بنیامین نەتەنیاهۆ جارێكی تر بۆ دامەزراندنی حكوومەت هاتە راسپاردن

:: PM:02:04:06/04/2021 ‌
دوو هەفتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل كە هیچ لایەنێك نیوەی زیاتری كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەست نەهێنابوو، سەرۆك كۆماری ئیسرائیل رای گەیاند، بنیامین نەتەنیاهۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێرێت.

راسپاردنی نەتەنیاهۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەت، رێك لە كاتێكدایە هەر لە نزیك باڵەخانەی سەرۆكایەتی كۆمار، دادگایەك خەریكی دادگاییكردنی بنیامین نەتەنیاهۆیە بەهۆی ئەو تۆمەتانەی بەسەریدا سەپێنرابوون.
هیچ چارەیەكی نەبووە و باشترین بژاردە بووە بۆ ئەوەی بتوانێت حكوومەتی نوێ پێك بهێنێت.

رۆیین ڕیڤڵین سەرۆك كۆماری ئیسرائیل بۆ میدیاكان گوتوویەتی، لەو دۆخە تێدەگات و ئاگای لە پرسی دادگاییكردنی نەتەنیاهۆ هەیە، بەڵام هیچ چارەیەكی نەبووە و باشترین بژاردە بووە بۆ ئەوەی بتوانێت حكوومەتی نوێ پێك بهێنێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ئەو پێشتر چاوی بە رێبەرانی ئەو 13 پارتە كەوتووە كە لە هەڵبژاردندا بەشدارییان كردبوو و رای ئەوانیشی لەبارەی راسپاردنی نەتەنیاهۆ وەرگرتووە.

لانی كەم لە چوار خولی حكوومەتەكانی ئیسرائیل، هیچ پارتێك نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگەكان مسۆگەر بكات و حكوومەتەكانی ئەو وڵاتە بەشێوەی هاوپەیمانی بەڕێوە چوون، بۆیەش زۆر درێژەیان نەكێشاوە.

ئەمە چوارەم هەڵبژاردن بوو لە دوو ساڵی رابردوودا لە ئیسرائیل بەڕێوە چوو. بەپێی یاسا ئەو حكوومەتەی بنیامین نەتەنیاهۆ دایدەمەزرێنێت، لانی كەم دەبێ لە پەرلەمان لە لایەن 61 پەرلەمانتار پشتیوانی بكرێت و 28 رۆژی تر ئەگەر سەركەوتوو نەبوو، ئەوا كەسێكی تر دێتە راسپاردن.


وشە - سلێمان تاشان