ڕۆژنامه‌ی "العرب" له بابه‌تێكدا ئاشكرای كردووه، كه توركمانه‌كانی كه‌ركووك به پشتیوانی توركیا خه‌ریكی ڕێكخستنه‌وه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته پێگه و شوێنی خۆیان بپارێزن و له‌سه‌ر خواستی توركیایش به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له دژی كورد له كه‌ركووك بوه‌ستنه‌وه، چونكه ئه‌نكه‌ره هه‌رگیز نایه‌وێت، نه‌وتی كه‌ركووك بكه‌وێته ده‌ست كورده‌وه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، توركیا به ئاشكرا و بێ سڵه‌مینه‌وه ده‌ستوه‌ردان له كاروباری كه‌ركووك ده‌كات و نه‌یشاردووه‌ته‌وه كه هه‌موو پشتیوانییه‌كی توركمانه‌كان ده‌كات، تا له دژی كورد له كه‌ركووك بوه‌ستنه‌وه.
له‌سه‌ر ڕاسپارده و ده‌سپێشخه‌ری توركیایش به‌ره‌ی توركمانی له كه‌ركووك، هاوپه‌یمانییه‌كی ڕاگه‌یاندووه له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی تر به ناوی "ته‌واوی حزبه به‌شداره‌كان" و به‌یه‌كه‌وه‌یش كۆبوونه‌وه‌یان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بازنه‌ی كه‌ركووك بتوانن زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنن.
به‌ره‌ی توركمانی له ساڵی 1995 دامه‌زراوه و له دوای ڕووخانی به‌عس ڕێژه‌ی سێ كورسییان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ته‌رخان كراوه، هاوكات خاوه‌نی كورسییه‌كی په‌رله‌مانیشه له په‌رله‌مانی كوردستان. له ماوه‌ی پێشوویش به فه‌رمانی توركیا حه‌سه‌ن تۆران له شوێنی ئه‌رشه‌د ساڵحی وه‌ك سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی دیاریی كرا.