دوای دۆڕانی سەربازی داعش لە عێراق و سووریا، ناوبانگی داعش بەتەواوەتی شكا و ئێستە رێكخراوەكە هەوڵی خۆسەلماندن دەدات، دەزگای دژەتیرۆری عێراق باسی چەند شوێنێك دەكات كە پێشبینی دەكرێت ئەبو ئیبراهیم قوڕەشی، سەركردەی داعش خۆی تیایاندا حەشار دابێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژ بەناوی دەزگای دژەتیرۆری عێراق گوتی، دەزگاكە زانیاری گرنگی لەبارەی ئەبو ئیبراهیم قوڕەشی، سەركردەی داعش و جموجۆڵەكانی بەدەستەوەیە، زیاتر گوتی، زانیاری گرنگمان لایە و چاودێری و لێوردبوونەوە دەكەین، ئێستە قوڕەشی لە ناوچە بیابانییەكان، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان لە بیابانی ئەنبار چالاكە و جموجۆڵ دەكات.
لە بۆردمانێكی ئاسمانی لە 25ی ئادار 60 تیرۆریستی داعش كوژراون
روونی كردەوە، سەرانی رێكخراوەكە لەژێر چاودێری دژەتیرۆرن و راگەیاندنی رێكخراوەكە لاواز بووە، جیا لە لاوازبوونی بانگەشەكانی راێكخراوەكە و توانای رێكخستن و راكێشانی ئەندامانی، ئەوە لەوكاتەی هێزەكانی عێراق بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان بە بەردەوام ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ناوچە بیابانییەكانی سنووری نێوان عێراق و سووریا ئەنجام دەدەن، لەوكاتەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 2019 كوژرانی ئەبو بەكر بەغدادی، سەركردەی پێشووی داعشی لە هێرشێكی ئاسمانی لە سووریا راگەیاندبوو.
لای خۆیەوە یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كوژرانی 60 ئەندامی رێكخراوی داعشی لە ئۆپراسیۆنێك لە زنجیرە چیای حەمرین راگەیاند، ئەو لە بەیاننامەیەكدا روونی كردەوە، مانگی رابردوو لە ئۆپراسیۆنێك توانرا 120 تونێل و حەشارگە و ئەشكەوتی داعش بۆردمان بكرێت و 27 ئەندامی رێكخراوەكەیش كوژران.
زیاتر گوتی، ئەوكات ژمارەیەك لە چەكدارانیان لە زنجیرە چیای قەرەچووغەوە بەرەو زنجیرە چیای حەمرین هەڵاتن، هێزەكانی دژەتیرۆر رێگەی هەڵاتنیان پێ دان بۆ ئاشكرابوونی حەشارگاكانیان لەوێ، بۆیە دوای چاودێریكردنیان شوێنی حەشاردانی ئەوان درایە هێزی ئاسمانی عێراق، ئەوانیش لە 25ی ئادار ئەو شوێنانەیان بۆردمان كرد، روونی كردەوە، ئەمڕۆ 7ی نیسان دووپاتی دەكەینەوە كە لە ئەنجامی بۆردمانەكەدا 60 تیرۆریستی داعش كوژراون.