ئیسرائیل كۆگه‌یه‌كی چه‌ك له‌ دیمه‌شق خاپوور ده‌كات

:: AM:09:57:08/04/2021 ‌
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رای گه‌یاندووه‌، شه‌وی رابردوو فڕكه‌كانی ئیسرائیل، كۆگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی چه‌كیان له‌ ده‌وبوری دیمه‌شق وێران كردووه‌. راگه‌یاندنی رژێمی سووریایش ده‌ڵێ چوار سه‌ربازمان بریندارن.

پێگه‌ی "عه‌ره‌بیە" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م هه‌شتی نیسان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، شه‌وی رابردوو فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل، كۆگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی چه‌كیان له‌ نزیك له‌ دیمه‌شق پایه‌ته‌ختی سووریا بۆرمان كردووه‌. ئه‌و كۆگه‌یه‌ سه‌ربه‌ هێزه‌كانی ئێرانه‌ له‌و وڵاته‌.

روانگه‌كه‌ ئه‌وه‌شی گوتووه‌ كه‌ به‌رگریی ئاسمانی سووریا ویستوویه‌تی به‌رگریی بكات، به‌ڵام مووشه‌كه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ و ته‌قیونه‌ته‌وه‌.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئاژانسی "سانا"ی ره‌سمی سه‌ربه‌ رژێمی سووریا رای گه‌یاندووه‌، بۆردمانه‌كانی شه‌وی رابردوو كه‌ له‌لایه‌ك فڕۆكه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ئه‌نجام دراون، بوونه‌ته‌ هۆی برینداربوونی چوار سه‌رباز و هه‌ندێك زیانی مادیی.

ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئیسرائیل هێزه‌كانی ئێران و میلیشیاكانی له‌ سووریا كردووه‌ته‌وه‌ ئامانج و زیانی زۆری لێ داون، سێشه‌می رابردوویش كه‌شتییه‌كی ئێرانی "سافیز" له‌لایه‌ن مووشه‌كێكی ئیسرائیله‌وه‌ كرایه‌ ئامانج.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د