی لایەنە پێوەندیدارەكان بە سەرلەنوێ ھەمواركردنەوەی یاسا تایبەتمەندەكانی راگەیاندن و گەڵاڵەكردنی رێسای پیشەیی، بە لەبەرچاوگرتنی بڕگە و بابەتەكانی بەرھەمە كۆمیدییەكان و راگەیاندنی خۆشباریی (تەرفیهی) لە ھەرێمی كوردستاندا.

دۆخی میدیاكان ئەوە دەخوازێ جۆرێك چاودێری بەسەر بەرنامە و دەربڕینەكان هەبێت، ئەویش نەك لە ئاراستەی سنوورداركردنی ئازادییەكان، بەڵكو لە ئاراستەی رێكخستنی ئازادییەكان بە لەبەرچاوگرتنی كاریگەرییە نەرێنییەكانیان بۆ سەر كۆمەڵگا و گۆڕینیان بۆ كاریگەرییەكی ئەرێنی. میدیاكان زۆرن و ئەو قۆناغە هاتووەتە كایەوە دەستیان لێ توندتر بكرێت.



وشە - سلێمان تاشان