قەرەجەكانی كوردستان لە چالاكی و بەرزراگرتنی رۆژی جیهانییان بێبەشن

:: PM:12:31:08/04/2021 ‌
لە رۆژی جیهانیی قەرەجەكان لە هەرێمی كوردستان، هیچ چالاكییەكی كولتووری و رۆشنبیری ئەنجام نادرێت، وەك چۆن لە رابردووشدا ئەنجام نەدراوە، لە كاتێكدا بۆ قەرەجەكانی ئەوروپا رۆژێكی گرنگە چونكە شیرینی دابەش دەكرێت و خەڵكیش رێز لە كولتووریان دەگرێ. بەرپرسێكی قەرەج لە كوردستان پێی وایە هێشتا ئەوان بە چاوێكی سووك سەیر دەكرێن، دامەزراوەكانیش وەك پێكهاتەیەك گرنگییان پێ نەداون.

فاخر حازم ئیسلام بەرپرسی سەنتەری رۆشنبیری قەرەج، بۆ "وشە" روونی كردەوە، نزیكەی سێ دەیە لەمەوبەر لە ئەوروپا قەرەجەكان بە سووك سەیر دەكران، ئەمەش ئەو پێكهاتەیەی دڵگران كردبوو و هەستیان دەكرد ستەمیان لێ دەكرێت و بەرانبەریان تاوانی نەژادپەرستی دەكرێت. ئەوان لە 8/4/1992 خۆپێشاندانێكیان رێكخست و داوای مافەكانیان كرد، پێداگرییان لەوە كرد كۆتایی بەو روانگە نەژادپەرستییە بهێنرێت. 

گۆڕانكاری بە تێڕوانینی خەڵكیش هاتووە و پیرۆزبایی لە قەرەجەكان دەكرێت.


هەر ئەو رۆژە یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هاتنە سەرخەت و بڕیاریان دا رۆژەكە بكەن بە رۆژی جیهانیی قەرەج و رێز  لە كولتووری ئەو پێكهاتەیە بگرن. ئێستە ئەوان لەم رۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن و نوقڵ و شیرینی دەبەخشنەوە و چالاكی جۆراوجۆر كولتووری بەڕێوە دەبەن، گۆڕانكاری بە تێڕوانینی خەڵكیش هاتووە و پیرۆزبایی لە قەرەجەكان دەكرێت.

ئەو بەرپرسەی سەنتەری رۆشنبیری قەرەج لە كوردستان كە تاكە سەنتەری رۆشنبیرییانە، ئاماژەی دا لە هەرێمی كوردستان هێشتا ئەوان بە سووك سەیر دەكرێن و ئەگەر بە یەكێك بڵێیت ئەوڕۆ رۆژی جیهانیی قەرەجە، لەوانەیە لە جیاتی پیرۆزبایی گاڵتەی پێ بكات.

دەستكورتی سەنتەرەكە و نەبوونی پاڵپشتییەكی ئەوتۆ لەلایەن داودەزگاكانی حكوومەت لەو پێكهاتەیە، هۆكاری سەرەكییە لەوەی ئەوان نەتوانن هیچ چالاكییەكی كولتووری بەڕێوە بەرن.

خاوەنی كولتوور و هونەر و كاری دەستی تایبەت بە خۆیانن


فاخر حازم دەڵێت ئەوان خاوەنی كولتوور و هونەر و كاری دەستی تایبەت بە خۆیانن، تەنانەت هونەری زوڕنا لێدان و دهۆڵ و كەمانچە و چەندان ئامێری تری هونەری و بەرهەمهێنانی چەندان جۆر كەلوپەلی دەستی، پیشەی ئەوان بووە و ئەگەر یارمەتی بدرانایە و پاڵپشتی بكرانایە، ئەوا ئەوانیش دەیانتوانی چالاكییان هەبێت و قەرەج بە كۆمەڵگەی كوردستان زیاتر ئاشنا بكەن.

ئەو دەڵێت ژمارەی پێكهاتەی ئەوان لە توركمان و زۆر پێهكاتەی تر كەمتر نییە، بەڵام لای سەیرە سەرەڕای ئەوەی كە پێكهاتەیەكی دیاریكراون، بەڵام هیچ بایەخێكیان پێ نادرێت.

لە ساڵی 2007 سەرژمێرییەك بۆ قەرەجەكان ئەنجام درا لە پارێزگاكانی كوردستان، سەرووی 18 هەزار قەرەج هەن لە كوردستان و زۆربەشیان لە هەولێر دادەنیشن، دواتر لە دهۆك و لە پلەی سێیەمیش لە سلێمانی دادەنیشن. بە بۆچوونی فاخر حازم، ئێستە ژمارەی ئەوان زۆر زیادی كردووە و لەوانەیە لە داهاتوودا هەوڵ بدات خۆی بۆ پەرلەمانی كوردستان بپاڵێوێت، لە رێی پەرلەمان و یاساوە بەرگری لە مافی قەرەجەكان بكات.

پێویستە بگوترێ ئەو پێشتریش لە دیمانەیەكدا بۆ "وشە" گوتبووی، خەڵكێك بە ناوی ئەوان لەسەر شەقامەكان كار دەكەن یان دەستفرۆشی دەكەن، لە كاتێكدا قەرەجەكان خۆیان وازیان لەو جۆرە كارانە هێناوە و ئەگەریش لە شەقام ببینرێن، ئەوا ژمارەیان زۆر كەمە.

قەرەجیش ئێستە وەك خەڵكی ئاسایی كار و كاسبییان هەیە و سەرووی 85%ی قەرەجەكان وازیان لەو كارانە هێناوە كە پێشتر دەیانكرد


هەروەها گوتبووی قەرەجیش ئێستە وەك خەڵكی ئاسایی كار و كاسبییان هەیە و سەرووی 85%ی قەرەجەكان وازیان لەو كارانە هێناوە كە پێشتر دەیانكرد و دەرۆزەیان دەكرد. ئەوانەی هێشتا دەرۆزە دەكەن، ژمارەیان زۆر كەمە و لە رێی سەنتەرەكەوە هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی منداڵان لەسەر شەقام درێژەی هەیە.

ئەو باس لە روانگەی خراپی خەڵك دەكات كە هێشتا بە سووكی سەیر دەكرێن و تەنانەت دژایەتییان دەكرێن. لە كاتێكدا قەرەجیان هەیە پەرستارە، هەیانە پێشمەرگەیە و قۆناغی باشی خوێندنیان بڕیوە، یان پۆلیسی هاتوچۆیە و لە دامەزراوەكانی حكوومەتدا كار دەكات، بەڵام ئەوانە زۆربەیان خۆیان بە قەرەج ناناسێنن، چونكە دیدی خەڵكی بەرانبەریان خراپە و بە گەڕیدە و پیس و خراپ سەیر دەكرێن، لە كاتێكدا زۆر لەو دیدە جیاوازن.

ئەگەر پاڵپشتی کرابان دەیانتوانی زیاتر كولتووریان بە كۆمەڵگە ئاشنا بكەن و لەو روانگە خراپە كەم بكەنەوە كە بەرانبەریان هەیە.


قەرەجەكان چاوەڕوانی ئەوەیان لە حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم رێكخراو و دامەزراوەكان هەیە، هاوكارییان بكەن و ئەو پێكهاتەیە پشتگوێ نەخەن كە خەریكە بە یەكجاری بۆ ناو كۆمەڵگە دەگەڕێنەوە. بەگوتەی فاخر حازم ئەگەر هاوكاری مادی و مەعنەوی بكرانایە و مانگانە داهاتێكمان هەبوایە، بێگومان باشتر دەچوونە ناو خەڵك و لە رۆژی جیهانیی قەرەجیش دەیانتوانی كۆمەڵێك چالاكییان هەبێت، زیاتر كولتووریان بە كۆمەڵگە ئاشنا بكەن و لەو روانگە خراپە كەم بكەنەوە كە بەرانبەریان هەیە.


وشە - سلێمان تاشان