بە پەیجێکی تایبەتیی بەرپەرچی سیاسەتی توانەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد دەدرێتەوە

:: PM:04:31:30/03/2021 ‌
لە نەورۆزی ئەمساڵ پەیجێکی تایبەتی دەستی بە کارکردن کردووە لە ماوەیەکی کەمدا سەرنجی خوێنەران و بینەرانی کوردی بۆ لای خۆی راکێشاوە. ئامانجی ئەو پەیجە ئەوەیە بە راهێنان و فێرکردن و پێشکەشکردنی بەرنامەی جۆراوجۆر،  خەڵک بە زمان و کولتوور و مێژووی کورد ئاشنا بکەن و بەمەش بەرپەرچی ئەو سیاسەتە بدرێتەوە کە دوژمنانی کورد بۆ توانەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد دەستیان پێ کردووە.

"وشە" پێوەندی کرد بەو گرووپە گەنجەی لە پشتی ئەم پەیجەن بەڵام ئەوان بەهۆی ئەوەی کە خۆبەخشانە کارەکە دەکەن و ئامانجەکەیان ئامانجیکی کولتووری و نەتەوەییە و لەناو رۆژهەڵاتی كوردستانن بەهۆی رەوشی تەناهییەوە پێیان باش نەبوو ناویان بهێنرێت.

ناوی ئەو پەیجە کوردشۆپە kurdsop” "و شۆپەکەش وشەیەکی کرمانجییە و بە واتای شۆپاندن یان بەدواداچوون دێت و هیچ پێوەندییەکی بە شۆپی ئینگلیزییەوە نییە.

لە نەورۆزەوە پەیجەکە دەستی بە چالاکییەکانی کردووە و لە تۆرە کۆمەلایەتییەکانی فەیسبووک، تویتەر، تێلێگرام، ئینستاگرام و چەن تۆڕێکی تر بە فەرمی پەیجی داناوە و بەرهەمەکانی پێشکەش دەکات.

لە نەورۆزەوە پەیجەکە دەستی بە چالاکییەکانی کردووە


بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی کەوتووە گرووپەکە ئامانج لە دانانی ئەو پەیجەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە لە چەند ساڵی رابردوودا هەستیان بەوە کردووە دوژمنانی کورد زیاتر لە جاران خەریکن بە شێوەیەکی نەرم کار لەسەر سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد دەکەن و بە هەندێک بەرنامەی جیاواز،  مێژوو و کولتووری کورد کەمڕەنگ دەکەنەوە یان چەواشەی دەکەن و بۆیەش بە پێویستیان زانیوە بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکە منداڵان و گەنجان و سەرجەم توێژەکانی کوردستان بە زمان و ئەدەبیات و مێژووی کورد ئاشنا بکەن.

لەو ماوە کورتەی پەیجەکە دامەزراوە بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازییەکی باشی لێ کراوە و لە ئێستەدا تواناکانیان زیاتر بۆ شێوە زاری کرمانجی تەرخان دەکەن. لە رۆژهەڵاتی کوردستان لانی کەم سێ ملیۆن کەس بە زاراوی کرمانجی سەروو قسە دەکەن کە بەشێکیان لە پارێزگای خوراسانی باکور هەڵکەوتوون و لە سنووری جوگرافی کوردستان دابڕاون. 
وەک ئاشکرایە لە ئێران خوێندن بە زمانی زگماکی قەدەغەیە و لە قوتابخانەکان فارسی زمانی فەرمییە و سەرەڕای ئەوەی کە لە هەندێک قۆناغ گرنگی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی دەدرێ بەڵام زۆربەی نەتەوەکانی ئێران لەوە بێبەشن بە زمانی دایکی بخوێین  یان بنووسنەوە و لێرەدایە بایەخی ئەم جۆرە پەیجانە زیاتر ئاشکرا دەبێت.
دانانی قوتابخانەی ئۆنلاین بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بەشێک لە چالاکییەکانی ئەو پەیجەیە

دانانی قوتابخانەی ئۆنلاین بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بەشێک لە چالاکییەکانی ئەو پەیجەیە و بە شێوەیەکی سەردەمیانە منداڵانی کورد بە زمانی دایکیان ئاشنا دەکرێن و فێری نووسین و خوێندنەوە دەکرێن. کۆمەڵێک ڤیدیۆکلیپ بۆ بەرزراگرتنی جەژنی نەورۆز و جەژنە نەتەوەییەکان ئامادە دەکرێن و بڵاو دەکرێنەوە و بە بەرهەمهێنانی هەندێک بەرنامەی دۆکیۆمێنتاری کە هەفتانە لە رۆژی تایبتیدا پێشکەش دەکرێن، هەوڵ دەدرێ لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەیی کورد بکرێت.

گرنگی پەیجەکە لەوەدایە  کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان و کوردەکانی ئەوروپا و شوێنەکانی تر دەتوانن هەر لە ماڵەکانیان منداڵانیان فێری کوردی و زمان و مێژوو و کولتووری نەتەوەی کورد بکەن  و ئەمەش باشترین رێگایە بۆ ئەو سیاسەتەی بۆ توانەوەی شوناسی کورد فارس و تورک و عەرەب دەستیان پێ کردووە.



وشە - سلێمان تاشان