پەروێزخان.. ئەفسەرێكی دژەتیرۆری یەكێتی دوای ساختەكاری بە كەفالەت ئازاد كرا

:: PM:09:16:07/04/2021 ‌

 ئەفسەرێكی دژەتیرۆری سەر بە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بە تۆمەتی ساختەكردنی پسوولەی مەرزی پەروێزخانەوە گیرا و ئازادیش كرا، ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نزیكەی سێ مانگە بە هەمان تۆمەت لە زیندانە.
16 كەس بە تۆمەتی گەندەڵی و ساختەكردنی پسوولەی مەرزی پەروێزخان گیراون
 بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ چوارشەم لە پۆلیسی دادگای دەسپاكی گەرمیانەوە تایبەت بە "وشە"دراوە، دوای ئەوەی بەر لە دوو مانگ بە تۆمەتی ساختەكردنی پسوولە فەرمانی گرتنی بۆ دەركرا، حەیدەر عەبدورەحمان، ناسراو بە (حەیدەر زەندی)، چووە دادگا و دواتر ئازاد كرا، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، تەنیا گوتەی لێ وەرگیراوە و ئازاد كراوە .

 ئینتسار فازڵ، داواكاری گشتی گەرمیان سەرباری پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، ئازادكردنی بە كەفالەت بە واتای دانەخستنی دۆسیەكە دێت بە شێوەیەكی  یەكجاری .

شایەنی باسەكردنە تا ئێستە 16 كەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی و ساختەكردنی پسوولەی مەرزی پەروێزخان گیراون، جگە حەیدەر زەندی، پێشتر رێبین تەها، دەستبەجێ ئازاد كرا، ئەویش ئەفسەری یەكێتی بوو.

 ئەوە لەوكاتەی ماوەی سێ مانگە محەمەد وەهاب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بە هەمان تۆمەت لە زینداندایە .

پێوەست بەو بابەتەوە ساڵح میروەیس، گوتەبێژی مەكۆی كەلاری بزووتنەوەی گۆڕان،  لەبارەی دەرئەنجامی دادگایەكە و فەرمانی دادگا لەسەر ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پشكی بزووتنەوەكە،  بۆ"وشە" رای گەیاند، بە فەرمی هیچ بەوان نەدراوە وەك بزووتنەوەی گۆڕان .

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل