پارێزگاری هەولێر ڕای دەگەیەنێت، ئەو بڕیارانەی وەزارەتی ناوخۆ وەك خۆی جێبەجێ دەكرێ و بەهیواین لە مانگی رەمەزان، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا كەم ببنەوە و ژیان ئاسایی بكرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی نیسان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ وەك خۆی جێبەجێ دەكرێ، قەدەغەی هاتوچۆی سەرانسەری جێبەجێ دەكرێ و ئامانجمان لەو هەنگاوە، كەمكردنەوەی ڕێژەی تووشبوون و مردنە بە هۆی كۆرۆنا.
پارێزگاری هەولێر گوتی، جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە بۆ ئەوەیە ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا كەم بێتەوە، تا بتوانن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، هەندێك ئاسانكاریی هاتوچۆ و گەڕان بۆ هاووڵاتییان بكرێ.
باسی لەوەش كرد، نامانەوێ كاروباری هاووڵاتییان بوەستێت و ئامانج لە جێبەجێكردنی بڕیارەكان، تەنیا پاراستنی هاووڵاتییانە، بۆیە ئەوانەی پابەند نابن، سزای پێبژاردن لەگەڵ گرتن بۆ پابەندبوونی هاووڵاتییانی تێدا جێبەجێ دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، ئێوارەی ئەمڕۆ هەموو هێزە تەناهییەكان كە پێكهاتوون لە پێشمەرگە، زێرەڤانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی فریاكەوتن، پۆلیسی هاتوچۆ، سەرجەمیان لەناو شار بڵاو دەكرێنەوە.
ئەو گوتانەی پارێزگای هەولێر لە كاتێكدایە بۆ ماوەی چوار رۆژ، قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان دەرچووە و هاووڵاتییان بۆیان نییە لە سەعات هەشتی شەو تا شەشی بەیانی بێنە دەرەوە.