بەرپرسێكی دیموكرات بە كۆرۆنا گیانی لە دەست دا

:: AM:08:55:10/04/2021 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لوقمان مێهفەر ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پاش مانگێك لە بەربەرەكانی لەگەڵ نەخۆشیی كۆرۆنا، گیانی لە دەست دا.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی نیسان، لە ڕاگەیەنراوێكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا هاتووە، ئەمڕۆ لوقمان مێهفەر ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پاش مانگێك لە بەربەرەكانی لەگەڵ نەخۆشیی كۆرۆنا، گیانی لە دەست دا.

ڕوون كراوەتەوە ئەو بەرپرسە، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد، لە دەستچوونی ئەم تێكۆشەرە تەنیا زیانێكی نوێ بۆ حزبەكەمان نەبوو، بەڵكو زامێكی تازەیە كە كەوتووەتە سەر جەستەی بزووتنەوەی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات.

لوقمان مێهفەر خورشید لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ لە دایك بووە، لە كۆنگرەكانی 9، 11 و 12دا وەك ئەندامی جێگری كۆمیتەی ناوەندی هاتووەتە هەڵبژاردن و لە كۆنگرەكانی 10، 13، 14 و 15دا وەك ئەندامی ئەسڵی كۆمیتەی ناوەندی هاتە هەڵبژاردن.




وشە - رامیار جەواد