ئێران وەك بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی سەیری هەرێم دەكات

:: PM:02:14:07/04/2021 ‌
ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی پتەوی بازرگانی هەیە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە لەو پێوەندییە بازرگانییە بەرەو پێوەندییەكی پتەوی ئابووری و وەبەرهێنان پەل بهاوێژێت، هەرێمی كوردستانی وەك بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی خۆی سوودی وەرگرتووە.

ئێران و هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی زۆری بازرگانییان لەگەڵ یەكتردا هەیە. سەرووی 60%ی كۆی هەناردەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، هەر لە رێی دەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دەدرێت. بەرهەمی ئێرانی لە بازاڕەكانی كوردستان بەرچاو دەكەون، بەڵام چ لە رووی جۆری و چ لە رووی زۆری نەیانتوانیوە ركابەری بەرهەمی وڵاتانی تر بكەن.

ئەو روانگە تەناهییە وایكردووە، بەردەوام بە گومانەوە لە پێوەندییەكانی بڕوانێت


ئەو وڵاتە لە روانگەیەكی تەناهییەوە سەیری هەرێمی كوردستانی كردووە، پرسە تەناهییەكانی پێش پرسە ئابوورییەكان خستووە و ئەو روانگە تەناهییە وایكردووە، بەردەوام بە گومانەوە لە پێوەندییەكانی بڕوانێت و لە هەموو ئەو كێشە و تەنگژانەش كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هاتوونەتە كایەوە، لایەنگری لە بەغدا كردووە.

بەم جۆرە سیاسەتەی ئێران پێڕەوی كردووە، تەنانەت خۆیشی زیانی بینیوە و لە ساڵی 2017 و لە میانەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، یەكەم وڵات بوو كە دەروازەكانی بەڕووی هەرێمی كوردستان داخست. ئەوكات نوێنەرێكی كرماشان لە پەرلەمانی ئێران باسی لەوە كرد، داخرانی دەروازەكان بەڕووی هەرێمی كوردستان، دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی بە ئێران گەیاند.

ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك دەروازەی سنووری هەیە كە گرنگترینیان دەروازەكانی حاجی ئۆمەران، دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ و دەروازەی پەروێزخانە، لەگەڵ چەند دەروازەیەكی تری نافەرمی كە وەك پێویست نەیتوانیوە لە نزیك ئەو دەروازانە وەبەرهێنان بكات.

ئەو دەروازە بازرگانییانە لە قازانجی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان سوودیان لێ وەرنەگیراوە


بوونی ئەو دەروازە بازرگانییانە لە قازانجی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان سوودیان لێ وەرنەگیراوە، سەرەڕای ئەوەی كە یەكێك لە داواكانی خەڵكی شارە سنوورییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەوە بووە لە نزیك سنوورەكان ناوچەی بازرگانی ئازاد بكرێنەوە و لە رووی چالاكییە بازرگانییەكان، وەبەرهێنان بكرێت، كەچی ئێران تەنیا گرنگی بەوە داوە بەرهەمەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان ساغ بكاتەوە بێ ئەوەی تەنانەت لە سنوورەكان هیچ پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان جێبەجێ بكات.

دكتور ئەرشەد تەها پسپۆڕی ئابووری بۆ "وشە" ئاماژەی دا، هیچ داتایەكی ورد نییە بیسەلمێنێت پێوەندی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان چەندە، چونكە ئێران زیاتر لە بواری هەناردەكردن لە هەرێمی كوردستان رۆڵی هەیە، بەرهەمەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان ساغ دەكاتەوە و ئەو بەرهەمانەش لە لایەن كۆمپانیا گەورەكان لە شارەكانی ناوەندی ئێران بەرهەم دەهێنرێن، نەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەو پێیە سوودەكەشی زیاتر بۆ ئەو كۆمپانیایانەیە.

هەوڵی داوە كاڵا و شتومەكی بێ كوالێتی لە هەرێمی كوردستان ساغ بكاتەوە.


ئەو روونی كردەوە، ئێران تەنانەت لە هەناردەی بەرهەمە بازرگانییەكانیش بۆ هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نەبووە، هەموو كات هەوڵی داوە كاڵا و شتومەكی بێ كوالێتی لە هەرێمی كوردستان ساغ بكاتەوە. 

لەبارەی پرسی وەبەرهێنان ئەو پسپۆڕە ئابوورییە روونی كردەوە، دۆخی ئابووری ئێران زۆر خراپە و تەنانەت ناتوانێ لە ناوخۆ وەبەرهێنان بكات، چ بگا بەوەی لە دەرەوەی وڵات بۆ وەبەرهێنان هەنگاو بنێت. خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لەم دۆخەی ئێران تەنیا كۆڵبەری و بێكاری و قاچاخچێتی لە سنوورەكانیان پێ بڕاوە.

پێویستە بگوترێ دەرفەتی ئەوە هەیە لە زۆربەی دەروازە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان، ناوچەی بازرگانیی ئازاد بكرێنەوە، بەڵام ئەمە لەلایەن ئێرانەوە نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی كە زۆرجار بەرپرسانی خۆجێی پارێزگاكانیش داوایان لە حكوومەتی تاران كردووە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری، پێویست دەكات ئەم جۆرە ناوچە بازرگانییانە بكرێنەوە.

لە ناچاریدا روویان لە كۆڵبەری كردووە


زۆر لە گەنجانی بێكار لە شارە سنوورییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە ناچاریدا روویان لە كۆڵبەری كردووە، زۆرجاریش لە كاتی گواستنەوەی بارەكانیان لەم دیوەی سنوورەوە بۆ دیوی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن هێزەكانی ئێران دەكرێنە ئامانج، یان بەهۆی سەرما و سۆڵە رەق دەبنەوە یان لە هەڵدەدێرێن و گیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.

ئەو شوێنانەی كە گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ پەیداكردنی پاروویەك نان گیان لە دەست دەدەن، دەكرا بكرێنە ناوچەی گرنگی بازرگانی و لەوێ وەبەرهێنانی گەورە بكرێت و دەرفەتی كار بێتە كایەوە، بەڵام بەگشتی هەر لەبەرئەوەی ئێران دیدێكی تەواوی تەناهییانەی بەرانبەر كورد هەیە، هەرگیز حەز ناكات لەرووی ئابوورییەوە پێش بكەوێت و وەك بەكاربەری بەرهەمەكانی لێی دەڕوانێت، نەك هاوبەشێكی گرنگی بازرگانی و ئابووری كە سنوورێكی درێژی لەگەڵیدا هەیە.



وشە - سلێمان تاشان