چه‌ند شانۆكارێك باس له‌ وۆركشۆپی "ده‌نگم یاده‌وه‌ریمه‌"ی د. نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی ده‌كه‌ن

:: AM:10:36:10/04/2021 ‌
پێشتر "وشه‌" بڵاوی كرده‌وه‌، د. نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی به‌ پێشكه‌شكردنی وۆركشۆپی "ده‌نگم یاده‌وه‌ریمه‌" به‌شداریی له‌ خولی دیداری ژنانی شانۆكار به‌ ئۆنلاین ده‌كات، ئێسته‌ش شانۆكارانی به‌شدار ڕای خۆیان له‌باره‌ی وۆركشۆپه‌كه‌ باس ده‌كه‌ن.

فرمێسك مسته‌فا ئه‌كته‌ر و شانۆكاری دیاری كورد، له‌دوای بڕیاری دووباره‌ داخستنی هۆڵه‌كانی سینه‌ما و شانۆ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پابه‌ندبوون به‌ ڕێنوێنییه‌كانی ته‌ندروستی، پێشنیارێكی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی خولی دیداری ژنانی شانۆكار به‌ ئۆنلاین، چه‌ندان مامۆستای شانۆ پشتگیرییان كردووه‌.

د. نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی شانۆكار و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌ بواره‌كه‌دا به‌ وۆركشۆپی "ده‌نگم یادوه‌ریمه‌"، بووه‌ته‌ یه‌كێك‌ مامۆستا به‌شداره‌كانی خولی دیداری ژنانی شانۆكار به‌ ئۆنلاین كه‌ له‌ بیرۆكه‌ و سه‌رپه‌رشتیی فرمێسك مسته‌فا ئه‌كته‌ر و شانۆكاره‌.

پێشكه‌شكاری وۆركشۆپی "ده‌نگم یادوه‌ریمه‌"، به‌ چه‌ند خاڵ و ده‌قێك باس له‌ گرنگیی ده‌نگ و شاره‌زایی شانۆكاران له‌ به‌كارهێنانی ده‌نگ ده‌كات، ده‌ڵێت: گرنگ نییه‌ من چی ده‌ڵێم، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ من چۆن ده‌یڵێم. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كات، ده‌نگ ڕه‌گه‌زێكی بناغه‌یی كاری پێرفۆرمانسیمه‌، خۆی زیاد له‌ 25 ساڵه‌ به‌ چڕوپڕی كاری رۆژانه‌ی بۆ ده‌كات و سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ری.

له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند شانۆكارێكی به‌شدار له‌ وۆركشۆپ و دیداره‌كه‌، باس له‌ گرنگیی وۆركشۆپی "ده‌نگم یادوه‌ریمه‌" ده‌كه‌ن و ڕای خۆیان بۆ "وشه‌" ده‌دركێنن.

نه‌سرین شانۆكار ده‌ڵێ: به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌شداریم له‌م وۆركشۆپه‌ی د. نیگاردا كردووه‌، چونكه‌ دڵنیام به‌و ئه‌زموونه‌ زۆره‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، سوودم پێ ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌وه‌ی من چاوه‌ڕێی ده‌كه‌م به‌ده‌ستی ده‌هێنم؛ ڕاسته‌ من چه‌ند ساڵێكه‌ كاری هونه‌ری ده‌كه‌م، به‌ڵام مرۆڤ پێویسته‌ خۆی نوێ بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی باشتر بێت و توانا ده‌نگییه‌كانی زیاتر په‌ره‌ پێ بدات.

ده‌شڵێ: من به‌ گوێگرتن له‌ وانه‌كانی د. نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی، دڵنیام جیاوازتر ده‌بم و لێره‌وه‌ زۆر سوپاسی ده‌كه‌م.

ئاڵا كه‌ شانۆكارێكی تری به‌شدار له‌ وۆركشۆپه‌كه‌یه‌، ده‌ڵێ: من وه‌ك شانۆكار و ژنه‌ ده‌رهێنه‌رێك له‌و بواره‌دا پێویستیم به‌ زیاتر شاره‌زایی ته‌واو له‌ چۆنێتی به‌كارهێنانی ده‌نگ و له‌ره‌ و تۆنه‌كان و پاكبوونه‌وه‌ی ده‌نگ و به‌كارهێنانی له‌ زۆر شێوازی ڕیتم و میلۆدی هه‌یه‌، بۆیه‌ وۆركشۆپی ده‌نگم یاده‌وه‌ریمه‌م هه‌ڵبژارد.

ئه‌وه‌شی گوت: زیاتر له‌وه‌، ڕاهێنه‌ره‌كه‌م به‌ دڵه‌ كه‌ دكتۆر نیگاره‌، كه‌سایه‌تییه‌كی كارێزمای تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ و شاره‌زایی ته‌واوی له‌ چۆنێتی و به‌كارهێنانی ده‌نگ له‌ شانۆدا هه‌یه‌، به‌ هیوام بتوانم له‌گه‌ڵی هه‌ڵكه‌م و جێی متمانه‌ی ئه‌و بم، بڕوام به‌ خۆم و ڕاهێنه‌ره‌كه‌م هه‌یه‌ و به‌ هیوای سه‌ركه‌وتنی دیداری دووه‌می ژنانی شانۆكار.

جگه‌ له‌و شانۆكارانه‌، ئاشنا كه‌ شانۆكارێكه‌ و وه‌ك خۆی باسی ده‌كات هه‌رگیز له‌ ده‌نگی خۆی له‌كاتی شانۆدا ڕازی نه‌بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ به‌ تۆنێكی جیاواز و ئازادی ده‌نگی بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م وۆركشۆپه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌.

به‌ "وشه‌"ی گوت: له‌ قسه‌كردن و ڕاهێنانی وۆركشۆپه‌كه‌دا هه‌ست ده‌كه‌م ده‌توانم ئازایه‌تی ئه‌وه‌ وه‌ربگرم كار له‌سه‌ر ده‌نگم بكه‌م، ئۆمێدێكی زۆرم هه‌یه‌ هه‌نگاو و كاره‌كانی ئه‌مساڵی دووه‌مین دیداری ژنانی شانۆكار هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ و باشی هونه‌ری بێت كه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌م زه‌مه‌نی كه‌ره‌نتین و كۆرۆنایه‌دا ڕۆژانه‌ لایه‌نی ڕۆحیمان ئاسووده‌ بكه‌ین، چونكه‌ هونه‌ر و شانۆ ئاسووده‌یی ڕۆحن، كه‌واته‌ خۆشحاڵم كۆمه‌ڵێك ژن و كچانی گه‌نجی كورد سه‌رقاڵی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ن تا بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو به‌ شانازییه‌وه‌ بڵێین له‌ زه‌مه‌نی ڤایرۆسی كۆرۆنادا نه‌وه‌ستاین و به‌رده‌وام بووین.

سه‌رگوڵ ئه‌كته‌ر و شانۆكارێكی تری به‌شداره‌ و شایه‌تیی ئه‌زموونی د. نیگار له‌ بواری ده‌نگدا ده‌دات، ده‌ڵێ: من وه‌ك ئه‌كته‌ر و شانۆكار پێویستم به‌ په‌ره‌پێدانی زیاتر به‌ ده‌نگم هه‌یه‌، ئامانجم له‌ به‌شداریكردن له‌م وۆركشۆپه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌زموونێكی زیاتر په‌یدا بكه‌م، چونكه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاویشه‌وه‌ له‌گه‌ڵتان ئاسووده‌ بووم و هه‌ست ده‌كه‌م ورده‌ ورده‌ ئامانجه‌كه‌م ده‌پێكم.


وشە - ڕێناس شابان