لێخۆشبوون بۆ 50%ـی جۆرە قەرزێك دەرچوو

:: PM:03:01:06/04/2021 ‌
بڕیارێك بۆ لێخۆشبوون لە 50%ـی قەرزی خاوەنكاران دەردەچێت، بە مەرجێك ئەگەر خاوەنكار لە ماوەی پێنج مانگ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران لە پارێزگاكان بكات بۆ گەڕانەوەی ئەو قەرزەی لەسەریەتی.

ئەمڕۆ سێشەم شەشی نیسان، ئاریان ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بڕیاریان داوە 50%ی سزای قەرزەكان لە خاوەنكاران خۆش بن.

گوتەبێژی وەزارەتی كار گوتی، دەركردنی ئەو بڕیارە پاڵپشت بە بڕگەی حەوتەم لە كۆنووسی دانیشتنی ژمارە 123ی ئەنجوومەنی كارگێڕی خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران، بڕیاری لەسەر درا.

باسی لەوەش كرد، سزای دواكەوتنی قەرزی پارەی بەشدارییەكان دەبەخشرێن، بە مەرجێك ئەگەر خاوەنكار لە یەكی حوزەیران تا تشرینی دووەم سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران لە پارێزگاكان بكات، بۆ دانی پارەی بەشدارییەكان و قەرزەكەی بەشێوەی كاش.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كار، ئەو خاوەنكارانەی پارەی قەرزەكانیان بۆ كراوە بە قیستی مانگانە، ئەگەر لە ماوەی دیاریكراوەوە پارەكەیان بەكاش بدەن، بەر ئەو بڕیارە دەكەون.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەركردنی تەواوی كرێكاران و پێداچوونەوە بە دەستەبەری كرێكاران، لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی كاری ڕاسپاردووە تا پێداچوونەوەە بە دەستەبەری كرێكاران بكرێ‌ و سەرجەم خاوەنكارەكان پابەندی دەستەبەری بكرێن.



وشە - رامیار جەواد