شارێك دۆزرایەوە كە سێ هەزار و 400 ساڵ لەمەوبەر بنیات نراوە

:: AM:11:44:10/04/2021 ‌
شوێنەوارناسانی میسر توانیان شارێك بدۆزنەوە كە سێ هەزار و 400 ساڵ لەمەوبەر بنیات نراوە، بە پێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی ئامنحووتەبی سێیەم دەگەڕێتەوە.

شارەكە دوای هەڵكەندن و لابردنی خۆڵ بە پێی رێكاری شوێنەواری لە ژێر زەویدا دۆزراوەتەوە، شارەكە كەوتووەتە نزیك چیایەك و بە دەیان سەتە ون بووە و یەكێكە لە گەورەترین شارەكان كە لە سەردەمێكی كۆندا بنیات نراوە.

حكوومەتی میسر ناوی "شاری زێڕینی ونبوو"ی لەم شارە مێژووییە ناوە و رای گەیاندووە، گەورەترین دۆزینەوەی شوێنەواری لەو وڵاتە رووی داوە.

توانیویانە كۆمەڵێك پێداویستی ژیانی وەك گۆزە و مۆر و تەنانەت زێڕیش بدۆزنەوە.


زاهی حەواس رێبەری تیمی شوێنەوارناسی كە پایزی رابردوو لە ناوچەكە دەستی بە كنە و گەڕان كردبوو، دەڵێت دیوارەكان هێشتا وەك خۆیان ماونەتەوە و لە كاتی گەڕاندا توانیویانە كۆمەڵێك پێداویستی ژیانی وەك گۆزە و مۆر و تەنانەت زێڕیش بدۆزنەوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، شارەكە كەوتووەتە بەشی رۆژئاوای ناوچەی ئەلئەقسەر و كەوتووەتە نزیك  پەیكەرەكانی مەمنوون، پەرستگەی هاب و رامسیسی دووەم و بە گشتی لە شوێنی ژیانی فیرعەونەكانی میسر زۆر دوور نەبووە.

پیتەر لۆكاوارا بەڕێوەبەری دامەزراوەی شوێنەوارناسی و كولتووری میسر لە ئەمەریكا گوتوویەتی، لە زۆر شوێنەواری میسر كاری كردووە، بەڵام ئەوەیان زۆر تایبەتە و دەبێت بە تەواوی پارێزگاری لێ بكرێت.


وشە - سلێمان تاشان