سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سه‌روبه‌ندی حوكمی جۆ بایدینی 46ه‌مین سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته به ته‌واوی سارده و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌راوێزخراوه و زیاتر خۆی له‌سه‌ر چین و ڕووسیا و ئه‌وروپا چڕ كردووه‌ته‌وه، له‌باره‌ی داهاتووی كوردیش له سووریا، به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئه‌وان له‌گه‌ڵ كورده‌كان شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌ن و هیچ به‌ڵێنێكی سیاسیان بۆ داهاتوو پێنه‌داون.
جێمس جیفری نێرده‌ی پێشووی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری سووریا ئاشكرای كرد، كه پشتیوانی و كۆمه‌كی ئه‌مه‌ریكا بۆ چه‌كداره كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات له سووریا، ته‌نیا و ته‌نیا له پێناوی شه‌ڕی داعش و پاشماوه‌كانی بووه و تا ئێسته‌یش واشنتن له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی به‌رده‌وامه، چونكه بوونی داعش له ناوچه‌كه ته‌نیا هه‌ڕه‌شه نییه له‌سه‌ر سووریا، به‌ڵكو توركیا و عێراق و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ئه‌وروپایش له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ترسناكدا ده‌بن، بۆیه له‌و سۆنگه‌یه‌وه كۆمه‌كی كوردانی سووریا ده‌كه‌ین و كردوومانن به هاوبه‌شی خۆمان له شه‌ڕی مه‌یدانی دژ به تیرۆریستانی داعش.
جیفری هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كردووه، كه سه‌ره‌ڕای كۆمه‌ك و هاوكاریمان بۆ ئه‌و گرووپه چه‌كداره كوردییه كه توركیا به به‌شێك له "په‌كه‌كه"ی ده‌زانێت، به‌ڵام ئێمه هه‌رگیز به ته‌واوی پێوه‌ندیمان له‌سه‌ر ئه‌وان له‌گه‌ڵ توركیا نه‌پچڕاندووه و توركیا هاوپه‌یمانێكی دێرینی ئه‌مه‌ریكایه و ئه‌گه‌ر كێشه‌یش هه‌بێ، ده‌توانرێ به گفتوگۆ چاره‌سه‌ری بكه‌ن، ئێمه‌یش هیچ به‌ڵێن و گفتێكمان به كوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات نه‌داوه، كه گره‌نتی و ده‌سته‌به‌ركردن بێ بۆ داهاتووی سیاسی ئه‌و گرووپه له ناوچه و له داهاتووی سووریا.
به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ڵێنی سیاسیمان له داهاتووی سووریا پێنه‌داون
له به‌شێكی تری قسه‌كانی نێرده‌ی پێشووی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری سووریا ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو، كه پێشتر و ئێسته‌یش به توركیا و هێزه‌كانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و هه‌موو لایه‌ك ده‌ڵێینه‌وه، كه واشنتن مه‌به‌ستیه‌تی ڕێگری له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر بكات و ته‌نانه‌ت به هیچ شێوه‌یه‌ك پاڵپشتی ئه‌و گرووپه‌ی نه‌كرد كه بچنه نێو لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووریش و ئه‌مه‌مان به كاری ئه‌مه‌ریكا نه‌زانیوه، بگره كاری ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه زۆرتر سه‌ربازییه له دژی داعش و پاشماوه‌كانی له ڕووی سیاسییه‌وه بۆچوونی ئێمه بێلایه‌نه و هیچ به‌ڵێنێكمان نه‌داوه و پابه‌ندی هیچ شتێكیش نین.
قسه‌كانی جیفری له كاتێكدایه كه تا ئێسته‌یش 900 سه‌ربازی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژئاوای كوردستان بوونیان هه‌یه و له ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به نه‌وت كۆبوونه‌ته‌وه، جیا له‌وه‌یش بێده‌نگی حكوومه‌تی بایدن و گه‌وره به‌رپرسانی حكوومه‌ته‌كه‌ی له به‌رانبه‌ر دۆسیه‌ی سووریا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی بووه‌ته پرسیارێكی ڕژد به ڕووی حكوومه‌تی تازه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه.
چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی به "العربیه"یان ڕاگه‌یاندووه، كه بایدن سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به سووریا به ته‌واوی ده‌گۆڕێ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌و 900 سه‌ربازه‌یشی له سووریا بكێشێته‌وه و كه‌میان بكاته‌وه، به ستراتیجێكی ورده‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه بكات، چونكه هه‌موو ئه‌مه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ماوه‌ی چه‌ندان ساڵی ڕابردوو له ناوچه‌كه ئه‌نجامی داوه، هیچ كاریگه‌ری و گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی واشنتن نه‌بووه.
خواستی سه‌ره‌كی ئێمه شه‌ڕی تیرۆره و ئه‌وانیش هاوكار و هاوبه‌شمانن له‌و ئامانجه‌دا
ئه‌و به‌رپرسانه نه‌یانشارده‌وه كه تا ئێسته‌یش
بایدن و حكوومه‌ته‌كه‌ی هیچ بۆچوون و سه‌رنجێكی وردیان به ڕووی سووریا نییه، بگره ئه‌وان ته‌نیا له ڕوانگه‌ی داعش و تیرۆر و تێكچوونه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه له ناوچه‌كه‌ن، وه‌ك به‌شێك له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆریستییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هێزه‌كانی هه‌سه‌ده پێویستیان به مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایه، به تایبه‌ت بۆ هاندانیان تا كه‌مپی ئه‌لهول بپارێزن، كه نزیكه‌ی 65 هه‌زار كه‌سی پاشماوه‌ی داعشی تێدا ده‌ژی و وه‌ك بۆمبێكی كاتی ناوی ده‌برێت، به‌ڵام به‌رپرسان پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه، كه ئێسته پنتاگۆن هیچ نیازێكی نییه، تا هێزی زیاتر ڕه‌وانه‌ی سووریا بكات و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانیشی له‌مه‌ڕ دۆخی سووریا وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه و هیچ گۆڕانكاری گه‌وره ڕووینه‌داوه.