یاسای بودجەی عێراق كەی جێبەجێ دەبێت؟

:: PM:07:43:03/04/2021 ‌

چوارشەمی رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دا، بۆ جێبەجێبوونی پێویستە رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار بكرێ بۆ پەسندكردنی و جێبەجێبوونی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، لە ماوەی ئەم هەفتەیە یاساكە دەگاتە سەرۆكایەتی كۆمار.

د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا گوتی، ئێستە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان ناكرێت، چونكە لەلایەن فەرمانگەی كاروباری پەرلەمانەوە لێوردبوونەوەی بۆ مادەكانی و بەراوردی لەگەڵ دوایین دەقی یاساكە دەكرێت، بەر لە رەوانەكردنی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار بۆ پەسندكردنی. 
رەنگە پێویست بكات شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوە
حەداد پێشبینی كرد یاساكە لەماوەی ئەم هەفتەیە رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار بكرێت بۆ پەسندكردنی و بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی بۆ ئەوەی بكەوێتە جێبەجێكردن، لەدوای دەرچوونی رێنوێنییەكانی جێبەجێكردن لەلایەن وەزارەتی داراییەوە.

لای خۆیەوە ئەحمەد كنانی، سەرۆكی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان و ئەندامی هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا" لە پەرلەمانی عێراق، گوتی، ئێمە لە دادگای فیدراڵ تانە لە شەش مادەی یاسای بودجە دەدەین، ئەوەیش دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ دامەزراندنی دادگاكە لە دوو رۆژی داهاتوودا.

زیاتر گوتی، تانەدان لە مادەكانی دەستوور شتێكی ئاساییە و پێشبینی دەكەین دادگای فیدراڵ لە ناوەڕاستی ئەو هەفتەیە دەستبەكار بێت، دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی كۆمار فەرمانی دامەزراندنی ئەندامانی دەردەكات و لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیان تانەكە پێشكەیش دەكەین.

هەر لەو بارەوە ئەمڕۆ شەموو سەمیر هەورامی، گوتەبێژ بەناوی سەرۆكی شاندی گفتوگۆكاری حكوومەتی هەرێم رای گەیاند كە شاندێك رەوانەی بەغدا دەكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە و دووپاتی كردەوە كە ئەگەری هەیە رێككەوتن بودجە تا 2022 درێژ ببێتەوە.

روونی كردەوە، چاودێری چۆنیەتی رەوانەكردنی پشكی هەرێم لە بودجە دەكەین، بۆیە ئەم مانگە وەك تاقیكردنەوە دەبێت، رەنگە پێویست بكات شاندی هەرێم سەردانێكی تری بەغدا بكاتەوە بۆ دانانی میكانیزمی چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاساكە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل