پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە سێ میحوەرەوە بەردەوامە

:: AM:08:48:20/10/2016 ‌

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سێ میحوەری باكوری و باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵەوە دەستیان بە پێشڕەوی كردووە و ئێستەش پێشووەچوونەكانی پێشمەرگە بەردەوامە و گورزی كەمەرشكێن لە تیرۆریستان ده‌ده‌ن.

پێگەی فەرمی تویتەری فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان بە هێرشێكی فرەوان لە سێ میحوەرەوە كردووە، لە باكور و باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ.

لەلایەكی ترەوە ئەفسەرێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێرشی ئەمڕۆی پێشمەرگە هەڵمەتێكی گەورە و كاریگەر دەبێ، لە هەریەك لە میحوەرەكانی باشیك و تلسقۆف و بەنداوی مووسڵ پێشمەرگە دەستی بە پێشڕەوی كردووە.

هەروەها گوتی، هەڵمەتەكەی ئەمڕۆی پێشمەرگە ئامادەكاری تەواوی بۆ كراوە و پێشمەرگە بەو پەری توانایەوە هەوڵ دەدات، ئەمڕۆ تەواوی پلانی هێرشەكە جێبەجێ بكات.

جێی باسە لە بەیانی زووەوە و بەر لە دەستپێكی جموجۆڵی پێشمەرگە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بە چڕی بۆردمانی بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستانیان لەو میحوەرانە كردووە و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە سەعات 6:00ی بەیانی تا ئێستە بەردەوامی هەیە و پێشمەرگە لە هەر سێ میحوەرەكەوە چوونەتە ناو چەندان گوندەوە.

لە میحوەری باشیك پێشمەرگە توانیویەتی بگاتە ناو سێ گوند و هاوكات لە میحوەری بەنداوی مووسڵ و چوونەتە نێو گوندی ناوەران.

پێشڕەوی كردنی پێشمەرگە لە باكور و باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ گورزێكی تەواو بەهێز دەبێ لە تیرۆریستانی داعش، چونكە لە رۆژانی رابردوو، پێشمەرگە لە میحوەری خازر توانیویەتی شكست بە تیرۆریستان بهێنێت، هاوكات لە باشوورەوەش هێزەكانی عێراق بەردەوامن لە پێشڕەوی، بۆیە بازنەی گەمارۆدانی مووسڵ لە باكور و باشوور و رۆژهەڵات تەسكتر دەبێتەوە.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و رووبەڕی 200 كیلۆمەتر دووجاش كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و دوێنێ چوارشەم شارۆكەی حەمدانیە گەمارۆدرا و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

شارەدێی باشیك دەكەوێتە 12 كیلۆمەتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەپیتە و زیاتر بە چاندنی زەیتوون بەناوبانگە و زۆرینەی دانیشتووانی ئێزدی و مەسیحین و هەریەك لە عەرەب و توركمانیش تێیدا نیشتەجێن، 24 گوندی بەسەرەوەیە و ژمارەی دانیشتووانی 70 هەزار كەس دەبێ و سەر بە شارۆكەی حەمدانییە و یەكێكە لە ناوچە گرنگەكانی دەشتی نەینەوا.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د