حەوت ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پڕۆژەیەكی بودجەی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان نەكردووە و ئەمساڵ دەیەوێ پڕۆژەكە بنێرێت. تەنگژەی دارایی و كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان، یەكێك لە هۆكارەكانی نەناردنی پڕۆژەكە بووە، دوای پەسندكردنی بودجە لە بەغدا و ئاشكرابوونی پشكی هەرێم لە بودجە، پێشبینی دەكرێ حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەنگاوەكانی بۆ نووسین و ناردنی پڕۆژەكە خێراتر بكات.
پڕۆژەی بودجە هەنگاوێكی گرنگە لە ئاراستەی شەفافییەت و چۆنیەتیی خەرجكردنی داهاتەكان بۆ هەموو حكوومەتیك. حكوومەت خەرجییەكانی خۆی دەستنیشان دەكات و پلانی خەرجییەكان و سەرجەم پڕۆژەكانی بەگوێرەی داهاتەكەی دادەڕێژێت. ئەو داهاتانە لە پەرلەمان تاوتوێ دەكرێن و كاتێك پەسند دەكرێت، بە فەرمی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و خەڵك و دامەزراوەكان لە كۆی داهات و خەرجییەكان بەرچاوڕوونییان دەبێت.
ساڵانە ئەو داهاتەی دەستی حکوومەت كەوتووە بێ هیچ یاسایەکی بودجە خەرجی كردووە
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا بە بێ هیچ یاسایەكی بودجە، ساڵانە ئەو داهاتەی دەستی كەوتووە خەرجی كردووە. پێشتر یەكێك لە گرنگترین ئەو باس و خواستانەی هۆڵی پەرلەمانی پێ گەرم دەكرا، راستەوخۆش كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك و پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە هەبوو، ئەو بودجەیە بووە رەوانەی پەرلەمان كراوە و دوای ماوەی چەندان هەفتە لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی مادەكان، بە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان پەسند دەكرا و هەر خۆیشی پەرلەمان چاودێری چۆنیەتی خەرجكردنەكەی دەكرد.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرلە پەسندكردنی بودجەی عێراقیش، سووربوونی خۆی لەسەر ئەوە راگەیاندبوو بە رێككەوتن یان بە بێ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجەیان دەبێت.
باسی لەوە نەكرد چ كاتێك نووسینی پڕۆژەكە تەواو دەبێت
زاگرۆس فەتاح سەرۆكی دیوانی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" پێداگری لەوە كرد، پڕۆژەی بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكەن و وەزارەتە پێوەندیدارەكان خەریكی داڕشتن و نووسینی پڕۆژەكەن. ئەو باسی لەوە نەكرد چ كاتێك پڕۆژەكە تەواو دەبێت و رەوانە دەكرێ، بەڵام پێداگری كرد پڕۆژەیان دەبێت.
لە سەرەتای 2014دا حكوومەتی عێراق بە فەرمی بەشی بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، بەمەش هەرێمی كوردستان لە دابینكردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەران تووشی تەنگژەی دارایی بوو. دواتر سەرهەڵدانی داعش و جەنگی تیرۆر و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی سەدان هەزار ئاوارەشی پێوە زیاد بوو و هێندەی تر باری دارایی هەرێمی كوردستانیان قورس كرد.
داهاتی هەرێمی كوردستان پێشتر دیار بوو و دەزانرا چ پشكێك لە بەغداوە دێت و بڕی پارەكە چەندە، بەڵام ئەمجارە كە هی بەغدا دیار نەبوو، ئەوەی كوردستانیش ئەوەندە نەبوو بەشی سەرجەم پێداویستییەكان بكات، جگەلەمە هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دەستپێكی فرۆشتنی نەوتدا بوو و بە ناچاری ئەم رێیەی بەسەردا سەپێنرابوو، تەنانەت لە دۆزینەوەی كڕیار و ساغكردنەوەی بەرهەمەكەش كێشە و لەمپەری بۆ دروست دەكرا.
زۆربەی داهاتی هەرێم بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بووە،
لە چەند ساڵی رابردوودا كە تەنگژەی دارایی بەرۆكی هەرێمی گرتبوو، زۆربەی داهاتی هەرێم بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بووە، سەرەڕای ئەوەش نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا دابین بكات و ساڵانە بە میكانیزمی جیاواز، هەندێك جار بە پاشەكەوت و هەندێك جاریش بە لێبڕین مووچە دابەش كراوە.
زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، وەك لیژنەی دارایی لە ماوەی رابردوودا كۆبوونەوەی خۆیان هەبووە، بە نووسراویش حكوومەتیان لەوە ئاگادار كردووەتەوە كاتی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەیان بۆ ئاشكرا بكات، لەسەر شێوازی رێككەوتن لەگەڵ بەغداش داوای روونكردنەوەیان كردووە. ئەو ئاماژەی دا چەند ساڵە پڕۆژە نەهاتووەتە پەرلەمان و ئیتر هیچ بیانوویەك بۆ نەناردنی پڕۆژەی بودجە لە ئارادا نییە.
سێ مانگە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە كاتێكی دیاریكراودا بووە، سەرەڕای ئەوەی كە هێشتا لێبڕین بەردەوامە، بەڵام فەرمانبەران لە رۆژێكی دیاریكراودا مووچەیان وەرگرتووە و پێشبینی دەكرێ لێبڕینەكە كەم بكرێتەوە.
ئەوەی زۆر گرنگە بوونی شەفافییەت دەبێت لە خەرجی و داهاتەكان.
لە هەموو پڕۆژەیەكی بودجەدا خەرجییەكان بەگوێرەی داهات دابەش دەكرێن، هەندێك جار خەمڵاندنەكە راست دەرناچێت، لەوانەیە تووشی كورتهێنانی بودجە ببێتەوە، هەندێك جاریش بە پێچەوانە لەوانەیە داهاتەكە بەرز ببێتەوە، لە هەردوو حاڵەتیشدا ئەوەی زۆر گرنگە بوونی شەفافییەت دەبێت لە خەرجی و داهاتەكان.
هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی بودجە پشت بە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەبەستێت. بە پێی یاسای بودجەی عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان دیاری كراوە كە نزیكەی 13.9%ە و بە پشكە فیدراڵییەكانەوە، چاوەڕوان دەكرێ سەرووی 12 تریلیۆن دینار بە هەرێمی كوردستان بدرێت، هەرێمی كوردستانیش داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ و نیوەی داهاتی فیدراڵی رادەستی بەغدا دەكات.