گەندەڵییەكی گەورە لە پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرا دەكرێت

:: PM:01:42:05/04/2021 ‌
رێكخراوێكی هەڵەبجە لە راپۆرتێكیدا ئاشكرای كرد، لە پارێزگای هەڵەبجە زێدەڕۆیی دەكرێت و بەرپرسان رۆڵیان لەو زێدەڕۆییانەدا هەیە، لە دەروازە سنوورییەكانیش بە شێوەیەكی نایاسایی پارە لە شوفێران وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ دووشەم لە هەڵەبجە رێكخراوی هەڵوێست، راپۆرتی ژمارە چواری پڕۆژەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی كار و پڕۆژەكانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی، پەروەردە، شارەوانییەكان و سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجەی بۆ رای گشتی ئاشكرا كرد.

رێكخراوەكە كۆمەڵێك بەڵگەنامەی تۆمار كردووە لەسەر گەندەڵی ئیداری و بەهەدەردانی پارە لە خاڵە سنوورییەكان و زەوی لەلایەن بەرپرسانی سنوورەكە. رێكخراوەكە ئاماژەی دا لە دەروازە سنوورییەكانی ئەو پارێزگایە، خۆراكی نەشیاو هاوردە دەكرێت. جگە لەمە پارەیەكی زۆر لە خاڵە سنوورییەكان بەهەدەر دەدرێت و وەسڵ هەیە بەهۆیەوە پارە لە شوفێران وەردەگیرێت، ناوی هیچ بەڕێوەبەرایەتییەكی حكوومەتی لەسەر نییە و تەنیا بڕی پارەكەی لەسەر نووسراوە و دیار نییە دەچێتە گیرفانی كێوە.

بەرپرسان لەم زێدەڕۆییانەدا رۆڵیان


هەر بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوەكە، كێشەی زێدەڕۆیی هەیە و لەوانەیە پێشتر هاووڵاتییان زێدەڕۆییان كردبێت، بەڵام ئێستە بەرپرسان لەم زێدەڕۆییانەدا رۆڵیان هەیە و خۆیان رێخۆشكەرن بۆ زێدەڕۆیی.

رێكخراوەكە نموونەی كۆمەڵێك دوكان و گەراجی ئاماژە پێ كرد كە لەسەر رێی خورماڵ دروست كراون، لە كاتێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵ، بە نووسراوی رەسمی گوتوویانە دروستكردنی ئەو گەراجانە نایاساییە و زەوی كشتوكاڵین و نابێت هیچ پڕۆژەیەكیان لەسەر جێبەجێ بكرێت، كەچی پارێزگار خۆی رێی داوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژە لەم زەوییانە بە كۆمپانیایەك.




وشە - سلێمان تاشان