سەرەڕای هەڵكشانی نرخەكان بازاڕی كەلوپەلی بیناسازی جووڵەی تێكەوتووە

:: AM:11:51:05/04/2021 ‌
خاوەن پێشانگەكانی تایبەت بە كەلوپەلی بیناسازی باس لەوە دەكەن، ئێستە بازاڕیان جووڵاوە و هۆكارەكەشی بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان لە رووی دارایی و دابەشكردنی مووچە دەگەڕێننەوە، هەرچەندە بەهۆی دابەزینی بەهای دینار نرخەكان بەرز بوونەتەوە.

چوار مانگە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مانگانە لە كاتی خۆیدا مووچە دابەش دەكات، ئەمەش وایكردووە ئەوانەی كە نیازی دروستكردنی خانوویان هەیە پارەیان پێ بێت و گرفتیان نەبێت لە دواكەوتنی مووچە و نەبوونی پارە و دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان بكەن.

كەلوپەلی كارەبایی و ئاو و ئاوەڕۆ، ئەمانە زۆر خواستیان لەسەرە و هاووڵاتیش پارەی پێیە.


بیلال تەها خاوەنی پێشانگەی بیلال لە شاری سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، بازاڕیان جووڵەی باشی كردووە و رۆژانە كڕیاریان هەیە، بەتایبەتی كەلوپەلی كارەبایی و ئاو و ئاوەڕۆ، ئەمانە زۆر خواستیان لەسەرە و هاووڵاتیش پارەی پێیە.

ئەو دەڵێت، "نرخەكان بەرز بوونەوە، بەڵام هۆكارەكەی پێوەستە بە نرخی دۆلارەوە، بۆ هەر پێداویستییەكی  بیناسازی بە دۆلار گران بووە، ئێمەش ناچارین بە دینارەكە گرانی بكەین، ئەوەش گران لەسەر هاووڵاتی دەكەوێت، بەڵام ئێستە هاووڵاتی راهاتووە و دەزانێت كە دۆلار گران بووە و كێشەكە پێوەست بە ئەوانەوە نییە و هیچ ناڵێن."

وەك زیاتر خستیەڕوو، دروستكردنی خانوو و باڵەخانە لە وەرزی بەهاردا بازاڕ دەجووڵێنێت، ئێستە كە بەرەو مانگی رەمەزان دەچین، ئەوانەی خانوو دروست دەكەن پەلەی ئەوەیانە بەخێرایی خانووەكە تەواو بكەن و بچنە ناوی، بۆیە دەستیان بە كڕینی كەلوپەل كردووە.

دوو هەفتە دەبێت بازاڕ بەشێوەیەكی زۆرباش جووڵەی كردووە


هاوكات ئەنوەر سەعید خاوەنی پێشانگەی بیناسازی، بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی دوو هەفتە دەبێت بازاڕ بەشێوەیەكی زۆرباش جووڵەی كردووە، خواست لەسەر كەلوپەلی بیناسازی، گەچ و چیمەنتۆ زیادی كردووە.

بە گوتەی ئەو خاوەن پێشانگەیە، بەردەوامی دابەشكردنی مووچە لە كاتی خۆیدا، هەروەها ئەو ڕێككەوتنەی هەرێم و بەغدا بازاڕی بە تەواوی بووژاندووەتەوە، هاووڵاتی و فەرمانبەر هەركات بزانێت كێشەی مووچە نییە و مانگانە لە كاتی خۆیدا دەدرێت، گرفتی نابێت و ئەوەی پێویستی بێت دەیكڕێت.

ئەو دەڵێت "ئێمەش گرفتی بەرزبوونەوەی دۆلارمان هەیە، چونكە هەموو كەلوپەل و پێویستییەكان بە دۆلار دەكڕین، دۆلارەكە گران بووە و كە دەیكەینەوە بە دینار، زۆرمان لەسەر دەكەوێت و ناچارین بە نرخی دینار ئێمەش گرانی بكەین."

لە لایەكی ترەوە محەمەد حوسێن خاوەنی پێشانگەی كاشی كوردستان لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، كاشی پێویستییەكە وەك 10 بۆ 15 ساڵ پێش ئێستە نییە، هەر كەسێك خانوو دروست بكات، پێویستی پێی دەبێت و بەكاری دەهێنێت، بەڵام ئێستە وەك پێویستییەكی سەرەكی سەیر ناكرێ هەر لەگەڵ دروستكردنی خانوو بەكار بهێنرێت.

وەك زیاتر خستیەڕوو، هاووڵاتی هەیە كرێچییە و خانوو دروست دەكات. ئەو دەیەوێ بەزووترین كات خانووەكەی تەواو بكات و زۆر پارەی پێ نییە، ناتوانێ كاشی بكڕێت، بۆیە دەچێتە ناوی، رەنگە بۆ چەند ساڵێك دواتر كاشی بكڕێت.

پێدانی مووچە لە كاتی خۆیدا بە هۆکاری سەرەکی هەژمار دەکرێت
 

بە بۆچوونی خاوەن پێشانگەكان، پێدانی مووچە لە كاتی خۆیدا هەموو بازاڕێك دەجووڵێنێت و هیواخوازن دۆخەكە هەر بەرەوپێش بچێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان