هەڵمەتەكەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە باكور و باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ بەردەوامە، لە میحوەری بەنداوی مووسڵ گوندی ناوەران و باریمە كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە و لە تلسقۆف پێشمەرگە گەمارۆی گوندی بەتنایەی داوە و لە باشیكش پێشمەرگە لە كۆنتڕۆڵ كردنەوەی چەند گوندێك نزیك بووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، ئێستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری تلسقۆف لە بەردەوامی پێشڕەوییەكانیان بۆ سەنتەری شارۆكەی تلكێف توانیویانە گەمارۆی گوندی بەتنایا، كە یەكێكە لە گوندە گەورەكانی باكوری تلكێف.
شارۆكەی تلكێف دەكەوێتە 18 كیلۆمەتر باكوری مووسڵ و زۆرینەی دانیشتووانی مەسیحی و كوردانی ئێزدی و عەرەبی سونەن، بەگوێرەی ئامارەكان پێش هاتنی داعش ژمارەی دانیشتووانی 35 هەزار كەس بووە.
بەگرتنەوەی شارۆكەی تلكێف، هێزەكانی پێشمەرگە بە تەواوی زاڵ دەبن بەسەر شارەدێی ئەلعەربی كە یەكێكە لە شارەدێكانی دەوروبەری سەنتەری شاری مووسڵ و تەنیا سێ كیلۆمەتر لە تلكێفەوە دوورە.
لەلایەكی ترەوە لە میحوەری بەنداوی مووسڵ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی ئاڵتوونی عێراق بەردەوامن لە پێشڕەوییەكانیان و توانیویانە گوندەكانی ناوەران و باریمە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
سەرچاوەیەك لە میحوەری باشیك بۆ "وشە" گوتی، پێشمەرگە لە پێشڕەوی بەهێزدایە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەمڕۆ بچنە نێو شارەدێی باشیك و لە تیرۆریستان پاكی بكەنەوە و ئێستەش چوار گوندیان گەمارۆ داوە كە دەكەونە دەوروبەری شارەدێی باشیك.
شارەدێی باشیك دەكەوێتە 12 كیلۆمەتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەپیتە و زیاتر بە چاندنی زەیتوون بەناوبانگە و زۆرینەی دانیشتووانی ئێزدی و مەسیحین و هەریەك لە عەرەب و توركمانیش تێیدا نیشتەجێن، 24 گوندی بەسەرەوەیە و ژمارەی دانیشتووانی 70 هەزار كەس دەبێ و سەر بە شارۆكەی حەمدانییە و یەكێكە لە ناوچە گرنگەكانی دەشتی نەینەوا.
هاوكات بەگوێرەی زانیارییەكان، چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەبەرامبەر پێشمەرگە توانای هیچ بەرگرییەكیان نییە و تەنیا ڕادەكەن و پلانیشیان ئەوەیە لە رێی بۆمبی چێنراو و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژەوە بەر لە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بگرن، بەڵام تیمە ئەندازەییەكانی پێشمەرگە و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان و چەكی میلان، ئەو خەونەی داعشیان لە گۆڕناوە و بە خێرایی بۆمبی چێنراوی ناوچەكان پووچەڵ دەكەنەوە و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژەكانیش لەلایەن فڕۆكەكان و چەكی میلان تێك دەشكێنرێن.
جێی باسە لە بەیانی زووەوە و بەر لە دەستپێكی جموجۆڵی پێشمەرگە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بە چڕی بۆردمانی بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستانیان لەو میحوەرانە كردووە و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە سەعات 6:00ی بەیانی تا ئێستە بەردەوامی هەیە و پێشمەرگە لە هەر سێ میحوەرەكەوە چوونەتە ناو چەندان گوندەوە.
پێشڕەوی كردنی پێشمەرگە لە باكور و باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ گورزێكی تەواو بەهێز دەبێ لە تیرۆریستانی داعش، چونكە لە رۆژانی رابردوو، پێشمەرگە لە میحوەری خازر توانیویەتی شكست بە تیرۆریستان بهێنێت، هاوكات لە باشوورەوەش هێزەكانی عێراق بەردەوامن لە پێشڕەوی، بۆیە بازنەی گەمارۆدانی مووسڵ لە باكور و باشوور و رۆژهەڵات تەسكتر دەبێتەوە.
رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.
لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.
رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و رووبەڕی 200 كیلۆمەتر دووجاش كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و دوێنێ چوارشەم شارۆكەی حەمدانیە گەمارۆدرا و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.
مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.